هەولێر: لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ 300 پارچە زەوی دابەشکراوە
📊 ئامار و راپرسی
دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر رایدەگەیەنێت، لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ 300 پارچە زەوی بە خاوەن پڕۆژەکان دراوە بۆ دروستکردنی کارگەی گەورە.
تەیب کەژۆ عەلی، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی راگەیاند، لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵ 300 پارچە زەوی لەناوچەی تیماری گەورە لە هەولێر بەسەر خاوەن پڕۆژەی پیشەسازیی دابەشکراوە بۆ دروستکردنی کارگە.
وتیشی پێشتر رێککاری زۆر توندی هەبوو بۆ پێدانی زەوی بە خاوەن پڕۆژەکانی پیشەسازیی، بەڵام ئێستا ئەو رێککارە توندانە نەماوە.
بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەک بۆ دابینکردنی زەوی بۆ خاوەن پڕۆژەکان لە شارەوانی و ژووری بازرگانی و پیشەسازیی و وەبەرهێنان و پارێزگای هەولێر پێکهات و زەوییەکان بەسەر خاوەن پڕۆژەکان دابەشکران.
لەبارەی مەرجەکانی پێدانی زەوی، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازیی هەولێر وتی هەرکەسێک کە زەوی پێدەدرێت، دەبێت مۆڵەتی دروستکردنی کارگەی هەبێت هەروەها پڕۆژەیەکی پیشەسازی جێبەجێ بکات، هەرکەسێکیش نەتوانێت ئەو کارە بکات ئەوا زەوییەکەی لێ دەسێندرێتەوە.
04-04-2017