چیرۆکی ئەو گەنجەی لەلایەن حەشدی شەعبی لە خورماتوو رفێنرا
📖 کورتەباس
کەسوکاری ئەو گەنجە کوردەی پێش 10 رۆژ لە خورماتوو رفێندرا، حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکەن بە رفاندنی کوڕەکەیان و دەڵێن لەلایەن چەکدارانی ئەو هێزەوە بریندار کراوە، رفێندراوە و لەبەرامبەر ئازادکردنیشی داوای پارەیان لێدەکەن.
ماوەی 10 رۆژە کوڕێکی کورد بەناوی باخەوان عەزیز، تەمەنی 23 ساڵ لەلایەن چەند چەکدارێکەوە رفێنراوە و، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر، رادەستی پۆلیس کراوە. کەسوکارەکەی زانیویانە حەشدی شەعبی رفاندوویەتی و ماددەی چواری تیرۆریان داوەتە پاڵ.
بەپێی ئه و وێنانەی بۆ دایکیان ناردووە باخەوان لە دەست و پێ کەوتووە و تەندروستی ناجێگیرە، لە بەرامبەر ئازادکردنیشی و داننان بە هەڵەکەی خۆیان، حەشدی شەعبی داوای پارە لە خانەوادەکەی دەکات.
بەفراو رۆستەم، دایکی باخەوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند کوڕەکەم گوتی بە رێگادا دەرۆیشتم کاتێک دوو ئۆتۆمبێل پێشیان لێگرتم، دواتر دوو گوللەیان لە پێیەکانی داوە، ئێستاش داوای پارەم لێدەکەن. من، پارە لە کوێ بهێنم و بیدەمە دەست حەشدی شەعبی؟ داوا دەکەم رزگاری بکەن و نەشتەرگەری بۆ پێیەکانی بکەن. من ئه و کەسانە رادەستی خوا دەکەم.
ئەگەرچی ماوەیەکە دۆخی ئەمنی خورماتوو جێگیرە، بەڵام حاڵەتەکانی رفاندن لە زیادبووندان، ئیداری خورماتووش زانیاری لەسەر باندەکانی رفاندن هەیە، بەڵام توانای لێپێچینەوە و بنبڕکردنی نییە.
شەلال عەبدول، قایمقامی خورماتوو لەبارەی رفاندن لە خورماتوو دەڵێ ئەوانەی ئەمکارە دەکەن، چەند لایەنێکی دیارن کە دەستیان لە رفاندنی خەڵکدا هەیە، ئەوان چەند بەشێکی حەشدی شەعبین. من، پێموایە کاتێک بێ پارە دەبن، دەست دەدەنە رفاندنی خەڵک و دواتر بە پارە ئازادیان دەکەن.
حەشدی شەعبی زۆرترین سەرایە و هێزی لە خورماتوو هەیە، رەتیدەکاتەوە دەستی لە رفاندنی خەڵکدا هەبێت و کەسیان ئەشکەنجە دابێت. عەلی حوسێنی، گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەڵێ ئێمە وەکو حەشد، لەبەردەم خودا و یاسا خۆمان بێبەری دەکەین له و چەکدارانەی ئەو کارانە دەکەن. کاری حەشد لەناوبردنی داعشە، نەک رفاندنی خەڵک، بۆیە ئەوە کاری ئێمە نییە و تۆمەتە دەخرێتە پاڵمان، هەر کەسێکیش بەڵگەی هەیه، با پێمان بدات تاوەکو سزای ئه و کەسانە بدەین.
لەماوەی سێ مانگدا لە خورماتوو، 33 حاڵەتی رفاندن روویانداوە، کە شەشیان بێ سۆراخن و، ئەوانەی دیکەش بەپارە ئازادکراون، بەگوتەی ئاسایشی خورماتووش، بەشێک لە رفێنراوەکان بەناوی هێزی ئەمنییەوە بردراون.