کوڕی سەعیدی ماملێ لە ساڵی 1941ز. لە شاری #مەهاباد# لە دایک بووە، هەر لە سەرەتای منداڵی باوکی لە دەست دەدات.
لەژێر سایەی براکانیدا ژیان بەسەر دەبات، بەڵام چەرخی گەردوون، ئەم بنەماڵەیە تووشی غەمێکی دڵتەزێنتر دەکات، دوو برا گەورەی بنەماڵە، واتا (کاک هاشم و کاک حسێن) لە ماوەی یەک ساڵدا بەهۆی نەخۆشی جوانەمەرگ دەبن و مۆمی تەمەنیان و چریکەی دەنگیان خامۆش دەبێت.
ئەرکی سەرپەرشتی دەکەوێتە ئەستۆی براگەورە کاک (#محەمەدی ماملێ#).
بە هوێ نالەباری بارودۆخی ژیان، واز لە قوتابخانە دێنێت و خوێندن بەجێ دەهێڵێت و ڕوو لە کار و کاسپی دەکات.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2017/138436/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=جەعفەری ماملێ=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2017/138436/0001.JPG=KTML_Photo_End=
دیارە دەنگی زوڵاڵ و چریکەی سیحراوی میراتێکی زۆر بەنرخە کە خوداوەند بە کاک (سەعیدی ماملێ) و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەی دەبەخشێت.
هەر بەو هۆیەوە هونەرمەند (جەعفەری ماملێ) لە سەرەتای لاویدا دەستی بە وتنی قەتار و هۆنراوەی (#وەفایی#) کردووه، زۆر زوو توانای خۆی لە وتنی تەواوی دەستگاکانی مۆسیقادا نیشانداوە.
لە تەمەنی 19 ساڵیدا لەگەڵ (حەلیمه) خان ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە، بەرهەمی ژیانیان کوڕێک و سێ کچە بە ناوەکانی (بەختیار، وەفا، سەفا و سەحەر) .
بەهۆی کار و پیشەی بازرگانی چەند ساڵێک لە شاری #سەردەشت# ژیاوە. لە هێندێک کۆڕی هونەری بەشداری کردووە و جێگای خۆی لەناو دڵی هونەردۆستاندا کردووەتەوە (تا ئەو کاتەی براگەورەی خۆی مامۆستا محەمەدی ماملێ لە ژیاندا بووە خۆی تێکەڵاوی بواری هونەر نەکردووە و تەنیا لە کۆڕی دۆست و ئاشنایاندا ئاهەنگی گێراوە و شادی خسووەتە ناو دڵان).
هۆنراوەی وەفایی، جانانه، قەتار ناوئاخێنی بەشی زۆری گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندەن، زۆربەی بەرهەمەکانی لای خەڵک تۆمارکراوه.
لە ساڵی 1992ز. لەگەڵ هەندێک لە ژەنیارەکانی باشووری کوردستان، بەرهەمی (فرمێسکی شەو)ی لە شاری مەهاباد تۆمار کردووه.
ساڵی 1995ز. لە یادی مامۆستا (وەفایی) دا لە شاری مەهاباد بە شداری کرد، کە بە وتنەوەی هۆنراوەکانی بە گۆرانی پێشوازییەکی زۆر بێ وێنەی لێکراوە.
لە ساڵی 1999ز. ز لەلایەن (ئەنجوومەنێکی فەرهەنگی کوردی لە وڵاتی سوید) بانگهێشت کراوە لە (گلوبنی شاری ستۆکهۆڵم) و دواتر لە چەند شاری تر کۆنسێرتی بەڕێوەبردووە. هەروەها لە چەندین کۆنسێرتدا لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەشداری کردووە.
هونەرمەند جەعفەری ماملێ تا ڕۆژی کۆچی دوایی لە شاری مەهاباد نیشتەجێ بوو.
ڕێکەوتی #17-02-2020# لە مەهاباد کۆچی دوایی کردوە.[1]