#ڕووداو#- #بنگرد#
بەدوای پەیوەندی تەلەفۆنیی براکەیدا ڕۆیشت بۆ ئەوەی فریای بکەوێ و لە مردن ڕزگاری بکات، براکەی ڕزگاری بوو، بەڵام ئەو کەوتە تەڵەی مەرگەوە. ڕێبوار بە 13 چەقۆ لەسەر کێشەی یەک مەتر زەوی کوژرا.
ڕۆژی هەینی 19-05-2017 لە گوندی چنارەی سەربە شارەدێی بنگردی شارۆچکەی #دووکان#، لەسەر چەند مەترێک ڕەز و باخ کێشە دەکەوێتە نێوان دوو بنەماڵە و بەشەڕدێن، لە ئەنجامی شەڕەکەدا چوار کەس بریندار دەبن، هەر هەمان ڕۆژ یەکێک لە بریندارەکان بەناوی #ڕێبوار عەزیز عەلی#، تەمەن 26 ساڵ کە مامۆستا بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەی مرد.
یاسین عەزیز عەلی، برای مامۆستا ڕێبوار کە تاکە پیاوی خێزانەکەیەتی لەو شەڕەدا چەقۆی بەرنەکەوتبێ، دەڵێت سەرەتا کێشەکە لەنێوان ئەبوبەکری برای و خێزانێکی گوندەکە بووە، کێشەکەش لەسەر سنووری زەوی نێوانیان بووە، لایەنی بەرانبەر دەستکاریی سنووری موڵکەکەیان کردووە و مەترێک لە زەوی براکەی ئەویان خستووەتە سەر زەوی خۆیان، بۆیە لەگەڵ ئەبوبەکر بووەتە کێشەیان.
یاسین وتی ئەوان بە شەش کەس لە ئەبوبەکریان دابوو، ئەویش تەلەفۆنی بۆ ئێمە کرد بۆ ئەوەی بە هانایەوە بچین، باوکم و براکانم بە هانایەوە چووبوون، مامۆستا ڕێبوار یەکەم کەس بوو گەیشتبووە لایان، یەکسەر بەر چەقۆیان دابوو، نیوەی ملیان بڕیبوو، نەوێرام سەیری تەرمەکەی بکەم.
بە وتەی یاسین، ئەو بنەماڵەیە ئەوە یەکەمجار نییە کێشەیان بۆ درووست دەکەن، بەڵام ئەوان هەموو جارێک بێدەنگییان هەڵبژاردووە. یاسین وتی ئەوان لە گوند تەنیا شەڕیان بە ئێمە نەفرۆشتووە، شەڕیان بە خەڵکی دیکەش دەفرۆشت، جارێکیان وەکوو ئیهانەکردنێک زۆربەی دارەکانی ڕەزی براکەمیان بڕی.
یاسین پێیوایە ئەوان کارەکەیان بە پلان کردووە و دەڵێت ئەوان جگە لە کوڕێکیان، هەموویان لە ڕانییە دادەنیشن، ئەو ڕۆژە هەر هەموویان هاتبوونەوە گوند، بەوەدا دەردەکەوێ پلانیان هەبووبێ بۆ دەستکارێکردنی سنووری موڵکەکانی گوند.
ئەنجوومەنی گوندەکە پێیوایە بنەماڵەکەی دیکە دەستپێشخەر بوون، بۆیە دەڵێت ڕێگە نادەن بگەڕێنەوە گوندەکە.
حەسەن ئیسماعیل کە ئەنجوومەنی گوندی چنارنەیە، بە (ڕووداو)ی وت ئەو ڕۆژە کە شەڕەکە ڕوویدا، مەلای مزگەوت کەوتە نێوانیان و کۆتایی بە کێشەکە هێنا، بەڵام زۆری نەبرد دیسان بەشەڕهاتنەوە و ئەمجارەیان بەداخەوە خوێن ڕژا.
حەسەن ئەو بنەماڵەیەی تاوانەکەیان کردووە بە بنەماڵەیەکی سەربە کێشە وەسفکرد و وتی ئەگەر ئەو کێشەیەش کۆتایی بێت، ڕێگە نادەین بگەڕێنەوە ئاواییەکەمان، چونکە دڵنیاین ئەگەر بگەڕێنەوە کێشەی دیکە درووست دەکەن.
محەمەد عەلی، مامی ڕێبوار دەڵێت لەگەڵ بنەماڵەی بەرانبەر خزمایەتییان هەیە و ژن و ژنخوازی لەنێوانیاندا هەیە، کچێکی بەوان داوە، بۆیە تاوەکوو بۆیان بکرێ بیر لە تۆڵەکردن ناکەنەوە. محەمەد عەلی وتی کێشەکەمان دەدەینە دەست یاسا، چاوەڕێین بکوژانی برازاکەم دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن. پێموابێ یاسا ئەوەندە زەلیل نییە کە نەتوانێ ئەو تاوانبارانە سزا بدات.
بە وتەی پۆلیس، مامۆستا ڕێبوار بە 13 چەقۆ کوژراوە و کەسوکارەکەشی سکاڵایان لەسەر شەش کەس تۆمار کردووە، بەڵام تۆمەتبارەکان هەڵاتوون و تاوەکوو ئێستا دەستگیرنەکراون.
ڕائید سەردار کوێخا پیرۆت، لێپرسراوی بنکەی پۆلیسی شارەدێی بنگرد بە (ڕووداو)ی گوت: کێشەی نێوان ئەو دوو خێزانە لەسەر زەویوزار بووە. ئەوان بە شەش کەس لە ئەبوبەکر دەدەن، ئەویش تەلەفۆن بۆ کەسوکارەکەی دەکات بۆ ئەوەی فریای بکەون، سەرەتا برایەکی بەناوی مامۆستا ڕێبوار دەگاتە لای، بە چەقۆ دەکەونە گیانی ئەویش، 13 چەقۆی لێدەدەن و ملیشی لەلای ڕاست دەبڕن، زۆری نەمابوو سەری لە جەستەی جیابکەنەوە، دواتر باوک و برایەکی دیکەشی بەهانایانەوە دەچن، ئەوانیش بە چەقۆ بریندار دەکەن.
تەرمی ڕێبوار لە پزیشکی دادوەری نەخۆشخانەی گشتی ڕانییە توێکاری بۆ کرا، دوو براکەشی بەهۆی سەختیی برینەکەیان بەڕێکراون بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی #سلێمانی#، بەڵام باوکیان کە برینەکەی لەوان سووکترە، لە نەخۆشخانەی ڕانییە لەژێر چاودێریی پزیشکدایە.
بەرپرسەکەی پۆلیس دەڵێت گومانمان هەبوو ئەوان هەر بەوەندە وازنەهێنن و بچنە گیانی بریندارەکان، بۆیە لە نەخۆشخانە پاسەوانمان بۆ بریندارەکان داناوە.
سەبارەت بە چارەنووسی تۆمەتبارەکانیش، ڕائید سەردار وتی بنەماڵەی قوربانییەکە سکاڵایان لەسەر شەش کەس تۆمار کردووە، هەموویان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی ئێراقی بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خۆیان حەشارداوە و شوێنیان دیار نییە، تاوەکوو ئێستا دەستگیر نەکراون.
(ڕووداو) هەوڵی دا قسە لەگەڵ تۆمەتبارەکان بکات، بەڵام شوێنیان دیار نەبوو، مۆبایلەکانیشیان داخستبوو.[1]