#ڕووداو# -#زاخۆ#
کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی لینا وەلید عەباس لە شاری زاخۆ ونبووە، هەرچەندە #پۆلیسی زاخۆ# دەڵێت هیچ سکاڵایەک لەبارەی ونبوونی کچەکە تۆمارنەکراوە، بەڵام دوو گومانلێکرا و لەسەر کەیسەکە دەستگیر کراون.
وەلید عەباس، باوکی لینا بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی هەینی #02-06-2017#ەوە کچەکەیان ونبووە. لینا قوتابی بووە و لە قۆناغی ئامادەیی خوێندوویەتی. وەلید دەڵێت پۆلیسی زاخۆیان لە ڕووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ پەیامێکی دڵخۆشکەریان پێنەگەیشتووە.
ڕووداو پەیوەندی بە #بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی# زاخۆوە کرد، بەڵام سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕەتیکردەوە باوکی لینا لای ئەوان سکاڵای تۆمارکردبێت، بەڵکوو تەنیا ئاگاداری کردوونەتەوە، ئەوانیش سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە.
شڤان عوسمان، ئەفسەر لە #نووسینگەی نەهێشتنی تووندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان# لە زاخۆ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممە #04-06-2017#ەوە کەسوکاری لینا لای ئەوان سکاڵایان تۆمارکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تاوانەکە زۆر شاراوەیە، ڕەنگە سکاڵاکە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان لە زاخۆ بگوازنەوە.
ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان و مەڵبەندەکانی حەواندنەوەی ئافرەتانیان لە #دهۆک# و #هەولێر# و ئاگادارکردوونەتەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان لە ڕووداوەکە دەستنەکەوتووە.
لەبارەی دەستگیرکردنی دوو کەسەکەش شڤان عوسمان وتی: ئەوان تەنیا گومانلێکراون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە دەستگیر کراون، دوای لێکۆڵینەوەی زیاتر و بەدواداچوون بڕیار لەسەر چارەنووسیان دەدرێت.[1]