عەشیرەتی مەموند یان (مەموندی)، یەکێک لە عەشیرەتە دێرینەکانی کوردستانە، سەرجەلەیان بۆ میرەکانی دەوڵەتی مەروانی دەگەڕێتەوە، لەو بارەیەوە ڕێکار ئەحمەد کتێبێکی بەناوی (مەموندی و بۆچوونەکانی سەبارەت بە پەیدابوونی) نووسیوەو ساڵی 2011 لە باشووری کوردستان چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لەم کتێبەدا بەوردی ئاماژە بە بنچینەو تیرەکانی عەشیرەتی مەموندی دراوە تیرەکانی عەشیرەتی مەموندی بریتین لە:
1/ مەموندە ڕەشکە
2/گەنجانی
3/کەور زەرد
4/قورەیشی
5/قڕان
6/شێخ مەموندی
7/مامڕەشان
8/هیزانی
9/مەلازادە
10/دزگر
11/مەمانی
12/نانبدەر
13/پیرخدری
14/مام غەزایی
جێی ئاماژەیە کە عەشیرەتی مەموندی سەرەتا لە نێو قەڵای هەولێرو گوندی کورتەکی نزیک هەولێر نیشتەجێبوون، دواتر کە زۆربوون و فراوانتربوون بەرەو گوندەکانی دەشتی هەولێر ڕۆیشتن کە ئەوکات چۆلەوانی بوو، تێیدا جێواربوون، بەڵام هەندێک لە بنەماڵەکان کە خەریکی ئاژەڵداری بوون، بۆ لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانیان هاوینان ڕوویان لە باکووری هەولێر دەکرد و بەرەو چیای سپیلک دەڕۆیشتن، سەرەنجام هەندێکیان لە گوندی شێخ مەموندیان کە دەکەوێتە نزیک هەریر جێواربوون.
دەکرێ بگوترێ کە بنەماڵەکانی عەشیرەتی مەموندی لە هەرگوندەکانی چوار دەورەی شاری هەولێر جێوارن.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 4,952 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!