ناو: محەمەد
ناوی باوک: قادر
نازناو: بەرزی
ڕێکەوتی لەدایکبوون: #20-07-1946#
شوێنی لەدایکبوون: گەڕەکی #گۆیژە#ی شاری #سلێمانی#
#ژیاننامە#
ناوی تەواو (محەمەد قادر محێدین) ە، ڕۆژی #20-07-1946# لە گەڕەکی #گۆیژە#ی شاری #سلێمانی#دا هاتوومەتە دنیاوە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دوای ناوەندیم لەو شارە سەربەرزەدا تەواوکردووە، لە ساڵی 1971 دا بەشی کارەبام لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی تەکنەلۆجیای بەغدا تەواوکردووە. هەر لەو ساڵەدا لە کارگەی شەکری سلێمانیدا دامەزراوم، لە ساڵی 1987 دا و پاش داخستنی کارگەی ناوبراو گوێزراومەتەوە بۆ کارگەی جگەرە و پوختەکردنی تووتن، پاشان لە ساڵی 1993 دا و بۆ شکاندنی تەوقی گەمارۆی ئابووری سەر کوردستان، لەلایەن پڕۆژە تایبەتییەکانی سەربە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە دەستنیشانکراوم بۆ ئەندامییەتی لیژنەیەک بۆ درووستکردنی پاڵاوگەیەکی خۆماڵی بۆ پاڵاوتنی نەوتی خاو لەناو کارگەی شەکردا بە توانای حەوت هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەشێکی سەرەکی ئەو پاڵاوگەیە لەلایەن بەندەوە نەخشەی بۆ کێشراوە و سەرپەرشتی دانان و دامەزراندنی کراوە. ئەمڕۆ ئەو پڕۆژەیە بووەتە جێگای شانازی میللەتەکەمان. لە کۆتایی ساڵی 1996 دا وەک پەنابەرێک لە وڵاتی یوتای ئەمەریکادا گیرساومەتەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لە ساڵی 2004 دا گەڕاومەتەوە بۆ کوردستان و لە دەزگای گشتی پڕۆژە تایبەتییەکاندا و تا هەڵوەشاندنەوە ئەو دەزگایە درێژەم بە کارەکانم داوە.
لە سەرەتای ساڵی 1967 دا پەیوەندیم بە ڕیزەکانی (کاژیک) و کردووە و تا ساڵی 1975 لەو ڕێکخراوەدا ئەندامبووم، لە ساڵی 1974 دا پەیوەندیم بە شۆڕشی ئەیلولەوە کردووە و تا هەرسی ئەو شۆڕشە لە هێزی ئەزمڕدا پێشمەرگە بووم.
لە ساڵی 1976 دا ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە و خاوەنی سێ گوڵی بۆنخۆشم بەم ناوانە: (هێشوو، بلور، بەیار)... هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوەی کوردی بووم، وانەی کوردی خۆشترین وانە بووە لە لام، هەر ئەم خولیایە کارێکی وای کردووە ناوە ناوە لا لە نووسین بکەمەوە و لە زوربەی زۆری گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا نووسینەکانم بڵاوبکەمەوە. یەکەم بەرهەمم بریتیبوو لە هۆنراوەیەک لەژێر ناوی (هەڵۆی کورد) دا، کە لە ڕۆژنامەی #هاوکاری# ژمارە (41) ی ڕۆژی (#17-10-1970#) دا بڵاوکراوەتەوە، پاشان لە هۆنراوە دوور کەوتوومەتەوە و زیاتر گرنگیم بە بابەتی زانستی داوە و تا ئێستا نزیکەی 100 وتارم لە گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە. ئەوەی شایەنی باسە تا ساڵی 1996 نووسینەکانم بە ناوی (ئەندازیار: حەمە قادر) ەوە بڵاوکردووەتەوە و لە دوای ئەو ساڵەشەوە بە ناوی (محەمەد بەرزی) یەوە. شانبەشانی ئەو نووسینانەش حەوت پەرتووکی چاپکراوم هەیە، کە بریتیین لە دوو پەرتووکی زانستی بە ناوی: (وزەی خۆر و کوڵێنەری هەڵم) و پێنج پەرتووکیش بۆ منداڵان بەم ناوانە: (ناسک و ورچەکە، بازن، مریەم، خۆزگە، بەرخەکەی لانە)، کە بریتین لە 54 هۆنراوە و چەندین چیرۆک، کە زوربەیان لە ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی. ئێستاش لە ئەمەریکادا دەژیم.
=KTML_Bold=بەرهەمەکانم بۆ منداڵان کە هۆنراوە و چیرۆکن:=KTML_End=
1-ناسک و ورچەکە
2-بازن
3-مریەم
4-خۆزگە
5-بەرخەکەی لانە
6-مرواری
=KTML_Bold=بەرهەمە زانستییەکانم:=KTML_End=
1-وزەی خۆر
2-کوڵێنەری هەڵم [1]