شارەدێیەکی سەربە شارۆچکەی #خەبات#ە لە پارێزگای #هەولێر#ی باشووری کوردستان.[1]
$ناو$
کەورگۆسک لە بنەڕەت ناوی گوندێکە دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی زێی گەورە، سەبارەت بەناوی (کەورگۆسک) لە دوو بەش پێک ھاتووە (کەور -گۆسکە) وشەی (کەور) لە ڕووی زمانەوانی و فەرھەنگی کوردی بە واتای تاشەبەرد یان تاوێر دێت کە بەقەد شاخێک یان شوێنێکی بەرزەوەیە، وشەی (گۆسکە) بەمانا شەربە یان گۆزە دێت، بەڵام بنەچەی ناوی ئەم گوندە لە کەڤرا (تاوێر، بەرد) + گۆسک (گۆسکە) ھاتووە، لە کەندەڵانێکی نزیک ئەم گوندە گۆسکە و جەڕە و جۆرەھا کەلوپەلی لەبەرد و لە قوڕ درووستکراو بە بەردەوامی دەردەکەوێت، ناوی گوندەکەش لە ناوی ئەم تەلان یا کەندەڵانە ھاتووە، ناوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ گردێکی شوێنەواری کە ناسراوە بە (خرابەی کەورگۆسک)
$مێژوو$
گردی شوێنەواری (خرابەی کەورگۆسک) بۆ یەکەم جار لەلایەن بەڕیوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری ئێراق دوای تۆمارکردنی وەک شوێنەوار ناسیندراوە بەژمارە (336، ژ. ڕۆژنامە 2372 لە 27-05-1946)، بەپشتبەستن بەو کەلوپەل وپاشماوانەی لەسەر ڕوو ولێواری گردەکە دۆزراوەتەوە بۆ ئەو کاتە سەردەمەکەی گەڕێندراوەتەوە بۆ ماوەی فەرمانڕەوای ئاشوورییەکان، بەڵام دوای تێپەر بوونی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەم تۆمارکردنە جارێکی تر ڕووپێوی بۆ ئەو ناوچەیە کراوە لە چوارچێوەی ڕووپێوی شوێنەواری دەشتی ھەولێر، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری ھەولێر بە ھاوکاری زانکۆی (ھارڤارد)ی ئەمریکی، لە ئەنجامە سەراتاییەکاندا گەیشتوونەتە ئەوەی ئەم گردە دەگەڕێتەوە بۆ ھەزارەی چوارەمی پێش زاین و سەردەمی برۆنزی و لەگەڵ نیشینگەکانی سەردەمی ساسانی وسەرەتای سەردەمی ئیسلامی. ئەمانە دوایین زانیارین کەتا ئێستا بەدەست گەیشتبن لەسەر ناو و مێژووی کەورگۆسک، بەڵام ئەم توێژینەویە ئەوە پشت ڕاست دەکاتەوە ناوچەکە بۆ سەردەمێکی زووتر دەگەڕێتەوە ئەمەش بە ھۆی دۆزینەوەی چەندین شوێنەواری نوێ لە تەواوی سنووری کەورگۆسک، وەک گردو گۆڕستان وئاشی ئاو کۆشک نیشینگەی کۆن ئەو پێگانەی بۆ یەکەم جارە تۆمار دەکرین لێکۆڵینەوە شیکاری بۆ پاشماوە بەجێماوەکان دەکریت، بەتایبەت پارچەی گلێنەکان، وەک بەڵگە و سەرچاوەیەکی گرینگ بۆ دەستنیشان کردنی ئەو سەردەمە شارستانیانەی ناوچەکە پێدا تێپەڕیوە، دوای لێکۆڵینەوە ئەنجامەکان دەری دەخەن تەواوی سنووری کەورگۆسک چەند قۆناغیکی گرنگی پێش مێژوو و مێژووییەکان لە خۆ دەگەرێت بریتین لەھەریەک لەسەردەمەکانی (حەلەف، عوبێد، سەردەمی ئاشووری، فرثی (ئەشکانی)، ساسانی، ئیسلامی مێژووی نوێ وھاوچەرخ لەخۆ دەگرێت.
ھەموو ئەو سەردەمانە لە ئەنجامی ڕووپێوکردن و دۆزینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، بەبێ ئەوەی ھیچ کنەو پشکنینێکی زانستی بەگشتی بۆ ناوچەکەکرابێت، بۆ ئەوەی زیاتر مێژووەکەی ڕوونتربێتەوە. ھەر لەسەر بنەمای ئەو گردە شوێنەواریەی کەباسمان کرد (خرابە کەورگۆسک) بەھۆی بوونی زۆری پاشماوەی شوێنەواری پارچەی کۆزەو (کۆشکە) ناونراوە (کەورگۆسک)، بەنزیکەی (250) ساڵ پێش ئێستا ئەم گوندە ئاوەدانکراوەتەوە لەلایەن بەشێک لە ھۆزی (شێخ بزێنی، کۆچیان کردووە بۆ ئەو شوێنەو ناوچەکانی تری دەوروبەری ئەو گوندە ناوی ئەو شوێنەیان ناوە کەورگۆسک، ڕەنگە ناوی ڕاستەقینەی خۆی نەبێت، ھەروەک باسمانکرد ھیچ لێکۆڵینەوەیەکی کرداری زانستی نەکراوە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی ڕاست بۆ ناو و مێژووی ئەو ناوچەیە، دەکرێت لە داھاتوودا ئەمە ڕووبدات و ڕاستییەکان بە شێوەیەکی زانستی ئاشکرابکرێن.
ئەوەی پەیوەستبێت بە شارەدێی کەورگۆسک مێژووی درووستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشوو لە ساڵی (1987) دەست بەدرووستکردنی کراوە وەک (ئۆردوگایەکی زۆرەملێ) خەڵکی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی تێداجێگیرکراوە، لەگەڵ بەشێک لە گوندکانی دەوروبەری ئەمەش دوای تێکدانی گوندەکان. بەم بەشێوەیە تاوەکوو ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی (1991) خەڵکی کوردستان، ئەم کۆمەڵگەیە لەژێر دەستی ڕژێم ماوەتەوە پاشان لە (12-03-1991) دوای ئازادکردی شاری ھەولێر کۆمەڵگەی کەورگۆسکی ئەو کاتە ئازاکراوە.
$جوگرافیا$
شارەدێی کەورگۆسک ھاوسنوورە لەگەڵ:
لە باکوورەوە شارەدێی #دارەشەکران#.
لە باشوورەوە شارەدێی #ڕزگاری-خەبات#.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی #بەحرکە#.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی #دارەتوو#.
ژمارەی دانیشتووانی (6223) ھەزار کەسە.
$کشتووکاڵ$
بۆیە ناوچەی لێکۆڵینەوە وەک بەشێکی گرنگە لە دەشتی ھەولێر سەیر دەکرێت کە ھەر لە کۆنەوە خەڵکەکەی خەریکی پیشەی کشتوکاڵی وئاژەڵداری بوونە، ئەمەش بەبوونی لەوەڕگاو زەوی شیاو بۆ کشتوکاڵکردن، ئەویش بەھۆی تەختی زەوییەکەو جۆر وبەپیتی خاکەکەی بوونی ئاوی ڕووباری زێی گەورە، ئەمەش وای کردووە ژمارەیەکی زۆری لە ڕووبەری ئەو زەویانەی کەنزیکن لە لێواری زێی گەورە بەراووبێت کە چەند دەشتێکی بچووکی پچر پچر لەپاڵ کەناری زێی گەورە پێکھاتووە بە درێژایی سنووری شارە دێی کەورگۆسک، کە ناوچەکە بە چەمی (شێوەڕەش وکەورگۆسک وئاغولان) ناسراون، ئەمە جگە لەو زەویانەی کە پشت دەبەستن بە ئاوی باران و ئاوی بیرەکان ڕووبەری زەوی شیاو بۆ کشتوکاڵ بریتییە لە (35٬155) ھەزار دۆنم بە بەراورد بە ڕووبەری گشتی زەوی ناوچەکە کە (45٬345) ھەزار دۆنمە، بەشی زۆری زەوییەکانی بۆ کشتوکاڵ گونجاوە کەئەمانیش دابەش بوونە بە سەر زەوی چاکسازی (حکومی) و زەوی مولک. بەشێکی زۆری سایتە شوێنەوارییەکان کەوتوونەتە ناو ئەو زەوی یانەی بۆکشتوکاڵ دەشێن، بەتایبەت زەوی چاکسازی (حکومی)، ساڵانە دەکرێن بە کشتوکاڵ ئەمەش وای کردووە زۆرترین زیان بە [3]پاشماوە شوێنەوارییەکان بکەوێت تایبەت خرابەو گردەکان.
$شوێنەوار$
کەورگۆسک چەندێن ناوچەی شوێنەواری گرنگی تێدایە کە بەشێک لەو شوێنەوارانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمەکانی پێش مێژوو لەوانە خراپەی کەورگۆسک کاولە شیوەڕەش ئاغولان خرابەدراو گردە شێر.