یەکێکە شارەدێیەکانی پارێزگای #هەولێر#، سەربە شارۆچکەی #کۆیە#یە، دەکەوێتە 75 کیلۆمەتر لە باشووری خۆرھەڵاتی شاری ھەولێر و بەدووری 60 کیلۆمەتر لە باشووری خۆراوای شارۆچکەی کۆیە، دەڕوانێت بەسەر زێی بچووکدا، لەنێوان شارەدێیەکانی #تەقتەق# و #پردێ#دایە، سەرەتای درووست بوونی سێگردکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی (1790-1800).
$ناو$
ناوی شارەدێی سێگردکان لەوەوە ھاتووە کە سێ گرد دەکەوێتە ناو سنووری شارەوانی شارەدێیەکە، ئەوانیش گردەکانی ({span style="color:green;"}خدریزندە، میرسێودین و ھەوارتاعون{/span})، بۆیە ناوی سێگردکان وەرگیراوە لەو سێ گردەوە.
$سەردەمی شۆڕش$
ساڵانی هەشتاکان مەڵبەندی شۆڕش و لانەی پێشمەرگە بووە و ناوەندێکی ڕۆشنبیری بووە بۆ ناوچەکە، ژمارەی دانیشتووانی شارەدێی سێگردکان لە ساڵی 1986 نزیکەی (2500) کەس بووە و نزیکەی (450) خێزانی تێدا نیشتەجێ بووە، لە ساڵی 1958دا قوتابخانەی لێ کراوەتەوە و تا پۆلی سێی ناوەندی ھەبووە. لە ساڵانی ھەشتاکاندا توانیویانە بەکاری ھەرەوەزی تەواوی ئاوەڕۆی ماڵەکان کۆنکرێت بکەن. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس لە ساڵەکانی 1986 و 1988 دوو جار ڕوخێنراوە.
$مێژوو$
ساڵی 2005 و لە ڕێکەوتی 28ی نیسان بڕیاری درووستکردنی کردنی سێگردکان درا و لە ڕێکەوتی 11-09-2005 یەکەم بەڕێوەبەری شارەدێ دەست بەکار بوو، کە ئەویش عومەر ئەحمەد محەمەد بوو، کە دەرچووی کۆلێجی یاسا و ڕامیاری بەشی یاسایە لە ساڵی 1996. لە 9ی شوباتی ساڵی 2013 دەستی لە کار ھەڵگرت. دووەم بەڕێوەبەری شارەدێکە فاتیح حسێنە، لە ڕێکەوتی 10ی شوباتی ساڵی 2013 دەست بەکاربووە، سێیەم بەڕێوەبەری شارەدێیەکە بەکر فەیسەڵ تاڵەبانییە.
ژمارەی گوندەکانی ئەم شارەدێیە لە 10 گوند پێکھاتووە کە بریتین لە گوندەکانی: (ئۆمەرگومبەت، سێکانی، قەمبەر، تازەدێی گەورە، ئاوماڵ، سارتک، نێڵەگین، کانی سلێمانە، بەردەسپی و جلبەسەر، کەتەواوی گوندەکان ئاوەدانن جگە لە گوندی کانی سلێمانە.)
$هەڵکەوتەی جوگرافی$
سێگردکان 362 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، دەکەوێتە نێوان ھێڵی پانی 35٬52 بۆ 35٬87ی باکووری گۆی زەوی، لەنێوان ھێڵی درێژی 44٬52 بۆ44٬44 پلەی ڕۆژھەڵاتی گۆی زەویدایە. ڕووبەری زەوی و زاری سنووری سێگردکان 12,100 دۆنمە، ڕووبەری شیاوی بۆ چاندن 2591 دۆنمە, 7000 دۆنمی پاوان و لەوەڕگایە، ڕووبەری بەراوی 2348 دۆنمە و ڕووبەری پشتاوی 2816 دۆنمە.
$ئابووری$
سنووری شارەدێی سێگردکان سنوورێکی کشتوکاڵییە و دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی زێی بچووک. ڕووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵی بەپیتی هەیە، خەڵکەکەی ژیانیان لەسەر کشتوکاڵ و ئاژەڵداریە، لە ئێستادا ھەرچەندە گرنگیدان بەئاژەڵداری لاوازبووە بەڵام خەڵکەکەی دەستیان داوەتە بەخێوکردنی ماسی.
$لە گرنگترین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان$
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی مەڵبەندی شارەدێ
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکانی (ئۆمەرگومبەت، سێکانی، قەمبەر، تازەدێ، ئاوماڵ)
گەیاندنی کارەبای نیشتمانی بۆ سەنتەری شارەدێ و تەواوی گوندەکانی
پڕۆژەی ئاودێری لە گوندی ئاوماڵ
درووستکردنی ئاوەڕۆ و کۆنکرێت و شۆستە
درووستکردنی باخچەیەک بەڕووبەری چوار دۆنم لە مەڵبەندی شارەدێ
درووستکردنی ڕێگای سەرەکی و قیرتاوکردنی لە تەق تەقەوە بۆ سێگردکان
درووستکردنی یاریگای تارتان
لەگەڵ چەندین خزمەتگوزاری تری جواروجۆر.
$لیستی ناوی فەرمانگەکانی سێگردکان$
بەڕێوەبەرایەتی شارەدێ
بنکەی پۆلیس
بنکەی بەرگری شارستانی
بنکەی پۆلیسی هاتوچۆ
نووسینگەی زانیاری
فەرمانگەی دادنووس
فەرمانگەی دارایی
فەرمانگەی باری شارستانی
فەرمانگەی ئاو
هۆبەی کشتوکاڵ
بنکەی ڤێتەرنەری
سەرۆکایەتی شارەوانی
بنکەی پۆلیسی دارستان
بنکەی ئاساییش
بازگەی ئاساییش
بنکەی چاکردنەوەی کارەبای سێگردکان.[1]
#یەکەیەکی کارگێڕییە$
یەکەیەکی کارگێڕییە، لە ساڵی (2005)ەوە بە بڕیارێکی سیاسی دروستکراوە، وەک بەڕێوبەرایەتی ناحیە سەر بە قەزای کۆیەیە، جگە لە ناوەندی سێگردکان (9) گوندی ڕۆژئاوای ناحییەی تەقتەقی خراوەتە سەر، ئەوانیش بریتین لە: گوندەکانی (ئۆمەرگومبەت، سێکانی، تازەدێ، ئاوماڵ، سارتک، قەمبەر، بەردەسپی، کانی سلێمانە، جلبەسەر).
تێکڕای ڕووبەری ناحییەکە (198) کیلۆمەتر و (998) مەتر چوارگۆشە دەبێت، لە نێوان گوندەکانی سنووری ناحییەکەدا گوندی (ئۆمەرگومبەت) گەورەترین ڕووبەری هەیە، کە نزیکەی (50) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بچوکترین گوندیش بریتییە لە گوندی (تازەدێ)، کە نزیکەی (7) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
بە دووری (30) کیلۆمەتر دەکەوێتە ئەوپەڕی باشوری خۆرئاوای قەزای کۆیە، هەروەها بە دووری (56) کیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی هەولێر هەڵکەوتووە، دەورە دراوە بە یەکە کارگێڕێێەکانی (تەقتەق) لە خۆرهەڵاتی و (شۆڕش) لە باکور و (قوشتەپە) لە خۆرئاوا و (شوان) لە باشور.
دووری لە ناوەندی یەکە کارگێڕێیەکانەوە (سێگردکان-تەقتەق= 19 کم، سێگردکان-شۆڕش= 30کم، سێگردکان-قوشتەپە= 45کم).
لە ڕووی شوێنی فەلەکییەوە کەوتۆتە نێوان هێڵێ درێژی (44،17-44،48)ی خۆرهەڵات، وە بازنەکانی پانی (35،50-35،95)ی نیوەگۆی باکوری زەوی.
پێکهاتەی ڕووی زەوییەکەی زورگانە و بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریاوە بە هێڵێ کەنتۆری (300-500) مەتر دەبێت.
دیارترین دیاردە سروشتییەکانی سنوری ناحییەکە بریتین لە: ڕووبارۆچکەی وەرزی بەستی شەرغە لە جۆرئاوا و ڕووبارۆچکەی کۆیە و داربەسەر لە خۆرهەڵات و ڕووباری زێی بچووک لە باشور.
تێکڕای باران بارینی ساڵانەی لە نێوان (200-500) ملیمەتر دەبێت و کەوتۆتە ناوچەی بارانی نامسۆگەر.
لە ڕووی ڕووەکی خۆرسکەوە هەژارە و هەندێک دەوەن و گژوگیای لێدەڕوێت، کە بۆ ئاژەڵداری و بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات گونجاوە، جگە لە هەندێک ڕووەکی وەکو (زەل، قامیش، دارەبی، پەرک و گەز) لە چەمەکانی نزیک کەناری زێی بچووک، ئەمە جگە لەوەی سامانی ئاژەڵی کێویش لە سنوورەکە کەمە و لێرە و لەوێ تاک و تەرا (ڕێوی و کەروێشک و گورگ) دەبینرێن، جگە لە ئاژەڵی (بەراز)، کە لە چۆمەکاندا بە تایبەت نزیک کەناراوی زێی بچوک، کە هەندێک ساڵ ژمارەی ڕەوە بەرازەکان زۆر دەبن و زیان بە بەروبومە کشتوکاڵییەکان دەگەیەنن، هەروەها یەکێک لە پێکهاتەکانی ڕووی زەوی ناحییەکە لە سێگردکانەوە بۆ (تازەدێ و ئاوماڵ و سارتک) پێدەشتی (زێکردە)، کە بە هەزاران دۆنمی بەراوی دروستکردووە و جوتیارانی ناوچەکە بەروبومی کشتوکاڵی هاوینە و زستانەی لێ بەرهەم دێنن.
$دانیشتوانی شارەدێی سێگردکان#
ئاماری فەرمی و دروست بەشێوەیەکی گشتی لە عێراق کەم بەدەست دەکەوێت، بۆ باحیەیەکی وەکو سێگردکانیش هەڵبەتە ڕاستە، بەڵام ئەو داتا و ژمارانەی لەسەر دانیشتوانی سێگردکان لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکەوە دەستکەوتوون ئەگەر لە کەم و کوڕی بەدووربونایە کەم نین.
لە مایسی ساڵی (2001)دا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم بە هاوکاری ڕێکخراوی یونسێف ئامارێکییان ئەنجامداوە کە تا ڕادەییەکی باش ئامارەکە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە دروستە و ئەو کات ناوەندی سێگردکان، کە گوند بووە (1218) کەسی تێدا نیشتەجێبووە.
لە ساڵی (2006) ساڵێک دوای ئەوەی سێگردکان بوو بە ناحیە، ژمارەی خێزانەکانی سنوری ناحییەکە و گوندەکانی (577) خێزان بووە، هەروەها ناوەندی ناحیەکەش (175) خێزانی تێدا نیشتەجێبووە.
لە ساڵی (2007) تێکڕای دانیشتوانی ناحیەکە (3362) کەس بووە، سەنتەری سێگردکان (995) کەس بووە و گوندەکانی (2368)کەس بووە، واتە سەنتەری سێگردکان سەرەڕای بوون بە ناحییە بە بەراورد بە ساڵی (2001) ژمارەی دانیشتوانەکەی (223) کەس کەمیکردووە، ئەمەش بە هۆکاری جۆراوجۆر بە تایبەت فەرامۆشکردنی کەرتی کشتوکاڵ و کەمی خزمەتگوزاری و بایەخدان بە وەزیفەی فەرمانبەرایەتی لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شار و شارۆچکەکانی تر.
لە ساڵی (2009) ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە (3122) کەس بووە، سەنتەری ناحیەکە (1145) کەس و گوندەکانی بە نێرەگینیشەوە (1977) کەس بوون، هەروەها سەنتەری ناحییە پێکهاتووە لە (251) خێزان و گوندەکانیش پێکهاتوون لە (300) خێزانی نیشتەجێی گوندەکانی سنووری ناوچەکە، واتە تێکڕای ناحیەکە لەم ساڵەدا (551) خێزان بوون، بە بەراورد بە ساڵی (2006) ژمارەی خێزانەکانی ناحیەکە لە (577) خێزانەوە بووە بە (551) خێزان، ئەمەش واتە (26) خێزان کەمیکردووە دوای سێ ساڵ.
لە ساڵی (2013) لە ئامارێکی ئامادەکراو لە لایەن بەڕێوبەرایەتی ناحییەی سێگردکانەوە، ژمارەی دانیشتوانی ناحیەکە (3160) کەسە، لەم ژمارەیەش (1124)کەس لە سەنتەری ناحیەکەدان و (2036)کەسیش لە گوندەکان نیشتەجێبوون. [2]
ئەم بابەتە 4,916 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!