ناو: جەلال
نازناو: جەلال ئیلنجاغی
ناوی باوک: خورشید
ناوی دایک: حەلیم
$ژیاننامە$
جەلال ئیلنجاغى فەرماندەى پارتیزان
نووسین و ئامادەکردنی: #ئاراس ئیلنجاغی#
یەکێک لە پێشمەرگە قارەمانەکان و پێشمەرگە هەرەپشوو درێژەکانى شۆڕشى نوێ و #یەکێتى نیشتمانى کوردستان# فەرماندە (جەلال ئیلنجاغی)یە، ناوى تەواوى(جەلال خورشید ڕەشید عەبدوڵلا ڕەسول خالید-کوڕەبۆر)ە، ناسراوە بە (جەلال ئیلنجاغى)، ساڵى(1956) لەخێزانێکى کوردپەروەرى نیشتمانپەروەرى #ئیلنجاغی گەورە# چاوى بەژیان هەڵێناوە، قۆناغى ناوەندى لەخوێندن تەواو کردووە، لەخوێندنى ناوەندییدا لە تەمەنى(14)ساڵیدا پەیوەندى بە(یەکێتى قوتابیانى کوردستان)ەوە دەکات، ساڵى(1971) لەتەمەنى پازدە ساڵیدا لەئۆرگانەکانى #پارتى دیموکراتى کوردستان# دەبێتە ئەندام، لەدواى جێ بەجێنەکردنى ڕێکەوتنى #11-03-1970# لەبارەگاى (بارزانى) لە (#قەسرێ#) لە هێزى دژە ئاسمانى ساڵى(1974) دەبێتە پێشمەرگە تا نسکۆى ساڵى 1975ز.
ساڵى(1977) لە ڕێگەى (#مەلا بەختیار#)ەوە پەیوەندى دەکات بەڕێکخستنەکانى (کۆمەڵەى مارکسى لینینى کوردستان)، دواى ئەو پەیوەندیکردووە بە (شەهید شاخەوان عەباس) و (فاروقى عەلى مەولود)، لە (22-03-1982) بە یەکجارى پەیوەندى دەکات بەتیپى 86ى دەشتى هەولێر و دەبێتە پێشمەرگە، لەسەر بڕیارى تیپەکەى بۆماوەى چەند مانگێک دەینێرنە کۆمیتەى هەولێر بۆلاى(دکتۆر #کەمال خۆشناو#)، محەمەدى مەلا مەحمود فەرماندەى کەرتى بووە، کە ئەو دەچێت هەریەک لە (شەهید وشیار عەبدولرەحمان بایز و #جاسم بایز کاوێس ئیلنجاغی# و گوشاد عەبدولرەحمان)یش لەوێ بوون، دواى(4)مانگ لەپێشمەرگایەتى کۆمیتەى هەولێر لەسەر داواى خۆى دەگوێزرێتەوە تیپى 86ى دەشتى هەولێر کەسنورى چالاکى خۆیان بووە، بۆماوەیەک لەمەفرەزەى تیپ بووە ڕاستەوخۆ شەهید شاخەوان عەباس سەرپەرشتیاریان بووە، هەر لەو ساڵەدا(1982)لەگەڵ تیپەکەى بەشدارى لێدانى سوپاى پاسدارانى ئێرانى کردووە لە کوردستانى ڕۆژهەڵات بەناوى(هێزى پشتیوانى)، پاش گەڕانەوەیان لەڕۆژهەڵات وەک پێشمەرگە دەگوازرێتەوە کەرتى(4)ى کەندێناوەى تیپى 86ى دەشتى هەولێر لەسنورى قەراج وکەندێناوە، لەکۆتایى ساڵى(1983)بووە بە(فەرماندەى مەفرەزە)لەهەمان کەرتدا، بەشدارى چەندین چالاکى جوامێرانەى کردووە لەقەراج وکەندێناوە، دیارترینیان شەڕى(مەلەک ئاغا)ى 14-11-1983بووە کە هەردوو فەرماندە(شەهید فاروق شیواشۆکى و شەهید قادر خورمەڵە) شەهیدبوون، ساڵى(1984)لەکاتى گفتوگۆى نێوان حکومەتى عێراق وسەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان پێکهاتەى تیپى 86ى دەشتى هەولێر گۆڕانى بەسەرداهاتووەو تیپى 87ى قەرەچوغى لێ پێکهاتووەو بەهەمان پلەى(فەرماندەى مەفرەزە)گواستراوەتەوە تیپى 87ى قەرەچوغ.
ساڵى(1985)بەهەمان پلە دەگوازرێتەوە کەرتى(2)ى شەهید ئەحمەد قەمبەرى تیپى 86ى دەشتى هەولێر بەفەرماندەیى(شەهید باقى بارزانى) کە لەداستانى ئازیانەدا لەدواى شەهیدبوونى شەهید باقى بارزانى لەگەڵ(سەلام عەباس حەمەدەمین ئیلنجاغى) بەیەکەوە ڕۆڵى فەرماندەى کەرت دەگێڕن و گەورەترین سەروەرى لەخەباتى پێشمەرگایەتى تۆماردەکەن، ساڵى(1986)لەکەرتى(4)ى بەردەباز لە تیپى 86ى دەشتى هەولێر دەبێتە(جێگرکەرت) بەفەرماندەیى(عەلى پونگینە)، لەهەمان ساڵدا دەگوازرێتەوە کەرتى(5)ى گۆرقەرەجى هەمان تیپ و دەبێتە جێگرى(ئەحمەد کوردە).
ساڵى(1987)دەبێتە فەرماندەى کەرتى(4)ى شەمامک لە تیپى 87ى قەرەچوغ، پاش ماوەیەک لەسەر بڕیارى مەڵبەندى(3)دەگوازرێتەوە تیپى 86ى دەشتى هەولێرو دەکرێتە فەرماندەى کەرتى(6)ى ئەو تیپە، بەردەوام دەبێت لەخەباتى پێشمەرگایەتى لەو پلەیەدا تا دواى ئەنفالەکان، لەنێو قۆناغەکانى ئەنفاڵدا گۆڕانکارى لە پێکهاتەى تیپەکان کراو ولەمانگى تەمموزى 1988دەکرێتە فەرماندەى تیپى 86ى دەشتى هەولێرى پارتیزانەکانى ڕەتڵى هەولێر، درێژە بەخەباتى فەرماندەى یەکەى پارتیزانى دەدات بۆماوەى(14)مانگ لەدەشتى هەولێر، لە #16-09-1989# دەگەڕێتەوە سەرکردایەتى و ساڵى(1990)تیپەکان لەڕووى پێکهاتەوە بوونە بەشێک لە(بەتالیۆن)، بەتالیۆنى(8ى هەولێر)پێکهات(جەلال ئیلنجاغى) تێداکراوە بەفەرماندەى تیپ و(شەهید مەلا سولێمان)بووە بەفەرماندەى بەتالیۆنەکە.
لە(17-1-1991)یەکێتى نیشتمانى کوردستان بەگوێرەى بەرنامەیەک لەهەموو سنورەکان مەفرەزەى ناردەوە بۆ کوردستان بۆ (پەیامگەیاندن ونامەناردن و خۆسازدان و پەیوەندیکردن بەجەماوەر)ەوە، مەفرەزەکەى جەلال ئیلنجاغى بۆ سنورى #کەسنەزان# و ڕۆژهەڵاتى هەولێر دەنێرێت، ئەویش لەڕێگەى پەیوەندییەوە چەند مەفرەزەیەک ڕێکدەخات و لە (15-02-1991) دەگەنە ناو شارى هەولێرچاوەڕێ دەکەن تا شانەچەکدارەکانى بروسک وجەماوەر لە(11-3-1991)دەستدەکەن بەڕاپەڕین.
دواى ڕاپەڕینى بەهارى 1991 لەچەند وێستگەیەک درێژە بەخەبات دەدات:
1-ساڵى 1991دەکرێتە فەرماندەى(بەتالیۆنى 3ى زورگەزراو)لەهێزى(10ى هەولێر) بارەگاکەى لە شارۆچکەى(#قوشتەپە#) دەبێت، ئەوێ رۆژێ هەموو هەولێر(4)بەتالیۆنى هەبووە بەڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوایەوە.
2-ساڵى(1992)لەپێکهاتەى نوێ دەبێتە فەرماندەى(هێزى زورگەزراو)، هەمان ساڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هەموو هێزەکانى سنورى پارێزگاى هەولێرى کردەوە بەیەک و بووە(میحوەرى هەولێر)، سەفین مەلا قەرە بووەفەرماندەى میحوەرو جەلال ئیلنجاغى و فاروقى عەلى مەولود بوونە جێگرى میحوەرى #هەولێر#.
3-ساڵى(1993) لەسوپاى یەکگرتووى کوردستان بووە فەرماندەى لیواى(41ى دهۆک)بۆماوەى زیاتر لەساڵێک لە سنورى پارێزگاى #دهۆک# مایەوە.
4-دواى دەستپێکردنى شەڕى نەگریسى ناوەخۆ ساڵى(1994-1995) فەرماندەى لیوا بووە لە شارى #کۆیە#.
5-ساڵى(1995-1996)بۆ ماوەیەک بووە بەلێپرسراوى میحوەرى (گوێر-پیرزین).
6-ساڵى(1996-1997) لەقەلاچوالان بەشدارى خولى ئەفسەرانى کردووە و پلەى سەربازى پێدراوە.
7-ساڵى(1997-1998)فەرماندەى هێزى پێشمەرگە بووە لە فەرماندەییەکانى (بەڕانەتى و هەولێر).
8-ساڵى(1999-2003)لەدەستەى کارگێڕى لەفەرماندەیى گشتى هێزى پێشمەرگەى کوردستان کاریکردووە.
9- ماوەى(2ساڵ و4مانگ)بەرێوەبەرى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى نەوت وگازى هەرێمى کوردستان بووە بەپلەى(عەمید).
10-بەشدارى هەرسێ کۆنگرەى یەکێتى نیشتمانى کوردستانى کردووە و لە کۆنگرەى(3)کاندیدێکى دەرنەچووى ئەم حزبە بووە، ئێستا پلەى سەربازى لیوایە و لەژیانى پێشمەرگایەتیدا دوو مەداڵیاى زێڕینى پێ بەخشراوە(مەداڵیاى زێڕینى پارتیزانى لەساڵى 1992لەلایەن #مام جەلال#ەوە پێ بەخشراوە لەگەڵ مەداڵیاى زێڕینى پێشمەرگە دانەبڕاوەکانى شۆڕشى نوێ لەساڵى 2007).[1]