ناو: ساڵح
نازناو: حاجی ساڵح ڕەباتی
ناوی باوک: ئەمین
ساڵی لەدایکبوون: 1911
شوێنی لەدایکبوون: گوندی (#ڕەبات# ) /#سەنگاو#
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #19-03-1981#
ئامادەکردنی: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
ساڵح حەمە ئاغای ئەمین حارس کەسایەتییەکی سەنگین و ڕووناکبیرێکی سەردەمەکەی خۆی بووە، هەموو تەمەنی پر بوو لە هەستی میهرەبانی و گیانی مرۆڤایەتی، نزیکەی 25 ساڵ لە گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری #کەرکووک# برینپێچێکی بەتوانا و بە ئەزموون بوو، خەڵکی گەڕەک و شار لە خۆشەویستیدا پیان دەوت (حاجی دکتۆر)، ڕەباتییەکان لە هەر شوێنێکەوە ڕوویان بکردایەتە کەرکووک لە ماڵی ئەو دەگیرسانەوە، ماڵیان دیوەخانی ڕەباتییەکان بوو. ئەدەبدۆست و پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ شاعیران و نووسەراندا هەبووە، دەیان یادگاریی تایبەتیی لەو بارانەوە تۆمار کردووە، ئەم کەسێتییە ڕووخۆشە بۆ هەر بۆنەیەک بابەتێکی جوان و سەرنجڕاکێشەری دەهێنایەوە و لەگەڵ گێڕانەوەیدا خۆشی بە ڕوویەکی خۆشەوە پێ دەکەنی.
=KTML_Bold=حاجی ساڵح ڕەباتی لەناو مەرگەساتەکاندا خۆی پەروەردەکرد=KTML_End=
حاجی ساڵح ڕەباتی لە ساڵی 1911 لە گوندی (ڕەبات)ی سەربە شارەدێی سەنگاو لە دایک بووە، حەمە ئاغای باوکیان لە ساڵی 1915 ماڵ ئاوایی لە ژیان کردووە. مامۆستا مەلا عەلی برا گەوەرەیان سەرپەرشتی خانەوادەکەیان و براکانی دەکرد. بریتی بوون لە (حەمەڕەشید، حەمەئەمین، ساڵح، کەریم) مەلا عەلی، ساڵحی برای لە (هۆرێن و شێخان)دەنێرێتە لای مامۆستایەکی ئایینی و دەبێت بە فەقێ و سەرقاڵی قورئان خوێندن دەبێت، نەهامەتییەکانی جەنگی یەکەمی جیهان سەری هەڵدا، برسێتی و قات و قڕی و نەخۆشی ژیانی کرد بە دۆزەخ، جەنگ ژیانی ئەوەندە ئاڵۆز و دژوار کردبوو، هەموو بەها جوان و پیرۆزەکانی مرۆڤی لەگەڵ وێرانکردنی نیشتمانەکەماندا ورد و خاش کردبوو، ئا لەو سەردەمەدا فەقێیەکی هێمن و ڕووخۆش، دڵپاک، قاڵبووی ناو ئالۆزی و مەرگەساتەکان، بە بەردەوامی عەوداڵی خوێندنەوەی پەرتووکی فارسی و ئایینی و بوارە جیاجیاکان بوو، بۆ خۆپەروەردەکردن و فێر بوون، بۆ ئەمەش ڕووی کردووەتە چەندان گوند و شار و شارۆچکە، تا لای مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە بیارە دەمێنێتەوە، هۆگری ئەو زانا گەورەیە بوو، پەیوەندی توند و بەهێز لەنێوانیان دا درووست بوو، دواتر ساڵح ڕەباتی ڕوو دەکاتە شاری #هەڵەبجە# و ماوەیەکیش لای مامۆستا شێخ لەتیفی قەرەداغی دەخوێنێت، دواتر لەگەڵ مامۆستا مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی ڕوو دەکەنە گوندی شێخ وەیس و لەوێ لای مامۆستا مەلا غەفور دەخوێنن، پاشان هەردووکیان ڕوو دەکەنە گوندی (کۆنە و سەراو) لای مامۆستا عەبدولڕەحمانی حەفیدی مەولەوی وانەی نوێ دەخوێنن، دواجار ڕوو دەکاتە (#کەلار#) و مامۆستا ئەحمەدی نۆ موسڵمان خوێندنی پێ تەواو دەکات. لە 1935 گوڵناز فەڵا مەرزی ئامۆزای دەخوازێ و دەبێی بە هاوسەری.
=KTML_Bold=دوو فڕۆکەوانەکەی لە مردن ڕزگار کرد=KTML_End=
لە ساڵی 1936دا ساڵح ڕەباتی و ئەحمەد شوکری و محەمەد ئەمین فەڵامەرز ڕەباتی، سەردانی محەمەد ئەمین زەکی بەگی مێژوونووس لە بەغدا دەکەن، ئەو کاتە (وەزیری ئابووری و هاتوچۆ) دەبێت، ئەویش هەر سێکیان بە برینپێچ لە نەخۆشخانەی (الملکي) دادەمەزرێنێت، هەستی نەتەوایەتی لەو سەردەمەدا لای ئەم سێ کارمەندە زۆر بەهێز دەبێت، بەهۆی هەڵوێستیانەوە هەر سێکیان دوور دەخرێنەوە بۆ خوارووی ئێراق.
لە 1937 دا ساڵح ڕەباتی ڕەوانەی (نوگرە سەلمان) دەکەن، لەوێ لەناو چادرێکدا سەرقاڵی کاری برینپێچی دەبێت، هەر ئەو ساڵە فڕۆکەیەکی بەریتانی بەهۆی هەڵکردنی گەردەلوولێکی بەهێزەوە لە نزیک چادرەکەی ساڵح ڕەباتییەوە کەوتە خوارەوە، ساڵح ڕەباتی و پۆلیسێک بەخێرایی بەرەو شوێنی ڕووداوەکە دەچن، دوو کاپتن دەبینن لە فڕۆکەکەدا، دەست و قاچی فڕۆکەوانەکە و یاریدەدەرەکەی شکابوو، هەردووکیان دەگوێزنەوە بۆ ژێر چادرەکە، ڕەباتی چارەسەری کتوپر و خێرایان بۆ دەکات، بۆ ڕۆژی دواتر فڕۆکەیەکی تری بەریتانی کە دکتۆریان لەگەڵ دابوو، دەگەنە ئەوێ و لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی ڕووداوەکە دەکەن و چارەسەری بریندارەکان دەکەن، سەریان سووڕ دەمێنێت بە ساڵح ڕەبات دەڵێن:
(Thank you verey much) سوپاسی کاری فریاکەوتنەکەی دەکەن، ناونیشان و زانیاری لێ وەردەگرن و بە دوو بریندارەکەوە دەگەرێنەوە بۆ لەندەن، دوای ماوەیەک ئەم نامەیە لە لەندەنەوە لە ڕێگەی بەغداەوە ڕەوانەی (حاجی ساڵح ڕەباتی) دەکەن، نامەکە پێش ئەوەی بگاتە دەستی ڕەباتی، لەلایەن دەزگای تایبەتیی و نهێنی مەلیک غازییەوە دەگاتە دەست مەلیک غازی و ئەویش دەنێرێت بە شوێن حاجی ساڵح ڕەباتی دا، مەلیک لە سەرەتادا بەهەڵە لە نامەکە دەگات، دواتر ڕەباتی هەموو چیرۆکەکەی بەوردی بۆ باس دەکات، زۆر سوپاسی هەڵوێستی جوامێری ساڵح ڕەباتی دەکات.
لە ساڵی1937 مەلیک غازی بڕیاری گواستنەوەی حاجی ساڵح ڕەباتی لە نوگرە سەلمانەوە دا بۆ نەخۆشخانەی (دۆرە) لە بەغدا. لەو سەردەمەدا دکتۆر (سوندوس پاشا)پزیشکی تایبەتیی مەلیک غازی بوو، لە ساڵی 1939مەلیک غازی بڕیاری دا بچێت بۆ حەج، دەبوایە تیمێکی پزیشکی لەگەڵدا بوایە، لە بەر ئەوەی دکتۆر (سوندوس پاشا) کریستیان بوو، دکتۆر (کەمال سامەرائی)ەوە باشترین پزیشکی بەغدا لە سەر ئاستی ئێراق و حاجی ساڵح ڕەباتی وەک باشترین برینپێچ دیاری کران بۆ ئەو تیمە لەگەڵ مەلیک غازیدا بن، مەلیک غازی و تیمە پزیشکییەکە بە فڕۆکەیەکی تایبەتیی لە بەغداوە چوون بۆ حەجی تایبەتی، مەلیکی سعودییە پێشوازی گەرمی لێ کردن، عەبای تایبەتیی حەریر و عەگالی سعودییەی پێشکەش کردن، لە 02-1939 دا ساڵح ڕەباتی حەجی کرد و لەو کاتەوە بە حاجی دکتۆری ڕەباتی ناوبانگی دەرکردووە.
=KTML_Bold=فریاکەوتنی ئاوڵە=KTML_End=
لە ساڵی 1940 نەخۆشی ئاوڵە لە ناوچەی شوانی سەربە کەرکووک بڵاو بووەوە، حاجی ساڵح ڕەباتی لەسەر پێشنیار و داخوازی خۆی گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانەی شوان، لەوێ بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو، سەردانی هەموو گوندەکانی کرد، بۆ لەناوبردنی ئەو نەخۆشییە کوشتندەیە، بەمەش دەیان کەسی لە چنگی ڕەشی مەرگ قوتار کرد.
لە 1943 نەخۆشی ئاوڵە لە حەویجە بڵاو بووەوە، بە هەمان نەخشە و پلان و هەڵوێست و ئەخلاقی پزیشکی پیشەکەیەوە، بەهەمان هەستەوە، بە ئەزموونی خۆی کارەکانی جێبەجێ کرد، لەوێ بە دیداری شاعیر (مەلا مەحمودی بێخود) ئاشنا دەبێت، دەبن بە هاوڕێی یەکتری و هاتوچۆی یەکتریان کردووە.
=KTML_Bold=حاجی ساڵح ڕەباتی و بێخود=KTML_End=
لە ڕێکەوتی #07-06-1944# بێخود وێنەیەکی تایبەتیی خۆی پێشکەش بە حاجی ساڵح ڕەباتی کردووە، بێخود لە وێنەکەدا عەبایەکی سوورمەداری لە بەردایە، بێخود لە پشت وێنەکەوە بە دەستوخەتە جوانەکەی خۆی ئەم کۆپلە هۆنراوەیەی بۆ حاجی ساڵح ڕەباتی نووسیوە.
بێخود لە ڕووی نیازەوە، ئەی نازەنین دەڵێت:
جارجار بە چاوی لوتفەوە بڕوانە صورەتم
من بۆیە سەیری تۆ دەکەم و ڕووم لە کەس نییە
تا تێ بگەی کە تۆی هەدەفی تیری حیرەتم
لە دوای هۆنراوەکەوە نووسراوە بۆ یادگاری بە هەدیە لە خزمەتی حاجی صاڵحە دانراوە 15ی جمادی الاخر 1363 #07-06-1944# بێخود موفتی زادە.
=KTML_Bold=ساڵح ڕەباتی و حزبی تەرەقی کوردستان=KTML_End=
ڕەباتی خاوەن هەستێکی قوڵی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە لە ساڵی 942 1 بووە بە هاوڕێی شاهۆی شاعیر، هەر ئەو ساڵەش بووە بە ئەندامی حزبی (تەرەقی کوردستان) بە سەپەرشتی سەید حەسەن قازی ناسراو بە (شاهۆ)ی شاعیر لە بیارە، حاجی دکتۆر ئەو کاتەی لە حەویجە بووە سەردانی زیندانییەکانی دەکرد، چەند جارێک سەردانی مامۆستا مەلا کاکە حەمەی ڕەباتی هاوڕێی کردووە لە #کفری#، لە بەر ئەوەی ئەندامی کۆمەڵەی برایەتی بوو، بەهۆی هەڵویستی سیاسییەوە لە #چوارتا#وە دوور خرابووەوە بۆ کفری.
حاجی دکتۆر ڕەباتی، کەسایەتییەکی نموونەیی بوو، بە هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانی دەبووە مایەی تێرامانی ڕەباتییەکان و دەوروبەری و ئیمام قاسم و کەرکووک، مرۆڤێکی خاکی دڵپاک، میهربان، پر بوو لە هەستی میهرەبانی و خۆشەویستی و دەبەخشییە دەوروبەرەکەی.
لە ساڵی 1949 حاجی دکتۆر ڕەباتی لە حەویجەوە دەگوێزرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی کەرکووک، لەوێ لە گەڕەکی ئیمام قاسم دەژیا، هەموو ساڵێک حاجی دکتۆر ڕەباتی لە هاویناندا ڕووی دەکردە گوندی (ڕەبات، هەزارکانی، گەرەچیا)، ماوەیەک لەناو خزمە ڕەباتییەکانیدا دەمایەوە، دیوانی شاعیرە کوردکان و پەندەکانی پیرەمێرد و ڕشتەی مرواری عەلادین سەجادی و چەندان بەرهەمی بوارە جیاجیاکانی لە دیوەخان و ماڵە خزمەکاندا بۆ دەخوێندنەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایان بکات بە ئەدەب و کولتووری مێژووی گەلەکەیان، ڕەباتییەکان شانازیان بەم کەسایەتییە دیارەی خۆیان کردووە و هەمیشە پرس و ڕایان پێ کردووە. سوودیان لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستە دیارەکانی وەرگرتووە.
حاجی دکتۆری ڕەباتی پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ قانعی شاعیردا هەبوو، هاتوچۆی یەکترییان کردووە، زۆر بەڵگەنامەیان لا بوو، بەهۆی هەلومەرجی نائاساییەوە لەناوچوون.
=KTML_Bold=هەڵبەست و نووسینەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس بۆ حاجی دکتۆر ڕەباتی=KTML_End=
لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا ماڵی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە کەرکووک دەبێت، بە بەردەوامی لەگەڵ حاجی دکتۆر ڕەباتی دا هاتوچۆیان کردووە، لە سەرەتای حەفتاکاندا مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە کەرکووک دەبێت، حاجی ڕەباتیش هەر لە کەرکووک دەبێت، مامە حاجی ساڵح ڕەباتی، زۆر بەڵگەنامەکانی لە ساڵی 1980 نیشان دام. لێکۆڵینەوەیەکم لەسەر نووسی و ئەوسا ناردم بۆ گۆڤاری (ڕۆشنبیری نوێ)لەگەڵ بەڵگەنامەکاندا. ئەو سەردەمە بڵاویان نەکردووە و دواییش چەند جار سەردانی ئەو دەزگایەم کرد دیاربوو، دەستێک لەناو ئەو گۆڤارەدا کاری دەکرد، هەمووی بێسەروشوێن کرد، ئەمە نموونەیەکە لەو هەڵبەست و نووسراوانەی لە #26-04-1971# مامۆستا مەلا عەبدولکەریم بۆ حاجی دکتۆر ڕەباتی نووسیوە و بۆی ناردووە:
حاجی چاوەکەم، بەچاوت قەسەم
لە بەر دووری چاوت وێرانە جەستەم
هەزار ئافەرین لە وەفای برام
لە نوری صەفای چلچرای مەرام
تۆ بەومەیلەوە من لە دڵ نەکەی
دەبێت چۆن پایەی مەردەکان نەبەی
مەمنونی لوتفی برای بەوەفام
ئەگەر لە شیراز ئەگەر لە بەغدام
حاجی گیان: بە گوڵە سوور قەسەم کە عەدنانم چاو پێ کەوت، ئەوەندە دڵم گەشایەوە، وام زانی لە پاش دە ساڵی غەریبی برازەیەکی خۆشەویست هاتووە بۆ دیدار بینیم، یاخوا بژین هەزار جار بژین. حاجی گیان سەلام لە دایکی گوڵە سوور دەکەم، چاوی منداڵەکان ماچ دەکەم. ئیحترامم بۆ دایە و شێخ زادە باشەکان پێشکەش دەکەم، ئیتر بژین.
حاجی ساڵح ڕەباتی پەیوەندی لەگەڵ ئەم شاعیر و کەسایەتییانەدا هەبووە، (پیرەمێرد، بێخود. شاهۆ، قانع، گۆران، ئەحمەد شوکری، جەمیل تاڵەبانی، حەمە ئەمین ڕەباتی، مەلاعەبدولکەریم فەقێ عەلی ڕەباتی، بەڵام پەیوەندی هاوڕێیەتی زیاتر لەگەڵ حەمۆمینە فەنی ڕەباتی دا بووە، کە کەسێتییەکی دیاری #سلێمانی# بووە و برینپێچ بووە و شەیدای ئەدەب و بواری ڕۆژنامەنووسی بووە، لە چاپخانەکەی پیرەمێردا سەرقاڵی چاپی (ڕۆژنامەی ژین) بووە، لە کاتی چاپکردنی ژین دا لە ساڵی لە 1938 پەنجەیەکی بەر ئامێری چاپخانەکە دەکەوێت و دەقرتێت. ئەحمەد شوکری شاعیری میللیش هاوڕێی نزیکی حاجی ساڵح ڕەباتی بووە، بە بەردەوامی هاتوچۆی یەکتریان کردووە و نامە و جەژنەپیرۆزەیان بۆ یەکتر ناردووە ئەمەش دەقی دەستنووسێکی ئەحمەد شوکرییە کە لە #07-12-1969# بە بۆنەی جەژنەوە بۆ حاجی دکتۆر ساڵحی ناردووە.
جەژنە پیرۆزەت گەیشتە دەستم
سرووری خستە نێو دڵەی پەستم
سوپاس بۆ تۆ بێ سەییدی تازە
سەلامیشم بۆ خوشکە گوڵنازە
حاجی دکتۆر ڕەباتی پەیوەندی لەگەڵ گیو موکریانیدا هەبوو، ئەو موکریانییەی بە بەردەوامی هەموو توانای خۆی خستبووە گەڕ بۆ کۆکردنەوەی هەڵبەستەکانی (سالم، کوردی، ئەحمەد موختار بەگی جاف، تایەربەگی جاف، حاجی قادریی کۆیی، دڵدار، مەحوی و زۆر لە شاعیرانی کورد) حاجی ساڵح ڕەباتی بە پێی داواکاری موکریانی هەڵبەستی بڵاو نەکراوەی ئەو شاعیرانەی بۆ دەنارد کە لە دەستنووسە کەشکۆڵە تایبەتییەکەی ئەرشیفی پەرتووکخانەکەیدا بوو، بۆ ئەوەی گیو موکریانی لە بەرنامەی زنجیرە پەرتووکەکانی چاپخانەی کوردستان چاپ و بڵاویان بکەنەوە و لە ونبوون بیان پارێزن لە #05-05-1970# گیو موکریانی نامەیەکی تایبەتیی بۆ حاجی ساڵح ڕەباتی ناردووە، ئەمەش دەقی نامەکەیە بەم شێوەیەی خوارەوە:
برای زانا و دڵسۆز (حاجی ساڵح ئەمین ڕەباتی) خۆشەویست، ڕۆژتان باش، نامە شیرین و پر لە واتاکەتم پێ گەیشت، زۆر سوپاستان دەکەم، هەر چییەک بێت دیوانەکەی ئەحمەد موختار بەگی جافە لە بەگزادەکانی جافن و لەناو دەفتەر و بەیاخە کۆنەکان و دیوانە چاپکراوەکەی پێشوویدا هەر هێندەم دەست کەوتوون. گەر ئەوانەی کە لاتن بە خەتێکی جوان بنووسرێتەوە و پێشکەش بە چاپخانەی کوردستانی بکەی بە ئەندازەی یەک دنیا سوپاست دەکەم، لە کاتی چاپکردنیشیاندا بە سوپاسەوە بە ناوی خۆت چاپ دەکرێت، واتا بە سەرچاوە دادەنرێت. ئەوا هیی سالم بەدەستەوەیە و ئامادەمکردووە بۆ چاپ، ئەگەر هیی ئەوتان لایە، کە لەم ڕۆژانەدا ناوی چاپخانەکە لە (#هەولێر#)ە و گەڕایەوە سەر ناوی پێشووی خۆی (کوردستان)، سا ئێوەش هەر جۆرە دیوان و پەرتووکێک داوا بکەن بە شانازییەوە پێشکەشتان دەکرێت.
برات
گیو موکریانی
خاوەنی چاپخانەی کوردستان
لە هەولێر
ئەم بەڵگە نامەیە ئەوە دەخاتە ڕوو کە حاجی ساڵح ڕەباتی، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی ئەو دەستنووسانەی کۆکردووەتەوە و پاراستویەتی. ئەو دەستنووسانەی لە کەشکۆڵێکی تایبەتیی دا وەک ئەرشیفی نەتەوەیی پاراستووە لە فەوتان و ونبوون، ناوبەناو ناردوویەتی بۆ گیو موکریانی، ئەویش لە دیوانە چاپکراوەکانی شاعیرەکاندا لە چاپخانەی کوردستان چاپ و بڵاوی کردونەتەوە و سوپاسی حاجی ساڵح ڕەباتی و ئەحمەد شوکری و حەمۆمین ئەفەندی ڕەباتی کردووە.
حاجی ساڵح ڕەباتی کەسێتییەکی خاکی و سادە، زمان شیرین و هێمن، دەست و داوین پاک بوو، ناخی پر بوو لە هەستێکی باڵای مرۆڤدۆستی، ویژدانی خۆی بەوە ئاسوودە دەکرد، هاوکاری و یارمەتیی هەژاران و مەینەتبارانی گەلەکەی دەدا.
=KTML_Bold=چاوەکانی بە دنیای ڕۆشن هەڵدێ=KTML_End=
ڕۆژێک حاجی دکتۆر ڕەباتی لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆیان لە گەڕەکی ئیمام قاسم. لە نزیک شەقامەکە کوڕێکی نابینا خۆی لێ دەدات، داوای لێ بوردن لە ڕەباتی دەکات، ڕەباتیش کە سەیری جلوبەرگی کوڕەکە دەکات، دەزانێت غەریبە و خەڵکی شار نییە، پێی دەڵێت: لە کوێوە هاتویت، ئەویش دەڵێت: (لە بێلولەی هەڵەبجەوە هاتووم، بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ چاوەکانم بدۆزمەوە، بەڵام نەشارەزام کەس ناناسم، ڕەباتی دەستی دەگرێت و دەیبات بۆ نەخۆشخانەی کەرکووک، لەوێ نەشتەرگەری بۆ چاوەکانی دەکەن، هەردوو چاوەکانی بە دنیای ڕۆشن هەڵدێ. دواتر خەرجی گەڕانەوەی دەداتێ و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی خۆیان.
=KTML_Bold=ئەفەندییە ستارە ڕەشەکە=KTML_End=
ئەمین شوان لە ژمارە (3363)ی ڕۆژنامەی هاوکاریدا ئاماژەی بەوە کردووە. لە ساڵانی پەنجاکاندا لە گوندی (ڕێدار)ی مەڵبەندی ناوچەی شوان قوتابی بووم، لەوێ ناوبانگی (حاجی ساڵح)م بیستووە. ناوەکەی وێڕدی سەر زمانی خەڵک بوو، کە چەند مرۆڤێکی هەستناسک و دەروونپاک بوو، ئەوەندەش خێرخواز بوو، هەمیشە لەگەڵ ئازار و خەمی نەخۆشەکاندا بوو، ئەمەش ئەوە دەخاتە ڕوو گەر هەر کەسێک ڕەوشتی پیشەکەی خۆش بوێت، دەتوانێت خزمەتی گەورە بە مرۆڤ بکات.
لە دواساڵەکانی تەمەنی زۆر لە گەنجەکانی ئەوسا لە ئیمام قاسم و ئیسکان و کەرکووک، شێوەی ئەم کەسێتییەیان لەیاد ماوە (هەمیشە ستارەیەکی ڕەشی لە سەردا بوو، ئەو دوا کەس بوو لەو ئەفەندیانەی سەرەتای سەدەی بیستەم کە ستارەیان لە سەردابوو، دەمێکە پاشماوەیان نەماوە.بەڵام یادەوەرییەکانیان زیندووە.
=KTML_Bold=کەشۆڵەکەی ڕەباتی=KTML_End=
لە پەرتووکخانە گەورە و دەوڵەمەندەکەی ڕەباتیدا دەستنووسێکی 614 لاپەڕە دەبینین، ئەم کەشکۆڵە لە (1349-1350) ک. دا کە دەکاتە (1931-1932) ز. بە دەستی مەلا ئەحمەد بەخەتێکی زۆر جوان و سەرنجڕاکێشەر بە مورەکەبی ڕەش لە مزگەوتی گەوەرەی کفری نووسیویەتی، ئەم دەستنووسە (20x13) سم لە لاپەڕە (284) نووسراوە (حدر الحزین احمد في بلد صلاحیە) بە مانای ئەحمەد غەمبار لە شاری صلاحیە نووسیویەتی، کە صلاحیە ناوی شاری کفری دەگرێتەوە.
لە لاپەڕە (431) نووسراوە (اتمام شد غزلیات طاهر بگ عثمان پاشا حقیر سراپا فقیر احمد در قصبەی کفری از جامع کبیر،روزی جمعە در حالتی بی طاقتی اە از زمان ناموا قف از 1349 هجری)
بە مانای (هەڵبەستەکانی تاهیر بەگی کوڕی وەسمان پاشا بە دەستی بچوکیرین و هەژارترین کەس لە شارۆچکەی کفری لە مزگەوتی گەورە لە ڕۆژی هەینی 1349ی ک. لە حاڵەتی بێ هێزیدا تەواو بوو، ئاخ لە دەستی ڕۆژگاری نالەبار).
لەم کەشکۆڵەدا بەرهەمی دەیان شاعیر و کەسێتی دیاری کورد دەبینرێت.وەک لە ژمارە (176) ی گۆڤاری بەیان دا تۆمار کراوە ئەمانەن:
(ئەحمەد موختار بەگی جاف، عەلی باپیر ئاغا، کاکە حەمەی مەریوانی، مەولانا جامی، خەسرەو، مەلا حەسەنی بیارە، شێخ ڕەزای تاڵەبانی، ئەحمەد شوکری، حەسەن جەننەنی، وەفایی، ئەحمەد کۆر، ئەحمەد جانی. شێخ عومەری بیارە، جانجان، حەریق، بابا طاهیری هەمەدانی، شەریف، عاصی، مستەفا بەگی کوردی، محەمەد نیقامی، سەید سڵێمانی باوکی گۆران، مصباح الدیوان، حەمدون، خانای قوبادی شێخ زیائودین بیارە، بێخود، بێ دڵ، بایەزیدی، کفر ئەحمەد، قصباب، عومەر خەیام، حافزی شیرازی، خاڵصی شێخ محەمەد تاڵەبانی، سەید بەهادینی سنە، مەلا قادر. ڕئوف بابا ڕەسوڵ وەهبی، سەبری، ئەحمەد بەگی فەتاح بەگی ئەرازی، سالم، نالی، فایەق بێکەس، ، جگە لە هەڵبەستی (سەما و زەمین) کە ناوی خاوەنەکەی تۆمار نەکراوە.
لە ژمارە (3363)ی ڕۆژنامەی هاوکاریدا ئەمین شوان ئاماژەی بەوە داوە (مەلا ئەحمەد خۆی لە پەراوێزی پارچە هەڵبەستە کۆنەکاندا ڕوونی کردووەتەوە کەوا لە سەرەتا دا فەقێ بووە و لە #خانەقین# ژیابێت، دواتر ڕووی کردووەتە بەغدا، لە چاپخانەیەک کرێکار بووە. لە لاپەڕە (60)ی کەشکۆڵەکەدا نووسیویەتی:
لە تەئریخی هەزار و سەد و پەنجا و دووی هیجری
لە دوازدەی مانگی ڕەبیعولئەوەل بوو لە خانەقی
هەڵی کەندوم قەزا و چەرخی زەمانە هاتمە بەغدا
لە چاپخانە دامەزرام، دەستم هەڵگرت لە فەقێیەتی
بە پێی بۆچونی (ئەحمەد تاقانە) کە ئەویش ئەو کەشکۆڵەی خوێندووەتەوە، ئەحمەد لەوە نزیکە کە (ئەحمەد شوکری) شاعیری میللی بێت، چونکە ئەویش لە چاپخانەی بەغدا کاری کردووە و بەشداری لە لەچاپدانی دیوانی تاهیر بەگی جافی کردووە، لەم کەشکۆڵەدا بەشێک لە گەشتەکەی بە دوورودرێژی لە هەڵەبجەوە بۆ تاران باسکردووە،
حاجی ساڵح ڕەباتی لە ڕێکەوتی #19-03-1981# لە تەمەنی 70 ساڵیدا دواماڵئاوایی لە ژیان کرد و لە گردی (شێخ محێدین) لە شاری کەرکووک بە خاک سپێرا.
مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ئەم دێرە هەڵبەستەی لەسەر کێلی ئارامگاکەی تۆمار کردووە:
حاجی بە کەعبە یاری بۆ یادم
بە غەمت غەمبار بە شادیت شادم
عەبدوڵڵا کەریم مەحمود [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە!=KTML_End=