برێت مەکگۆرگ: 40 هەزار چەکداری بیانی لە سووریا بوون
📊 ئامار و راپرسی
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ دیپلۆماتێکی رۆژئاوایی هێندەی برێت مەکگۆرک رۆڵی هەڵسوڕاندن و هەماهەنگی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی دژی
داعشداعشدا نەبینیوە. لە ماوەی سەرۆکایەتی سێ سەرۆکی ئەمریکیدا لە سێ وڵاتی جیاواز بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندئاژۆیی ئاینی کاری کردووە.
مەکگۆرک لە هەرێمی کوردستان بوو کاتێک داعش دەستی بەسەر
مووسڵمووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا گرت. ساڵی 2015 وەکوو نوێنەری تایبەتی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بۆ پۆستی نوێنەری تایبەتی سەرۆک لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەستنیشانکرا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئێستای ئەمریکاش، مەکگۆرکی لە پۆستەکەی هێشتەوە. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری (نیویۆرکەر)ی ئەمریکی باسی دوایین پێشکەوتنەکان لە شەڕی دژی داعش و ژمارەی چەکدارە کوژراوەکان و مەترسییەکانی گەڕانەوەی ئەو چەکدارانە بۆ وڵاتانی خۆیان دەکات.
40 هەزار چەکداری بیانی لە سووریا
لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای دەکات کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 40 هەزار چەکداری بیانی لە 110 وڵاتی جیهانەوە هاتوونەتە سووریا. هۆکاری قورسبوونی شەڕی مووسڵیشی لە سێ هەفتەی کۆتاییدا بۆ ئەو سەدان چەکدارە بیانییە گەڕاندەوە کە لەناو شوێنە مەدەنییەکاندا سەنگەریان لێدابوو. ستافی ئێمە لەسەر بێتەلەکان گوێیان لێ ببوو کە ئەو چەکدارانە بە چینی، رووسی، هۆڵەندی و فەرەنسی قسەیان دەکرد.
مەکگۆرک نایشارێتەوە ژمارەیەک چەکداری بیانی بەر لە گرتنەوەی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق لە مووسڵ رایانکردووە ئەمەش وایکردووە دۆخەکە زۆر قورس بێت، واتە ئەگەری هەیە لە عێراق و سووریا نەمابن، جەختی لەوەش کردەوە ئەو چەکدارە بیانیانەی لە عێراق و سووریا ماونەتەوە هەر لە عێراق و سووریا دەکوژرێن. ئۆپەراسیۆنی مووسڵ تەواو بووە، رەققەش گەمارۆ دراوە.
یەکێک لەو پرسیارانەی مێشکی بەشێکی زۆر لە بەرپرسان و شارەزایانی ئەمنیی داگیرکردووە، ئەوەیە کە داعش چەند چەکداری بەدەستەوە ماوە، مەکگۆرک لەوبارەیەوە بە گۆڤارە ئەمریکییەکەی گوت شارەزایانی ئێمە مەزندە دەکەن کادرە چالاکەکانی داعش بۆ 12 هەزار چەکدار دابەزیبێت بە چەکداری لۆکاڵی و بیانییەوە.
ماوەی دوو مانگە قۆناغی پێنجەم و کۆتایی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە دەستیپێکردووە، مەکگۆرک ستایشی ئازایەتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی کرد کە دەچنە نێو باڵەخانە بەرزەکان و ژوور بە ژوور و نهۆم بە نهۆم بەدوای چەکدارانی داعشدا دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ریشەکێشیان بکەن.
رۆڵی داهاتووی ئەمریکا لە عێراق
مەکگۆرک لە دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە لەگەڵ رووداو و گۆڕانکارییەکانی عێراقدا ژیاوە. جۆرج بوشی کوڕ لە کتێبی (خاڵەکانی بڕیاردان) دەڵێت مەکگۆرک دەستی هەبووە لە داڕشتنی سیاسەتی نوێی ئەمریکا بۆ عێراق و شەڕی گروپە توندڕەوەکان لەو وڵاتەدا. ئەو ستراتیژە نوێیە کە بە ستراتیژی لێدان ناوی دەرکردووە، لە ساڵی 2007ەوە پەیڕەو کرا. ئەو لە نزیکەوە ئاگاداری داڕشتنی دەستووری نوێی عێراق بووە و لە رێککەوتنە ئەمنییە ستراتیژییەکەی ئەمریکا و عێراقدا دانوستانکاری باڵای ئەمریکا بووە.
مەکگۆرک پێیوانییە کاری ئەمریکا لە عێراق تەواو بووبێت، بۆیەش دەڵێت: ئێمە خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ حکومەتی عێراق، تاوەکو بزانین رۆڵی داهاتوومان لە راهێنان و پێدانی راوێژی سەربازی چی دەبێت. مەکگۆرک نایشارێتەوە کە حکومەتی ئەمریکا حەز دەکات گوشارەکان لەسەر داعش بەردەوام بن بۆ ئەوەی نەتوانن سەرهەڵدەنەوە.
بە گوتەی مەکگۆرک، لە سەرەتای هەڵمەتی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە هەتا ئێستا 60 هەزار کلیۆمەتر چوارگۆشە رزگارکراوە کە پێنج ملیۆن کەسی تێدا دەژیا. نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا پێشبینی کرد داعش لە شێوەی شانەی بچووکدا بمێنێتەوە، بەڵام بە دووری دەزانێت هیچکات توانای ئەوەی هەبێت ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکات کە لە 2014 کۆنترۆڵی کرد.
لە حەشدی شەعبی رازییە
لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی مووسڵدا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە حەشدی شەعبی نایەنە نێو مووسڵ. بەڵام وەکوو لە راپۆرتەکاندا دەردەکەوێت حەشدی شەعبی لەناو مووسڵە. مەکگۆرک بە پێچەوانەی فەرماندە و بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا هەوڵدەدات لە قەبارەی مەترسییەکانی حەشد لە مووسڵ کەم بکاتەوە، بە بۆچوونی مەکگۆرک 80%ی حەشد بە فتوای ئایەتوڵڵا سیستانی (مەرجەعی شیعەکانی عێراق) کۆبوونەتەوە و خاوەن دیسیپلینن و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدان.
دەشڵێت، بەوپێیەی سوپای عێراق دەبووایە رووماڵی ناوچەیەکی زۆری جوگرافی بکات، بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی ئاسایی بوو ئەمە کێشەیەکە کە حکومەتی عێراق خۆی دەبێت شانی بداتە بەر، رەتیشی دەکاتەوە ئێران بە تەواوەتی دەستی بەسەر عێراقدا گرتبێ، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کۆنتڕۆڵ و کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر عێراق هەیە.
سەبارەت بە ئیدارەی داهاتووی رەققە، مەکگۆرک گوتی رەققە لە مووسڵ ئاڵۆزترە، بەڵام ئێستا لە عەین عیسا لەگەڵ ئەنجوومەنی مەدەنی رەققە کار دەکەین. ئەو ئەنجوومەنە بڕیاریان داوە هەتا ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنێک لە رەققە رێکبخەن، پرۆسەکەش زۆر بە باشی رێکخراوە. نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە خەڵکی ناوچەکە نایانەوێت هەتا یەکلابوونەوەی شەڕی نێوخۆ، حکومەتی سووریا بگەڕێتەوە. ئەگەریش حکومەتی سووریا بەنیازی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچەیە بێت خەڵک بەرگری دەکەن.
19 هەزار کەس دەیانەوێ ببنە داعش
سەبارەت بە لایەنگرانی داعش و ئەوانەی هەوڵی هاتنە نێو داعشیان داوە، مەکگۆرک گوتی ئێمە ئێستا داتابەیسێکمان دروستکردووە، 19 هەزار ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە هەوڵیان داوە وەکوو چەکداری بیانی روو لە داعش بکەن یان لایەنگری داعشن. ئەم زانیارییەمان رادەستی ئەو وڵاتانە کردووە کە ئەو خەڵکانەیان تێدان و ئەوانیش زانیارییەکانیان رادەستی ئینتەرپۆڵ کردووە. خاڵی جێی نیگەرانیش ئەوەیە زۆرینەی ئەو 19 هەزار لایەنگرە بیانییانەی داعش هەتا ئێستا زیندوون.
03-08-2017