لە بەر ئەوەی زاراوە و زمانی کوردە لوڕە کان بە شێوەیەکی زانستیانە ئیشی ڕێزمانی و لێکۆڵینەوی لەسەر نەکراوە و تا ئێستاش کوردە لوڕەکان بە تایبەتیی ئەوانەی کە نیشتەجێی ناوچە لوڕ نشینەکان لە ڕوژهە ڵاتی کوردستانن ڕێزمانێکیان نییە بۆ نووسینی زمانەکەیان، زۆر لایەن وەکوو فارسەکان و تورکە ئازەرییەکان هەوڵیان داوە تاکوو کوردە لوڕەکان و شێوە زاری کوردی لوڕی وەکوو بەش یان لقێک لە نەتەوە و زمانەکانی خۆیان لە قەڵەم بدەن، یان بۆ ئەوەی جیاوازی بخەنە نێوان پیکهاتە کانی نە تە و ی کورد، زاراوەی کوردی لوڕییان بە زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردی پێناسە کردووە و چەندین تیۆری دوور و درێژ و بەڵگەی ساختەشیان بۆ تاشیوە.
ئەوەی کە شێوە زاری لوڕی بەشێکی جیایی هەڵنەگرە لە باقی شێوە زارەکانی زمانی کوردی لە لایەن زۆر کەسایەتی پایەبەرز و زمانناس و لێکوڵەر و دەیان پسپۆڕ و شارەزا لە بواری زماندا پشتڕاست کراوەتەوە، ئەگەر پسپۆڕانی زمانناس و نەتەوەناس ئەو دەرفەتەیان ببوایە کە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی و زانستی وپراکتیکیان کردبا لەسەر شێوە زارەکانی زمانی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و ناوچە لوڕ نشینەکان بە تایبەتیی بیگومان هیچ دوو دڵییەکی نەدەما لەوەی کە نەک تەنیا شێوەزاری لوڕی، بەڵکوو داب و نەریت و کولتور و زۆرینەی فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی لوڕ لەگەڵ باقی پێکهاتەکانی نەتەوەی کورد وەکوو یەکن و مێژوویەکی هاوبەش و دێرینیان هەیە.
زاراوەی لوڕیش دەچێتە چوارچێوەی شێوە زاری کرمانجی خواروو کە بۆ خۆیشی چەندین شێوە زاری جۆربەجۆری هەیە وەکوو زاراوەی خۆرماوایی (خوڕەم ئابادی)، بەختیاری، بویرئەحمەدی، مامەسەنی (مەمەسەنی)، کێوە گێلو، زاراوەی دزپێلی (دزفولی) و ئەندیمشکی، زاراوەکانی بوشەهری و هورموزیانی، دەشتستانی و تەنگستانی، بەردستانی، شوانکارە و …هتد کە زۆرینەیان زۆر لە یەک نزیکن و بە باشی لە یەکتر تێدەگەن و هەروەها هەزاران وشەی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ شێوە زارەکانی دیکەی زمانی کوردی.
جوگرافیای دانیشتنی کوردەلوڕەکان
زۆرینەی ئەو شوێنانەی کە کوردە لوڕەکان تیایدا نیشتەجێن هەڵکەوتوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ژمارەیەکی زۆریش لە کوردە لوڕەکان دانیشتووی باشووری کوردستان.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 7 پارێزگا بە تەواوەتی بە جەماوەر و جوگرافیای سرۆشتی و ڕامیارییەوە ژینگەی مێژوویی و هاوچەرخی کوردە لوڕەکانە کە ئەمانەن:
لوڕستان یان خۆرماوا (خوڕەم ئاباد) -چهارمەحاڵ و بەختیاری -کۆەگیلویە و بویرئەحمەد -پارێزگای شیراز کە ئێستا بە فارس دەناسرێت-مەرکەزی (ئەراک) -بوشەهر-هورموزیان (هورموزگان).
جگە لەمە کوردە لوڕەکان وناوچە لوڕنشینەکان بەشێکی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی وجوگرافیایی ئەم پارێزگایانە پێکدێنن واتە پارێزگاکانی:
کرماشان -ئیلام -هەمەدان -ئیسفەهان -باشووری کرمان -باکووری خوزستان.
لە باشووری کوردستان و وڵاتی کوردە لوڕەکان دانیشتووی ئەم پارێزگایانەن:
هەولێر -کەرکووک -سلێمانی -دیالە -صلاح الدین -واست -میسان. واتە لە شار و شارۆچکەکان و دەشتەکانی وەکوو: چەمچەماڵ، خانەقین، دووزخورماتو، جەلەوڵا، دەشتی هەولێر، دەشتی کۆیە، شارەزوور، دەشتی بیتوێن، مەنەلی (مەندەلی)، جەسان، ترساق، هەشیمە، زرواتیە، بایرای (بەدرە)، عەلی غەربی، عەلی شەرقی، باغسای، کووت و…هتد.
جیاواز لەمانە ژمارەیەکی زۆر لە کوردە لوڕەکان لە دەرەوەی جوگرافیا وناوچەکانی خۆیان دەژین، بۆ وێنە بەشێکی زۆر لە کوردە لوڕەکان لە باکووری ئێران لە پارێزگاکانی گیڵان و مازەندەران، لە باکووری خۆرهەڵسان (خوراسان)، قەزوین، زەنجان وناوچەی سایین قەڵای پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەژین کە زۆرتر لە خێڵەکانی “چگنی”، “پاپی”، “بەیرانوەند” و “چاردۆڵی (چەرداوڵی)ن. بەشێکی دیکە لە کوردە لوڕەکان کە لە خێڵی مامەسەنی (مەمەسەنی) ناوچەی نوورئابادی شیرازن کەوتوونەتە پارێزگای سیستان وبەلووچەستان. لە وڵاتی ئێراقیش جگە لەو کوردە لوڕانەی کە دانیشتووی ناوچەکانی باشووری کوردستان و لێواری سنووری ئێراق و ئێرانن هەتا پارێزگای میسان، ژمارەیەکی زۆر لە کوردە لوڕەکان (کە هەندێک لە سەرچاوەکان ژمارەیان بە زیاتر لە یە ک ملیون دەزانن) دانیشتووی شارە گەورەکانی ئێراقن وەکوو بەغدا کە بە ” کوردی لوڕ” یان ” کوردی فەیلی ناسروان.