دواڕۆژ، عیماد جەباری
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی #کەرکووک# ئاشکرایکرد کە لەماوەی ئەمساڵدا نزیکەی 30 هەزار هاوڵاتی لەناوچەکانی ژێر دەستی #داعش#ەوە بەرەو شاری کەرکووک و ناوچەکانی ژێر دەستی پێشمەرگە هەڵاتوون و پێشوازیان لێکراوە بەوەش تێکرای ژمارەی ئاوارەکانی لەسەرەتای دەرکەوتنی داعشەوە لە کەرکووک گەیشتۆتە 115 هەزار کەس.
عەمار سەباح بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکووکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەدواڕۆژی ڕاگەیاندژمارەی هەڵاتوەکانی ژێر دەستی داعش لەشارۆچکەی حەویجەو دەورووبەری لەماوەی ئەمساڵدا گەیشتونەتە 5 هەزار خێزان کە بە 30 هەزار هاوڵاتی دەخەڵمێنرێن.
وتیشی لەدوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا سەرجەمیان بۆ کەمپە تەرخانکراوەکان گواستراونەتەوەو بەشێک لەپێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە.
بەڕێوەبەری نوسینگەی کەرکووکی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەسەرەتای سەرهەڵدانی داعش و داگیرکردنی چەند شارێک، پارێزگای کەرکووک پێشوازیکردوە لە 115 هەزار خێزان کە پێکهاتوون لە 700 هەزار کەس.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە تەنها دوێنی چوارشەممە 14ی کانونی یەکەم، هێزەکانی پێشمەرگە پێشوازیان کردوە لە 767 هەڵاتوی ژێر دەستی داعش کە لەناوچەکانی حەویجەوە خۆیان دەربازی کەرکووک کردوە.
بەوتەی عەمید ڕێبوار عەلی فەرماندەی لیوای 1ی پیادەی هێزەکانی پێشمەرگە، لەو ژمارەیە 400 یان منداڵبوون و 230 کەسی تریان ژن و 137شیان پیاو بوون.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ڕونیکردەوە کە تەنها لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزارو 400 هاوڵاتی لەژن و منداڵ و پیاو خۆیان گەیاندوەتە سەنگەرەکانی پێشمەرگە.
- 15-12-2016