ناو: بەشیر موشیر
ناسناو: ئوستاد
ساڵی لەدایک بوون: دەوروبەری ساڵی 1885بۆ 1890ز.
شوێنی لەدایک بوون: #سلێمانی#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #30-07-1963#ز.
شوێنی کۆچی دوایی: #بەغدا#
$ژیاننامە$
بەشیر موشیر (ئوستاد) دەوروبەری ساڵی (1885 بۆ 1890ز.) لە سلێمانی لەدایکبووە و لە #30-07-1963#ز. لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە.
ساڵی 1963ز. و پاش کودەتای بەعسییەکان، ئێراق بە گشتی و شاری بەغدا بە تایبەتیی بوو بە ڕاوگەی کەسانی ئازادیخواز و دیموکرات. لەو ڕۆژگارە ئاڵۆزەدا بەعسییەکان بەشیر موشیر دەگرن. بێگومان کەسایەتییەکی وەکوو ئەو کاریگەر و ناسراو زوو دەبێت بە جێگا سەرنجی بەعسیە فاشییەکان.
پاش ئەشکەنجەدان و ئازارێکی زۆری مامۆستا بەشیر لە زیندانی بەعسدا، ڕۆژی 30 ی مانگی حەوتی ساڵی 1963ز. ئوستاد ماڵاوایی لە ژیان دەکات. [1]
بەشیر موشیر:
بەپێی لێکدانەوەکان لە کاتی مردنیدا تەمەنی بەشیر موشیر بە 75 ساڵ مەزەندە کراوە، بەو پێیە بێت ساڵی لە دایکبوونەکەی لەنێوان (1885 -1888ز.) دایە.
دوکانی خەیاتییەکەی کە کەوتبووە شەقامی ڕەشید لە بەغدا وەکوو یانەیەکی نووسەران و ڕۆشنبیران و سیاسییەکانی کورد بووە لەو کاتەدا، ئەوان بەردەوام لەوێ کۆدەبوونەوە.
یەکەم کۆمەڵەی سیاسی کە ئەو پەیوەندی پێوە کردووە کۆمەڵەی پشتیووانی کوردان بووە کە لە ساڵی 1927ز. لە بەغدا دامەزراوە.
-پیرەمێردی شاعیر نازناوی مامۆستای بە بەشیر بەخشیوە و لەلایەن هەواداران و دەوروبەرەکەیەوە نازناوەکانی (فەیلەسوف، شاعیر، زەعیم، موشیر)ی خراوەتە پاڵ.
-لە ساڵی 1931ز. پەرتووکێکی بە ناوی (سپارەی حەق پەرستی) لە بەغدا چاپ کردووە.
-لە ساڵی 1939ز. پەرتووکی (بەختنامە)ی وەرگێڕاوەتە بۆ کوردی، نووسەری پەرتووکەکە ناپلیۆن پۆناپارت بووە.
-لە 30 تەمموزی ساڵی 1963ز. لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە شاری بەغدا لە گۆڕستانی شێخ مەعروف لە کەرخ بەخاک سپێررا.
سەرنج: ئەم بابەتە وەک کەسێتی بەشیر موشیر شتێکە لەنێوان حەقیقەت و خەیاڵدا و ئیلهامی لە نووسینێکی مامۆستا کامیل ژیر وەرگرتووە بەناوی (بەشیر موشیر؛ ئەو سەرۆکەی نە درۆی کردووە، نە ڕاستی وتووە) .
هێمن باقر. [2]