2 هەزار و 328 بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم، ئەحمەد نەجمەدین، خەرجی مانگانەی هەر سزادراوێک لە هەرێمدا نزیکەی 1800دۆلار (18وەرەقەیە)، دوا ئاماری سزادراوانی هەرێمیش 2هەزار 328 کەسە. بەڕێوەبەری چاکسازی گەوران لە #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێ، لەچوار بەش، بەشێکی سزادراوەکانیان خەڵکانی بیانییە، شارەزایەکی ئابووریش بەپێویستی دەزانێ، بەمەرجی پاراستنی گیانیان، سزادراوانی بیانی ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکرێنەوە چونکە مانگانە خەرجیەکی زۆریان دەوێت.
ئا: ئاسۆ سەراوی
ژمارەی سزادراوان و خەرجی مانگانەیان
وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم، عەباس ئەکرەم ڕایدەگەیەنێت، 2هەزار و 328 سزادراو بەتاوانی جۆراوجۆر لەنێو بنکەی چاکسازییەکانی گەوران و ژنان و منداڵان لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمیکوردستان حوکمدراون. ئەمە جگە لەو کەسانەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوەدا ڕاگیراون، کە هەر یەکێکیش لەوانە بەسەدان کەسیان تێدا بەندیە.
بەڕێوەبەری گشتی چاکسازیەکانی هەرێم، لەوەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئەحمەد نەجمەدین لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە ئاماژە بەوە دەکات، خەرجی مانگانەی هەر سزادراوێک لە هەرێمدا نزیکەی 1800 دۆلارە و ئەو سزادراوانەش کە خەڵکی هەرێمن و خێزاندارن، مانگانە 150هەزار دیناری دەدرێتە خێزانەکانیان.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە جەخت لەوە دەکاتەوە هەر سزادراوێک زۆر بەباشی بەپێی بەرنامەیەکی بۆ درێژراو خزمەت دەکرێت و جگە لەسێ ژەمە نانخواردن و پێداویستی ڕۆژانە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ساڵانە دوجاریش جلوبەرگی هاوین و زستانە بۆ سزادراوەکان دەکڕرێت ئەگەر باس لەخەرجی مانگانە هەر سزادراوێک بکەین، دەبێت لێکدانەوەی ورد بۆ هەموو لایەنەکانی بکەین، هەر لەپێداویستی ڕۆژانە و خەرجی گواستنەوە و شوێنی مانەوە و مووچەی پاسەوان و زۆر لایەنی تریش، بەپێی لێکدانەوەکانی ئێمە خەرجی هەر یەکێک لەسزادراوەکان مانگانە دەگاتە 1800 دۆلار.
زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانییە
زۆرترین سزادراوەکانی هەرێم، لە پارێزگای سلێمانیدایە، بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی 997 کەس لەگەوران و ژنان و منداڵان بەتاوانی جیاجیا لە سلێمانی سزادراون، عەمید ئاوات شێخ کەریم بەڕێوەبەری چاکسازی گەورانی سلێمانی کە زۆرترین سزادراوەکان کە نزیکەی 840 سزادراون لەنا و بەڕێوەبەرایەتییەکەی ئەواندایە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە، باس لە زۆری خەرجیەکانی هەر یەکێک لەو سزادراوانە دەکات، ناوبراو ئەوە دەخاتە ڕو یەکێک لە زۆرترین خەرجیەکانیان، خەرجی گواستنەوەیە، هۆکاری ئەوەش وەک خۆی دەڵێت هەر سزادراوێک بچوکترین نەخۆشی هەبێت، ڕاستەوخۆ دەیگوازینەوە بۆ نەخۆشخانە، دیارە گواستنەوەش بەئۆتۆمبیلی گەورەی ئەمەریکی 8بستۆنە، بەنزین و خەرجیەکی زۆرتری دەوێت، ئەگەر لە نەخۆشخانەش بمێنێتەوە پاسەوان و خەرجیەکی تری دەبێت. لەناو ئەو چاکسازیەدا و لە کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا 842 سزادراو هەبو، کە بەوتەی عەمید ئاوات لەو ڕێژەیەش لەچوار بەش بەشێکی خەڵکانی بیانییە کە زۆرترینیان ئێرانییە و دوای ئەوەش بەنگلادیشی و هیندیە، ئەو دەڵێت بەبڕوای من خەرجی هەر سزادراوێک مانگانە لەنێوان 1ملیۆن250هەزار دینار تا1ملیۆن 500هەزار دینار دەبێت.
ئەو باس لەوەش دەکات، کە تا ئێستا وەرشەی کاریان نییە و ئەو کارانەی زیندانییەکان خۆیان دەیکەن وەک کڵاش چنین و چەند ئیشێکی دەستی تر، شتێکی تەقلیدیە بەبەرنامەیەک ڕێکنەخراوە هەندێک لەسزادراوەکان کڵاش دەچنن و هەندێکی تریان ئیشی دەستی جۆراوجۆر دەکەن، بەڵام ئەوانە کاری لاوەکین و سزادراوەکان خۆیان پێیهەڵدەستن، نەک ئەوەی ئێمە وەرشەی کارمان بۆ دانابن، دوای تەواوبوونی بینا نوێکەمان پێشبینی دەکەم وەرشەی کار بکەینەوە.
خەرجی ڕاگیراوانیش هەمان بڕە
جگە لەسزادراوەکان سەدان کەسی تریش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوەدا ڕاگیراون و بەندین، هەر یەکێک لەوانەش ڕۆژانە خەرجیەکی زۆریان دەوێت. بەڕێوەبەرایەتییەکانی گرتن و گواستنەوە جگە لە هەرسێ شارەکەی هەرێم لە #گەرمیان# و ڕانییەش بوونی هەیە. لەو بەڕێوەبەرایەتیانەش بەهەمانشێوە خەڵکانی بیانیش بوونی هەیە.
بەڕێوەبەری گرتن و گواستنەوەی سلێمانی لە ئێستادا نزیکەی340 ڕاگیراوی تێدایە بەڕێوەبەری گرتن و گواستنەوەی سلێمانی هیوا عەلی لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنە باس لە زۆری خەرجی هەر یەکێک لەو ڕاگیراوانە دەکات بەتایبەت خەرجی گواستنەوەیان بۆ دادگاکان، ئەمە جگە لەخەرجی خواردن و پێداویستییەکانی تری ڕۆژانەیان، ئەو دەڵێت تا ئێستا بەوردی لێکدانەوەمان بۆ ئەوە نەکردووە، کە هەر ڕاگیراوێک مانگانە خەرجیەکەی دەکاتە چەندە، بەڵام لەگەڵ سزادراوەکان ئەو جیاوازییەیان هەیە، ئێمە جلوبەرگیان بۆ ناکڕین، بەڵام لە زۆری خەرجی هاتوچۆدا پێشبینی دەکەم ئێمە زیاتر بین، وای بۆ دەچم هەمان خەرجی سزادراوانمان هەبێت.
پێویستە سزادراوانی بیانی بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان.
ئابووریناس و خوێندکاری دکتۆرا لە بواری ئابووری لە وڵاتی بەریتانیا جەمیل عەلی باس لەوە دەکات، لە وڵاتانی پێشکەوتو سزادراو لە بەرانبەر ئەو خەرجیانەی حکومەت بۆی دەکات، ئەویش لە بوارێکی خزمەتگوزاری گشتیدا کاری پێ دەکرێت. ئەو ئاماژە بەوەش دەکات هەندێک لە وڵاتان بەمەرجی پارێزراویی گیانیان سزادراوی بیانی ڕادەستی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە دەکرێت حکومەتی هەرێمیش کارێکی وەها بکات، ئەو سزادراوە بیانیانە بگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەمەرجی ئەوەی گیانیان نەکەوێتە مەترسیەوە، چونکە ئاشکرایە هەر یەکێک لەو سزادراوانە خەرجیەکی زۆری دەوێت.
ئەو بەپێویستیشی زانی هەر یەکێک لەو سزادراوانە بکرێنەوە بەکەسێکی وەبەرهێن، تا بەتەنیا بەکارهێن نەبن دەکرێت سزادراویش بکرێتەوە بەکەسێکی وەبەرهێن بەوەی لەناو زینداندا کارخانە و وەرشەی کار هەبێت، تا سزادراوان کاری تێدا بکەن، ئەمەش دوو سوودی هەیە، هەم لەروی دەروونییەوە سزادراوەکە ئاسوودەیە و هەم سەرچاوەی دارایشی دەبێت.
لەو2هەزار و 328سزادراوەی هەرێم، 665 لە #هەولێر#ن و 997 لە سلێمانی و 666یان لە پارێزگای #دهۆک#ەسزادراو لە هەرێمدا هەیە و خەرجی هەریەکێکیان مانگانە نزیکەی 1800 دۆلار
...
-13-08-2013