#کانی لەلە#، گوندێکە بەدووری 9کيلۆمەتر لە ڕۆژاوای ناحيەی #تەقتەق#ی شارۆچکەی #کۆيە#ی پارێزگای #هەولێر# هەڵکەوتووە، کەرتی ژمارە (4)ی هۆبەی کشتوکاڵی تەقتەق-ە، ڕووبەرەکەی 10117دۆنمە، ناوەکەی لە ناوی کچێکەوە هاتووە کە کانی (گەرماوە)ی خاوێن کردووەتەوە ناوی (لەيلێ) بووە، يان لالە لە شێوەزارەکەيان (لوڕی- کەلهوڕی) بەمانای براگەورە و کاک دێت کانی لالە بوو بێت بەکانی لەلە.[1]
کانى لەلە لەچییەوە هاتووە؟
خەڵکى ئاوایى کانى لەلە زۆربەیان کۆکن لەسەر ئەوەى ناوى گوندەکەیان لەناوى کانییەکەوە هاتووە، کەناوى (کانى لەیلێ) بووە و دواتر ئەم (لەیلێ)یە، بە (لەیلە) هاتۆتە سەرزاران و لەوتندا بووە بە (کانى لەلە). (5)
سنوورى گوندى کانى لەلە
بەدوورى (9)کیلۆمەتر لەخۆراواى تەقتەق هەڵکەوتووە، هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانى گەرمکى تەقتەق لە ڕۆژهەڵات وئۆمەرگومبەت و سێگردکان لە ڕۆژاوا و لە باکووریش دووبارە گوندەکانى گەرمکى تەقتەق و بەشێکیشى سنوورى ئۆمەرگومبەتە و لە باشووریشدا زێى بچوک لە گوندەکانى (جگیلە ومەرزیخەى سەروو وخواروو وکانى ڕەش و عەمدۆن)ى شارەدێى شوانى پارێزگاى کەرکووکى جیادەکاتەوە.
کەرتى ژمارە (4)ى هۆبەى کشتوکاڵى تەقتەقە، ڕووبەرى گشتى (10117)دۆنمە، ڕووبەرى شیاوى چاندنى (2643)دۆنمەو (5774)دۆنمى پاوان ولەوەڕگایە، ڕووبەرێکى بەرفراوانى بەراوى زێکردى هەیە دەگاتە (2799)دۆنم، کە تەنیا 123دۆنمى تایبەتە و ئەوانی ترى موڵکدارێتى میرییە، هەروەها (1138)دۆنمى پشتاو هەیە کە تەنیا 135دۆنمى تایبە تە، حەرەمى گوندەکە (85)دۆنمە، دوو کانى وچوار کارێزى هەبووە لەگەڵ (63)دۆنم لەڕەزگەرى. (6)
لەڕووى هەڵکەوتەى گەردوونییەوە کەوتووەتە نێو هێلى پانى (35,52-35,87)ى نیوە گۆى باکوورى زەوى ونێو هێڵى درێژى (44,31-44,52)ى خۆرهەڵات و (348)مەتر لەئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە. (7)
لەگرنگترین پارچە زەوییە پشتاوەکانى (ئاوەزا، تەنگانە، تخویب، بان چەمەڕەشکە، خانکە) و لە دیارترین پارچە زەوییە بەراوەکانى (حاوى چەمە ڕەشکە، چەم حسێن، چەم خەلیفە، چەمى کانى لەلە، چەمى حاجی ئاغا، چەمى جەردیس، چەم ئاسیاو)ە، هەروەها کانى وکارێزەکانى (کارێز وکەورخانکە وبەغرە و گەرماوە وقوڵەتێنى پیاوان)ى هەیە.
لەڕووى شوێنەوار و مێژوییەوە چەندین شوێنەوارى گرنگ لەسنوورى کانى لەلە بەدیدەکرێن، کانى لەلە و گورگە سێکانى و گۆرقەرەج پێش ئاواییەکانی ترى سنوورەکەیان ئاوەدان بووە، ئەو زەوییە شوێنەواریانەى بریتین لە (بانى چەمەڕەشکە، کەورچەم، بەغارە، کەور ڕێ، لوتکى تەندورە، کەلەکین، تەنگانە، کەلین )، مام مەحمودى حاجى مەجیدى ئەفەندى دراوێکى دۆزیوەتەوە، وەک شێوە (10فلس)ى بووە، لە هەولێر (200)دیناریان پێداوە نەیفرۆشتووە، بەڵام دواتر هەر ونى کردووە، کەورچەم دەوترێت لەکۆندا شاروئاوەدانى بووە، زەوى (کانى کەندیلە) لەنێوان بەغارە وکەورچەمە، ماڵى حاجى ئەفەندى خاوەنى بوون، لە کاتى جووتکردن لەو زەوییە، گاسنەکە لەدەسکى کوپە و ڕیزە بەردى مێرابى خانوو گیربووە، کە خۆڵى ڕەش لەناو گۆزەکە بووە، بەخۆڵەمێش نەچووە و وەک مادەیەکى کانزایى بووە و بەناو زەوییەکە پەرش وبڵاو بووەتەوە، ئینگلیزەکان کەهاتوون ساڵى 1918لە هەرپارچەیەک لە کوپەو گۆزەکان نموونەیەکیان بردووە، هەروەها لە (کەور ڕێ) تا ئێستاش کەرپوچ لە نزیک (ڕووبارى کۆیە) کە دەڕژێتە زێى بچوکەوە دەدۆزرێتەوە.
هەر لەسنوورى کانى لەلە چەندین گۆڕستان و چاکى تێدایە وەک گۆِڕستانى گەورە کە (شێخ مستەفا)شى پێ دەڵێن، لەگەڵ گۆڕستانى (ئۆمەر کوشیا)کە مردوویان لێ دەنێژن، جگە لەمانە لەسنوورى ئاواییەکە چەند گۆڕستانێکیترى لێیە وەک (گۆڕستانى چەمە ڕەشکە، قەبرستانى بەر ڕێى کاروانى کۆیە، قەبرستانى بەغارە)، لەگەڵ چاکەکانى ( لوتکى شێمحەمەد وشێمحەمەد وسوڵتان عەبدوڵڵا و شەهیدان لەسەرچیا و قاژى ئاغا).
پێکهاتەى دانیشتووانى کانى لەلە
لەڕووى پێکهاتەى دانیشتووانەوە ژمارەیەکى زۆر تیرەى جۆراوجۆرى لەئاواییەکەدا بەیەکەوە ژیاون، وەک (گۆَران وهەمەوەند و شێخ بزێنى و پاڵانى وسوورچى ودەربەندى و عەلى بەیانى وقەسرۆکییەکان)، دەوترێت (حاجى حەمەڕەشى گەورە) دێیەکەى ئاوەدانکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ (حەمەڕەشى دەربەندییەکان) جیابووە، چونکە (کانى لەلە) بەر لە گوندى (ئۆمەرگومبەت) ئاوەدانبووە، بیروچۆنیتر هەیە دەڵێتفەقێ برایم لەچەم بەغارە بووە ئەو ئاوەدانیکردووەتەوە.
بیروبۆچۆنێکیتریش هەیە دەڵێت مەلا ساڵح شێتەى تەقتەق، کە لە تەقتەق گۆڕستانێکى بەناوەوە کراوە، بنەچەى کانى لەلەى ئەمڕۆ بوون، ماڵى (حەمەدەمین و خدر)ى براى کە کوڕى (مام ئەلیاس) بوون، ئەمانە پەناى گردى (قاژى ئاغا)یان هەڵبژاردووە، ئەو شوێنە زووتر نمرگەى ئاوى هەبووە، کچێکى ئەو خێزانە بەناوى (لەیلا) کانییەکى لێ لێداوە و دواتر گوندەکەش هەر بەوناوى ئەو کانییەوە ناونراوە، ماڵى (مام نەجیم)باپیرەى (عەزیز ئۆمەر) نەوەى ئەو خێزانەن، هەردوو تیرەى (گۆران وهەمەوەند)، یان ڕوونتر بڵێَین بەرەى (مەلا جەمیل) و بەرەى (ساڵح خەزار) زۆرینەى گوندەکە پێک دەهێنن.
لە مێژووى ئەو گوندە چەند کەسایەتییەکى جوتیارى و کوردەوارى هەڵکەوتووە وەک (حاجى مەجیدى حاجى ئەفەندى، عەبدوڵڵاى مەلا تاهیر، مام حەمەڕەش، قادرئاغاى ئەفەندى، مەلا جەمیل کۆیى، ساڵح مستەفا قادر (ساڵح خەزار)، چەند کەسایەتییەکیش کێخوایەتى ئەو گوندەیان کردووە وەک (کێخوا عەبدوڵڵا و کێخوا قادرئاغاى ئەفەندى و کێخوا قادر جەمیل).
ساڵى 2013ژمارەى خێزانەکانى کانى لەلە (3)خێزان و (21)سەرخێزان بووە، لە ساڵى خوێندنى (1977-1978)قوتابخانەى لێکراوەتەوە، یەکەم بەڕێوەبەرى (ڕەشید محەمەد عەلى) بووە، خزمەتگوزارییەکانى لە2013دا (مزگەوت و قوتابخانەو کارەباى نیشتمانى و ڕێگاى قیرتاو وپڕۆژەى ئاوى خواردنەوەى)هەیە.
کانى لەلە، بەهەل هەلە
لێیدا، بەتۆپ وقونبەلە
لەبەهارى ساڵى 1963 فڕۆکە جەنگیەکانى حکوومەتى ئێراق لەشاڵاوى حەرەس قەومى بەنۆرە هەردوو ئاوایى (کانى ڕەش)ى شوان و (کانى لەلە)ى تەقتەقى بۆردومانکردووە، کە (12)ناپاڵمى لە ئاسمانى گوندى (کانى لەلە) باراندووە، کە بووە بەمایەى شەهیدکردنى (سەبریەى قادرئاغاى ئەفەندى)و سووتان وکاولکردنى ماڵى مام جەلیل و سوارەى قادرئاغا و مام فەقێ نەجیم، ئەو کارەساتە لەمێژوى کانى لەلە بووە بەگۆتەولەزارى خەڵکەکەیەوە دەگێڕدرێتەوە، چونکە دەنگى ناپاڵم و هاوارو قیژەى ژن و منداڵ، تێکەڵ بەیەکدى بوونە و وتراوە (کانى لەلە، بەهەل هەلە، لێیدا بەتۆپ و قونبەلە).
................
(5) بۆکۆکردنەوەى زانیارى لەسەر ئەم گوندە چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەم بەڕێزانەى خوارەوە کردووە:
1-خوالێخۆشبوو (تاهیر عەبدوڵڵا تاهیر تەیب موفتى مەحمود گۆران، لەدایکبوى 1938ى کانى لەلە، لە18-2-2013، هاوڵاتى).
2-مەحمود مەجیدحاجى ئەفەندى حەمەدەمین، لەدایکبوى 1937ى کانى لەلە، لە19-2-2013، هاوڵاتى).
3-چەتۆ ساڵح مستەفا قادرمستەفا، لەدایکبوى1943ى کانى لەلە، لە21-2-2013، هاوڵاتى).
4-بەکر عەلى ئەحمەد، لەدایکبوى 1951ى کانى لەلە، لە23-2-2013، هاوڵاتى).
5-ئاکۆ سەڵاح مەجید، لەدایکبوى 1981ى کانى لەلە، لە18-2-2013، ئەنجوومەنى گوند).
(6) تۆمارەکانى فەرمانگەى هۆبەى کشتوکاڵى تەقتەق ، ڕووبەرى هەموو گوندەکان لە تۆمارەکانى ئەو فەرمانگەیە وەرگیراوە.
(7) شوێنە گەردونییەکانى هەموو گوندەکان لە نەخشەى هێزەچەکدارەکانى ئێراق، ڕووپێوى سەربازى بۆساڵى 1986 وەرگیراوە.[2]