ئەم شارۆچکەی لە 3 شارەدێ پێکدێت کە بریتین لە: دارەشەکران، #ڕزگاری#، #کەورگۆسک#. هەروەها (26 گەڕەک و 64 گوند) لەخۆ دەگرێت. شارۆچکەی خەبات دەکەوێتە ڕۆژاوای #هەولێر# لەسەر ڕێگای هەولێر -موسڵ بەدووری (37) کم لە شاری هەولێرەوە. هەروەها دەروازەی بەیەکەوە بەستنی هەردوو شاری موسڵ و دهۆکە بەپارێزگای هەولێر. شارۆچکەی خەبات دەکەوێتە سەر زێی گەورە بەناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگ و گەشتیاری ناسراوە لەبەر ئەوەی گەورەترین پڕۆژەی ئاودێری هەیە و ناوچەیەکی دارستانی بەرفروانی لێیە و سوودی گەشتیاری هەیە. ڕووبەری گشتی شارۆچکەی خەبات (275137) دۆنمە و دەکاتە (687) کم2. جیا لەسەنتەری شارۆچکەکە (3) شارەدێی لەخۆ دەگرێت بەناوەکانی (ڕزگاری-کەورگۆسک -دارەشەکران) و (3) کۆمەڵگە و (64) گوندی هەیە. ژمارەی تێکرای دانیشتووانی شارۆچکە (94307) و ژمارەی دانیشتووانی سەنتەری شارۆچکە (28462) کەسە. پاش بە شارۆچکە کردنی خەبات دامودەزگای حکوومی لێیە و پێداویستی سەرەکی بۆ ئەو شارۆچکەیە دابینکردووە کە سیمای شارستانی بەناوچەکە بەخشیووە.
لە ڕووی جوگرافییەوە: خەبات کەوتووەتە نێوان هەردوو هێڵی درێژی (35/45) پلە- (07/44) پلەی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی، نێوان هەردوو بازنەی پانی (08/36) پلە- (33/36) باکووری گۆی زەوی. دوابەدوای ڕێکەوتنامەی (11) ی ئازاری ساڵی 1970 (هنجیرۆک) وەک سەنتەری شارەدێکە دەستنیشانکرا، ناوی لێنرا (خەبات). یەکەم بەڕێوەبەری شارەدێکە بەناوی (شیخ ڕەئوف فەخرەدین) بووە. لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەی هەنجیرۆک لە تەنیشت گوندی هنجیرۆک درووستکراوە کە پێشتر تەنیا گووند بووە. (13) کەس ئەرکی بەڕێوەبەردنی شاردەێکەیان لە ئەستۆبووە و لەرێکەوتی 11-10-2004 بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (2371) کرا بە شارۆچکە یەکەم شارەداری ئەم شارۆچکەیە (ڕزگار مستەفا محەمەد) بووە و پاش بە شارۆچکە کردنی خەبات، پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لە ڕووی چری دانیشتووان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتییەکان کە چەندین گەڕەک بەناوەکانی (هەنجیرۆک ئاشتی 1، ئاشتی 2، ڕزگاری، کانی مام سنج، کۆمەڵگەی ئیداری، کشتوکاڵ، باستام، سەروەران) لەسنوورەکەدا چەندین پڕۆژەی ئابووری پێشەسازی گرنگ هەن کە لەئاستی پایتەخت و هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەردەگیرێت وەک پاڵاوتگەی نەوت، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز کەئاو بۆ بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێر دابین دەکات. کارگەکانی (ئاسن و کولا)و -عەمباری نەوت -کارگەی شیرەمەنی). پردی کۆنی خەبات کەوتووەتە سەر زێی گەورە کە خەبات شارەدێیی کەڵەک دەبەستێتەوەو مێژوی درووستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی. دواتر لە سەردەمی ئینگلیز کۆمپانیا هیندییەکان نۆژەنیان کردووەتەوە کە لە ڕووی بیناسازیەوە سیمایەکی مێژووی بەدرووستکردنییەوە دیارە.دارستانی خەبات لە ساڵی پەنجایەکان درووستکراوە کە زیاتر لە (400) دۆنم زەوی بەدارستانی چر داپۆشیووەو ئێستا وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سوودی لێ وەردەگیرێت.
شارەدێکان: 1_ دارە شەکران
ڕووبەر:492 کم دووجا گوند: 26 بوونی بەشارەدێ:2004 باری ڕووی زەوی: دەشت: 75% گرد:25 % 2_ ڕزگاری
ڕووبەر:481 کم دووجا گوند: 35 کۆمەڵگە:4 باری ڕووی زەوی: دەشت:80% گرد: 20% 3-کەورگۆسک مێژووی دامەزراندن: 2008/5/1 گوند: 17 ڕووبەر:50 هەزار و 408 دۆنم.