ناو: بورهان
نازناو: بورهان جاهید
ناوی باوک: محەمەد عەبدولڕەحمان
ساڵی لەدایکبوون: 1918
ڕێکەوتی کۆچی دوایی: #21-01-1991#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی کۆچی دوایی: هەولێر
$ژیاننامە$
بورهان محەمەد عەبدولڕەحمان دۆغرەمەچی بە بورهان جاهید ناسراوە، لە ساڵی 1918 زایینی لە شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان لەدایکبووە. ژیانێکی سەختی پڕ لە نائومێدی تووشی مەی و مەیخانەی کردووە، لە ژیانیدا بەزۆری سەرخۆشی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام جگە لە خۆی زیانی بۆ کەسی تر نەبووە.
جاهید قۆناغی خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ئوولای هەولێر (ئەربیل ئولا) تەواو کردووە.
لە تەمەنی منداڵیدا باوکی کۆچی دوایی کردووە. دایکی شووی بە شوبرای خۆی کردووەتەوە کە جەبار ئاغای کانی شاعیرە، واتە مامی جاهید، لەبەر ئەوە لە ماڵی مامیدا گەورە بووە.
لە دوای خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی ناوەندی هەولێر خوێندوویەتی. لە پۆلی دووەم لە ساڵی 1934 لە قوتابخانە دوورکەوتووەتەوە، لەو سەردەمەدا دایکی کۆچی دوایی کردووە و بێپەنا ماوەتەوە، تووشی دەست کورتی و ئاوارەیی بووە.
کە ناوی بۆ خزمەتی سوپا هاتووەتەوە ڕۆشتوە بۆ سەربازی، ساڵی 1937 تاکوو ساڵی 1940 لە ئۆردووگاکانی #کەرکووک# و #سلێمانی# و #کۆیە# و #ڕواندز# سەرباز بووە. هەر ئەو کاتەی خزمەتی سەربازی تەواو کردووە خووی داوەتە سەرخۆشی و ژیانێکی بێسەروبەری بردووەتە سەر. زۆربەی ژیانی ڕۆژانەی بە سەرخۆشی بەسەربردووە. بەڵام بێوەی بووە زیانی بۆ خۆی نەبێت بۆ کەسی تری نەبووە.
ساڵی 1945 جاهید یەکێک بوو لەوانەی بەهۆی بزووتنەوەی ئەو سەردەمەی بارزانییەکان بەر لێشاوی حکوومەتی ئەو کاتەی ئێراق کەوتوون و ماوەیەک لە گرتووخانە ماوەتەوە.
لە پەنجاکانی سەدەی بیستەم هاوسەرگیری کردووە، ماوەی سەرخۆشی و ئاوارەیی لە ژیانیدا تا پلەیەک بەسەرچوو و وازی لە خواردنەوەی مەی هێنا. لەو کاتەدا بوو بە مووچەخۆر لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕێگاوبان و هاتوچۆی هەولێر، دواتر کارگێڕی نامەخانەی ناوچەی #عەنکاوە#ی پێ سپێردرا لە هەولێر و لە دوای ماوەیەک خانەنشین کرا.
لە ڕۆژی 21-01-1991 زایینی لە هەولێر کۆچی دوایی کرد، هەندێک هۆنراوەی جوان و بەپێزی لە دوای خۆی بۆ نەتەوەکەی بەجێهێشت. [1]
$نموونەی هۆنراوە$
لە شەڕ دوورم لە غەم دوورم لە ناو دڵ ساف و خالیمە
لەبەر ئەم حاڵەم لە ئەم ئەفلاکە حاڵیمە
ئەگەر سەد ساڵە عومرم بێ ئەسەف نابەم بە ژینی خۆم
بەیەک ساڵە ئەزانم خۆم لە دەورێکی مناڵیمە