چۆن ڕۆژی ئەنفال دیاریکرا؟
نووسینی: #عەلی مەحمود محەمەد#
بۆ یادی ئەنفالی 2024 بابەتێکم نووسی بەناوی ( 14-4 کێ کردی بە ڕۆژی ئەنفال ؟ ), تا لە ڕۆژنامەی #کوردستانی نوێ# بڵاو بکرێتەوە,دواتر لە ڕۆژنامەکەوە پەیوەندییان پێمەوە کرد کە بابەتەکەت درێژە کورتی دەکەنەوە, بۆیە وتم ڕایگرن, کەچی کە ژمارە 9147ی ڕۆژنامەکە لە ڕێکەوتی 14-4-2024 کە دەرچوو بابەتێکی کاک تەییب جەباری تێدا بڵاو کرابووەوە بەناوی ( چۆن 14-4 کرا بەساڵڕۆژی ئەنفال؟), زۆر لام سەیر و سەرنجڕاکێش بوو, چ ڕێکەوتێکە دوو کەس بە یەک ناونیشان بابەت بۆ یەک ڕۆژنامە بنووسن؟, بابەتە پڕ لە سەرچاوە و وردەکەی من ڕەتبکەنەوە, بابەتە سادەکەی خۆیان بڵاو بکەنەوە, دەبێت سیاسەت تەداخول لە هەموو شتێک بە مێژووەوە بکات؟.
بۆ ڕۆژێک؟
ئەنفال مەرگی خێرا و لەسەرخۆی بە ئازاری گەلێک بوو, مەرگێک پڕۆسەی ڕوح کێشانەکەی 197 ڕۆژی خایاند, ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیکردنی لادێنشیینەکان کوردستان و سووتاندنی خاک و وێرانکردنی ئاوەدانی و وشککردنی سەوزایی و کانییەکانی و نەهێشتنی مرۆڤێک بە ناوی کوردەوە, لە سەرەتا لە دەرەوەی شارەکان جاڕی کۆمەڵکوژی دا, دوایی ناو شارەکانیشی گرتەوە, سوپای ئێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفە و مەفرەزە تایبەتییەکانەوە وەکوو حەزییایەک لە هەر چوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێکانی کوردستانیان دا, ئەوەی ڕزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە ببڕای ببڕای نەیانمان بینییەوە. هەموو ڕۆژەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنی مەرگە, مەرگەساتێکی پڕ لە وەیل بوو, ڕۆژگارەکانی دواشی ژیانی ناو مەرگەساتەکانی #تۆپزاوە# و #نوگرە سەلمان#, چاڵ و پەناگای گوللەبارانکردنی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوان هەموو مێژووییەکی دانەبڕاون لە یەکتر, بە ئەڵقەیەکی هەتاهەتایی پێکەوە گرێدراون, مێژوویەک بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی هەموو ئەو تاوان و کارەسات و قوربانیانە بکرێتەوە کە لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام دران بە ناوی ئەنفال. ئەوەی لە ناوییدا نەژییا بێت, ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناکەکانی تاوان و کارەساتە جەرگبڕەکانی نەبینیبێت, ئەوەی ئێش و ئازارەکانی بە جەستە و ڕوح نەچەشتبێت, ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەکانی, گەڕان بە دوای پارچە جگەرەکانی، ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت و لەو جەهەنەمە نەگەڕابێتەوە, ناتوانێت وینای چیرۆکەکانی ئەو مەرگە ساتە بکێشێت, ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر دوورترە, ئەمە ئەو جیهانەیە لە وێنای جەهەنەمی ئایینەکان و دۆزەخی عاشقان گەورەترە, ئەمە جیهانێکی تایبەتە کورد ناوی ناوە ئەنفال و مرۆڤایەتیش ناوی ناوە جینۆساید.
خۆ ناشتوانرێت هەموو ڕۆژەکانی ئەنفال, بکرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەکانی قوربانیان, چونکە فەزایەک بۆ ژیان, کاتێک بۆ بیرکردنەوە و هەنگاو نان بۆ ئاییندە, چرکەساتێک بۆ ژیانی دواڕۆژ نامێنێتەوە .
لە بیرکردنەوەی یاداوەرییەکانیش مانای لە بیرکردنی تاوان, لە یاد کردنی خیانەت, لە بیر کردنی مێژووی تاڵ و شکستەکانی ڕابردوو دێت, گەلێکیش ڕابردووی غەدر و کارەساتەکانی لە بیر بکات, مانای ڕازییە بە کوشت و بڕەکانی داهاتووش, مانای ملکەچ دەکات بۆ زەلالەت و قەسابییەکان کەوا چاوەڕوانین, لە بیرکردنی یاداوەرییەکان یانی دەست ئاواڵە کردنی داهاتووە بۆ دووبارە بوونەوەی کارەساتە ترسناکەکان. بۆ ئەوەی لە داهاتوو مەرگە سات و قەسابی کردنەکانی ڕابردووی خۆمان لە یاد نەچێت, بۆ ئەوەی ئێسکەکانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەکان دەرکەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجییەکان بکەین, پێویستمان بەوە هەیە لە ڕێگەی یاد کردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەک گەلێکی بەردەوام لە پرسە و خەبات کەر بۆ دواڕۆژێکی ڕۆشن دانێین, گەلێک ئامادەیی ئەوەی هەیە ڕابردووەکان خۆی وەک ئەوەی هەبووە بخوێنێتەوە بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو, ئێمە چاومان لە داهاتووە, بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داهاتوییەکی ڕوون و گەش دابین بکەین و هەڵەکان دووبارە نەکەینەوە, هەرچەندە بوونی تاوانبارانی کورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەکات و یادکردنەوەکانمان تاڵە کەن، بەردەوام ئازارمان دەدەن.
یادکردنەوە بەشێکە لە قەرەبووی ڕوحی, بەشێکە لەخۆ ئامادە کردنەوە بۆ هەنگاونان بۆ دادپەروەری, بەشێکە لە بەرەو ڕوبوونەوەی مەرگ و کەرامەت.
بۆ ڕێکەوتی 14-4
#شێخ وەسانان# و #بادینان# و شاری سەردەشت یەکەم شار وناوچە بوون, بەر لێدانی چەکی کیمییاوی کەوتن لە کوردستان, بەڵام هەڵەبجە کرا بە ڕۆژی شەرمەزارکردنی چەکی کیمیایی لە کوردستان و چووە لیستی گینزەوە وەک خاوەند زۆرترین قوربانی چەکی کیمیایی لە جیهان, چونکە قەبارەی زیانەکانی گەورەتر بوو لە هەمووان و تاوانەکە ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر کە دواتر کە هاتن. بۆ بەرز ڕاگرتنی یادگە, هەموو تاوانێک پێویستە ڕۆژێک هەبێت بۆ یادکردنەوەی, بوونی ڕۆژێکی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەکە لەلایەن نەتەوە و بۆ لەبیر نەکردنەوە و سزا دانی بکەرانی, هەروەها گرنگیشە بۆ بەردەوام هێشتنەوەی لە زەینی نەوەکانی داهاتوو و باشتر کردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە, ئەمە لەپاڵ ئەوەی بەرز ڕاگرتنی یاداوەری بەشێکە لە قەرەبوو کردنەوەی مەعنەوی قوربانیان.
کام ڕۆژ بۆ ئەنفال؟
ئەنفالیش بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژێک تیایدا دیاری بکرێت بۆ یادکردنەوەی ئەو تاوانە 197 ڕۆژییەی کە لە جەرگەیدا نزیک بە 10 گەلەکەمانی تێدا کوشت و بڕ کرا, نە یەکەم ڕۆژی و نە دواڕۆژی ئەو تاوانە لە ڕویی مرۆییەوە ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بکرێن بە ناوەندی ڕۆژی یاداوەری, گەورەترین قەبارەی تاوانەکە لەپڕۆسەکە ئەنفالی سێی گەرمیانە .
ئەنفالی گەرمیان کە لە ڕۆژی ڕەشی 7 نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێ کرد و لە 20-4 کۆتایی پێهات, وەک بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەکان بوو, هەرچەندە لەم شاڵاوەیان چەکی کیمیایی بەکار نەهات جگە لە گوندی تازە شار وەک شیمانە دەکرێت, بە پێچەوانەی ئەنفالەکانی دیکە, کە سەرجەمیان بە لێدانی چەکی کیمیایی دەستیان پێکرد, وەلێ پێدەشتەکانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبوونەوەی سوپای بەعس بۆیە زیانەکان گەورە بوون، ئەمە لەپاڵ لە خشتەبردنی خەڵک لەلایەن جاشەکانەوە بە بوونی لێبوردنی گشتی, هەندێک جار مەلای مزگەوتەکانیش کەوتوونەتە ئەو تەڵەیەوە.
لە گوندی تازە شار کە چەکی کیمیاییش بەکار هات پێشمەرگەکانی (#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، حیزبی شیوعی ئێراقی) قوربانی گەورەیان دا, بەڵام نەتوانرا پێش بە هێرشەکان بگیرێت, قەبارەی سوپای هێرشبەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوەی پێشمەرگە و جەماوەر, کە پێشر لە دوو پڕۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی کاریگەریان بەر کەوتبوو و تواناکانیانی لاواز کردبوو.
زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال لەپڕۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەکانی 13-14-15—4-1988دا بوو, بە تایبەتیش ڕۆژی 14-4, زیانەکانی ئەو ڕۆژانەی تاوانەکە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون کە بە سێیەک بۆ نیوەی کۆی قوربانییەکانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت, شەوی 13 لەسەر 14ی 4 بازنەی ئابلوقەدانی خەڵک تەسککرایەوە, کە ڕۆژی دواتر لە گوندی ملە سوورە زۆربەی خەڵکەکە لەلایەن جاشەکانەوە ڕادەستکرانەوە, لەو ڕۆژانە لە قادر کەرەم و سەنگاو لەیلانیش زیانەکان زۆر بوون, لە ڕۆژی 14 نیساندا لە هەردوو گوندی ملەسوورەو کوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵکی ناوچەکە پاش تەنگکردنەوەی بازنەی ئابلوقە لە سەریان بە ئالای سپییەوە لەوێ کۆببوونەوە, هەموویانیان کۆکردەوە و ئەنفالیانیان کردن, جاشەکان ڕۆڵی کارایان هەبوو لە ئەنفالکردنی ئەو خەڵکە, لەو ڕۆژەدا هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە کە بەشی زۆریان ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە بوون کۆکرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆر و ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتییانی ئەنفالکراو گواسترانەوە بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو (#قۆڕەتوو# دەکەوێتە سنووری شارەدێی #مەیدان# ی شاری #خانەقین# ەوە, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی 1974 ەوە بەعەرەبکردن کراوە). پاشماوەی شمەک و جلوبەرگەکانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەکانیش مابوون.
بەم هۆیەوە ڕێکەوتی 14-4 وەک ڕۆژێک تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال گەیشتە ترۆپکی تاوان هەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال, ڕۆژێک دەیان هەزار هاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسکردنەوەیان لەناو بازنەیەکی تەسک لەلایەن جاشەکانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف و چەندینی دیکە ڕادەست بە بەعس کرانەوە, بۆیە کاتێک 14-4 دێتە پێشەوە, دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییکردن, ئەگەر تا ئێستاش دادگایی نەکرابێتن مخابن دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانیش بەشێکیانی وەک تۆمەتبار بۆ دادگاییکردن ناساند
حکومەت لە خەو هەڵستا
دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال هەنگاوێکی گرنگ بوو لەسەر دیاریکردنی ڕاستە ڕێگایەکی درووست بۆ بە گەلی کردنی یاداوەری تاوانی ئەنفال و جینۆسایدناسینی و بە مێژووکردنی و هەوڵدان بۆ باشتر کردنی باری ژیای بەجێماوەکانی قوربانیان.
هەموو کات زیان هەتیوەو قازانج باوکی زۆرە, کە بۆ یەکەم جار داواکرا 14-4 بکرێت بە ڕۆژی ئەنفال, دەستە بژێرێکی کەم لە دەوری بانگەوازەکەی کۆبوونەوە, کەسێک خۆی ناکرد بە خاوەندی, وەلێ کە هەوڵی بێپسانەوە و بەردەوامی دەیان کەس کە ناویان هاتووە دەگات بە ئەنجام, لە هەموو لایەکەوە دەڵێن منم, هەموو کات خەڵکانی بەرژەوەند خواست لە دوای هەوڵەکانەوە ئامادەن بۆ دورینەوەی ڕەنجی خەڵکانی خۆنەویست .
دوای 19 ساڵ لە تاوانی ئەنفال، دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان، دوای 12 ساڵ لە نووسینەوەی یەکەم بەیانی فەرمی کە تیایدا داواکراوە 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت لە کوردستان, هەمان بەیاننامە لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوکراوەتەوە و ئەرشیفکراوە, دوای ئەوەی ترسی هەڕەشەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نە هێنانەوەی ڕووفاتی ئازیزی کەسوکارەکانمان تۆقاندیانی, لە ڕێکەوتی 4-4 -2007 بڕیار لەسەر ئەوە درا 14-4 بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت: پیشنیوەڕۆی دوینی 4-4-2007، ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بەسەرۆکایەتیی #نێچیرڤان بارزانی# سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و #عومەر فەتاح# جیگری سەرۆکی ئەنجوومەن، لە تەلاری ئەنجوومەنی وەزیراندا کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ڕەزامەندیی لەسەر پڕۆژەی بڕیاری دانانی ڕۆژی 14-4ی هەموو ساڵێک بەرۆژی ئەنفالکراوەکان وەرگیرا .
بۆ نەپرسین دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی کوردستان, زوو نەبوو ڕۆژێکتان دیاریکرد بە ڕۆژی ئەنفال؟.
هەوڵەکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال
ئەو أۆژانەی دۆزی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی لایەنەکان نەبوو, نووسەران و چالاکڤانانی ئەم بوارەش لە ژمارەی پەنجەکانی دەست کەمتر بوون, ئەنفال دۆسیەیەکی بە خاوەند بوو, کەمتر لە ڕاگەیەناندنەکان باسی لێوە دەکرا, ئەوەی هەشبوو پەرتوبڵاو بوو, هۆشیاری لە بواری دۆزەکە زۆر لە خوار بوو, لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵێک چالاکوان و ڕۆشنبیر و هونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە, بە سکی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە, لەپاڵ نەبوونی و هەژاری خەمی ئەنفالەکانیان لە کۆل نا و شەویان دایە دەم ڕۆژەوە بۆ بە مصژوو کردنی ئەم تاوانە و دیاری کردنی ڕۆژێک بۆ یادکردنەوەی دەستە جەمعی, تاکوو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە تاوانەکە و ساڵانە لە کات و ساتی خۆیدا یاد بکرێتەوە, ئەو یاداوەرییە نەمرێنرێت, لە بیری تاکەکانی گەلەکەمان بەزیندوویی بمێنێتەوەو ببێتە ڕچەی ناساندنی لە ئاستی جیهانیدا .
پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی کە هەوڵەکانیان بەری گرت بۆ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال, ناویان بچێتە مێژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچییەکان, منیش وەک ئاگادارێکی زۆرتر لە هەر کەسێکی دیکە لە بەشێکی زۆری ئەو چالاکییانە, چەند دێرێک لەم یادە دەخەمە سەر کاغەز, بە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو ناوانەی بە بێ هیچ هۆکارێک لە یادیانم کردووە, ناڕەوایە ڕەنجی کەسانێک بۆ بە مێژوو کردنی ئەنفال هەوڵیان داوە لە یاد بکرێن, بەری ڕەنجی کەسانی دیکە, هەوڵ و ماندوبوونی کەسانی دی ئەگەر لە گەڵیانیشدا نەبیت لە یاد بکەیت, دۆزەکە پێویستە دوور بخرێتەوە لە بازرگانی کردن بە خوێنی خەڵکەوە.
کێن ئەوانە؟
پاش گەڕانێکی ورد بە ناو ڕۆژنامەکانی دوای ڕاپەڕین، ئەوەی کەوتە بەر چاوم, یەکەم وتاری بڵاوکراوە لەسەر ئەو ڕۆژە نووسرابێت بە ڕێز ( أ خ ) لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە 66 نووسیویەتی, کە دوایی بە پرسیار بۆم دەرکەوت ئەو کەسایەتییە ئازیزە ناوی بەڕێزی کاک ڕەحمان خانییە لە شاری #دەربەندیخان#, ئەمە وەک یەکەم ئاماژە دان بە ڕۆژی 14-4.
ڕۆژنامەکان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگەنامەن بۆ ئەوەی بزانیین ئەم هەوڵانەی دراون بۆ دیاریکردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال چەند کاریگەر بوونە لەو ڕۆژگارە جێگای خۆیان گرتووە و گەیشتوونە بە جێی مەبەست, توانیویانە ئەو داواکارییە بسەپێنن لە ئاستی گەل و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی ئەو کات یان نا؟.
ڕۆژنامەکانی کوردستان هیچ یەکێکیان تاکوو ساڵی 1995 ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووە, بۆ ئەم مەبەستە با چاوێک بە چەپکێک ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەو کاتانە بخشێنین لە ڕۆژی 14ی چواردا .
کوردستانی نوێی ژمارە 66ی ڕێکەوتی 14-4-1992یدا لە مانشێتەکەی هاتووە: (سەرکەوتنێک لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو کاغەزەی نابێت کە لە سەری مۆر دەکرێت ).
کوردستانی نوێ ژمارە660 ی ڕێکەوتی 14-4-1994, لە مانشێتەکەیدا هاتووە: (بەیاننامەی م س (ی. ن. ک.) بە بۆنەی کۆچی دوایی هەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ), لە ئیتحادی عەرەبی ژمارە 75ی ڕێکەوتی 16-4-1994 یش هەمان بابەتە .
الاتحادی ژمارە 127 ڕێکەوتی 15-4-1995 لە مانشێتەکەی هاتووە، (امریکا قلقە علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الکردی بترکیا).
بەڵام کوردستانی نوێ ژمارە 962 ڕێکەوتی 14-4-1995 مانشێتەکەی بریتی بوو لە: (لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکەی ئەکیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجوومەنی ئاساییش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی ئێراق پەسەند دەکات) (هەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەکانی ناوەوە بڵاوکراوەتەوە, لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان لەسەر 14-4 ڕۆژی ئەنفال, کە یەکەمین بەیاننامەیە بە بۆنەی ڕۆژی ئەنفالەوە تا ئەو کاتە دەرچووبێت, هەروەها چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان) ی تێدا بڵاوکراوەتەوە, ڕۆژانی دواتریش لەسەر هەمان ڤیستیڤاڵ هەواڵ بڵاوکراوەتەوە, هەموو ئەوانەش لەسەر داواکاری ئێمە بوو.
هەرچی کوردستانی نوێی ژمارە 1262ی ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 14-4-1996ە, لە مانشێتەکەیدا هاتووە (تەنیا بە دادگاییکردنی ئەنفالچییەکان ڕوحی شەهیدانمان شاد دەبێت), ئەمەش دووای هەفتەیەک چالاکی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان لە #هەولێر# و #شەقڵاوە#, لە وکاتە کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی #کەرکووک# ویستیان هەبوو 17-4 وەک ڕۆژی ئەنفال دیاریبکەن, بەڵام هەوڵەکانیان شکستی هێنا .
هەرچی ڕۆژنامەی برایەتییە ژمارە 1920 ڕێکەوتی 14-4-1994 ە, لە مانشێتەکەی هاتووە: (هێژا #مەسعود بارزانی# لە پرسەی خوالێخۆشبوو ڕسول مامەند ئامادە دەبێت ), هەرچەندە پەیامی برایەتی هەمان ژمارە لەسەر تاوانی ئەنفالە, وەلێ هیچ ئاماژەیەک بە ڕێکەوتی 14-4 وەک ڕۆژی ئەنفال نەکراوە.
ڕۆژنامەی یەکگرتوو ژمارە 86ی ڕێککەوتی 12-4- 1996 لە مانشێتەکەیدا هاتووە: ( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێت بپارێزرێن, ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ کران ) بەهۆی بەشداری کاک #عەبدولڕەحمان سدیق# لە ڕێکخستنی ڤیستیڤالی یەک و دوو کاریگەریی لەسەر ڕاگەیاندنی یەکگرتوو هەبوو لەو ڕۆژگارە, لەسەر پێشنیاری ئێمەش ئەو مانشێتە نووسرا.
هەرچی ڕۆژنامەی #ئاڵای ئازادی# زمانحاڵی ئەو کاتی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو, لە ژمارە 68ی ڕێکەوتی 11-4-1993 یدا لە مانشێتەکەی هاتووە: بە سەرخستنی دەست پَیشخەری pkk, بەرنامەی هاوبەش و هاوکاری سیاسی, ئەرکێکی نەتەوایەتییە.
بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە 166ی ڕێکەوتی 16-4-1995 دا هاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەکەمان و دڕندەیی دوژمنانە), ئارمی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان لە لاپەڕە یەکدا بڵاوکراوەتەوە.
لە مانشێتی ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانی ژمارە 2ی ساڵی 48ی ساڵی 1992 هاتووە: (پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..), بەڵام لە ژمارە 94ی ڕێکەوتی 12-4-1993 هاتووە: (هەلومەرجی کوردستان وا دەخوازێ کە بەپەلە هەوڵی بەستنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی بدرێ). وەلێ ڕێگای کوردستانی ژمارە 104ی ڕێکەوتی 19-4-1994دا هاتووە: (بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەکان پێویستە بایەخێکی زیاد بە 182000 ئەنفالکراوو کەسوکارەکانییان بدەین ), سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان کە سەروتاری ڕۆژنامەکەیە لەسەر ئەنفالە. بەڵام ڕێگای کوردستانی ژمارە 152ی ڕێکەوتی 11-4-1995 لە مانشێتەکەی هاتووە: (14ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەکان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەکەمان ) (ڕۆژی 14 نیسان ڕۆژێکی هەرگیز لە یاد نەچووە لە بیر و هزری َڕۆڵەکانی گەلەکەمان. ئەم ڕۆژە هێمایەکە بۆ گەورەترین تاوان کە ڕژێمە شۆفینیستییەکەی سەدام دژ بە گەلەکەمان ئەنجامی دا).
بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی 1994 ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال کراوە, بەڵام لە ساڵی 1995 ەوە جەخت لەسەر دیاریکردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال کراوەتەوە, ئەوەش بە هەوڵی ئێمە بووە, ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕۆژنامەکانەوە کراوە.
ڕۆژنامەی وڵاتی ڕێکەوتی 15-4-1996 ژمارە 151 دا هاتووە: (یادی ئەنفالەکان هاندەرێکە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات), بەرنامەی ڤیستیڤاڵەکەش لە هەمان ژمارە لە دوا لاپەڕە بڵاوکراوەتەوە.
لە ڕۆژنامەی بۆ پێشەوەی ژمارە 18ی ڕێکەوتی نیسانی دا, لە سەروتارەکەی هاتووە1995: (با یەکی ئایار بکەینە ڕۆژی بەرپاکردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ و برسێتی), هاوکات لە هەمان ژمارەدا بابەتێک بڵاوکراوەتەوە بە ناوی (کارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).
ساڵی 1996 و لە یادی ئەنفالدا ڕۆژنامەکانی وڵات, ئاڵای ئازادی, یەکگرتوو, پاڵە...... مانشێتەکەیان لەسەر ئەنفال بوو, ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستانیش ئەو ژمارەیەی سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەکەشی لەسەر ئەنفال بوو.
هەوڵە پراتیکییە سەرەتاییەکان
بۆ یەکەمجار یادی ئەنفال لە ڕێکەوتی 15-4-1992 لە شاری #سەید سادق# ناو کابینەکانی شانەدەری ( 350 ماڵ بوونە ) بە شێوەیەکی سادە و خۆرسکانە کراوەتەوە, ڕێکخەرانی بریتی بوون لە مستەفا مەلا ئەحمەد سپی سەری زەنگەنە, مامۆستا حەسەن حاجی ستاری کفری,محەمەد قەیتولی, نەوزاد شوانی خەڵکی گوندەکانی نزیک #چەمچەماڵ#، عەلی کارێزە.
لە ڕێکەوتی 15-4-1992 بە بەشداری ئەو ئاوارانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال ڕزگاریان ببوو, و خۆیان لە ناوچە جیاجیاکان ملە سوورە بۆ کەلار, نەوجول بۆ دوز و قادر کەرەم و مەنیلە بۆ چەمچەماڵ .. ئاڵای سپییان بەرز کردبووەوە, یادی ئالا سپییەکانی ئەنفالیان کردەوە, ڕۆژی پێشتر 14-4 باران بووە, بۆیە خستویانەتە کاتژمێر 8 بەیانی ڕۆژی دواتر 15-4-1992, شانۆی مەراسیمەکە عارەبانەی تراکتۆر بووە, هەموو لافیتەکان وەک ئاڵا سپییەکانی ڕۆژی 14-4 سپی بوونە, بە ڕەنگی ڕەش لەسەریان نووسیبوو, هەڵبژاردنی ڕۆژەکە 14-4 بۆ یاداوەرییەکە بە ڕاوێژی مام خەلیفە عەلی حەدەمین باوکی حاجی ئاسکە بووە, لە مەراسیمەکە 50 قاتی تراکسۆت دابەش کراوە بەسەر کچان و کوڕانی ناوو کابینەکان, عەلی کارێزە و مامۆستا حەسەن بڕی 13000 دیناریان بۆ یادەکە کۆکردووەتەوە, لەو بڕە 3500 دیناری مستەفا زەنگەنە بەخشیویەتی.
لە پەرتووکی تونی مەرگ کە بەڕێز کاک زیاد عەبدولڕەحمان نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا نووسیوییەتی هاتووە: ( ( (c.d.a.w.e) لە ساڵی 1993 هەمان ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی یادکردنەوەی هەڕەشەکانی ئەنفال داناوە و یادی کردەوە.
هەروەها دەنووسێت: ( ( لە هەمان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە گەرمیان کرایەوە, پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داهاتوودا ببێتە یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد ( پەرتووکی تونی مەرگ –ل9). لێرەدا نووسەر وشەی پێدەچێت بەکار دەهێنێت ئەگەرێک دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕکردنی بە کۆمەڵی گەلی کورد, نەک بە کردنی بە ڕۆژی ئەنفال .
سەبارەت بە هەمان چالاکی ساڵی 1994, ساڵی 1994 لەژێر درووشمی (دیاریکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوەکان ) کۆمیتەی باڵای یادکردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی 6 ەمین ساڵەی کارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەکانی بەعس. لە ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیرە چالاکییەکی لە کەلار و سمود ئەنجامدا, لیژنەی سەرپەرشتی یادەکە لەلایەن مەڵبەندی کەرکووکی (ی. ن. ک.) و هاوڕێیانی شیوعی-حشکع- محەلی کەرکووک و یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان سازدرا بوو (ک ن 18-4-1994 ژمارە 663).
لە دەڤەری گەرمیان بەڕێزان ڕەحمان خانی, تەها سولێمان, سەردار عەبدللە, دڵشاد تالەبانی, .... ........ چالاکانە کاریان لەسەر دۆزی ئەنفال کردووە لەو ڕۆژانە. کاک سەردار عەبدللە بە منی أاگەیاند بۆ ساڵی دواتر مەبەستی 1996 ە, کە بینیمان لە 14-4-1995 لە هەولێر یادی ئەنفال بە بەر فراوانی کرایەوە, ئێمەش لەوە بە دواوە سوور بوین لەسەر دیاریکردنی 14-4 وەک أۆژی ئەنفال.
هەروەها بەڕێز تەها سڵێمان لە وتارێک بەناوی ( هێشتا ماوین، چواردەی چوار؟ ) لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی ژمارە 9153ی ڕێکەوتی 21-4-2024 دا دەنووسێت: ( هەردوو مەڵبەندو کۆمیتەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی بەهابەشی یادەکەیان گێڕا، نەک حیزبی شیوعی هاوکاربێت، پاشان (شێخ سدیق، تەها سڵیمان) ئەندامی لیژنەی باڵای یادەکە بووین ).
هەر سەبارەت بەو یادکردنەوەیە بەڕێز دڵشاد تاڵەبانی لە ڕۆژی 17-4-2024 لە ژمارە (9150) ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ وتارێکی بە ناوی ( ڕاستکردنەوەیەک بۆ وتاری: چۆن 14ی 4 کرا بە ڕۆژی ئەنفال؟) نووسیووە
تیایدا هاتووە (لە مانگی 1ی 1994 کۆمیتەیەکمان دامەزراند بۆ سازکردنی مەراسیمی یادکردنەوەی ئەنفال لە ڕزگاری ( سمود) و کەلار. کۆمەڵێک چالاکی ترمان لە #سلێمانی#، چەمچەماڵ، #باوەنوور# و #گۆپتەپە# کرد، بە هاوکاری دەیان نووسەر و هونەرمەند. ڕۆژی 14ی 4 مان دیاریکرد وەک یەکەم ڕۆژی یادەکە کە لەو ڕۆژەدا زۆرترین قوربانی ئەنفال لە ملە سوورە کۆکرابوونەوە.
لە 14- 4- 1994 مەراسیمەکە بە نمایشی پڕۆسەی ئەنفال لە ڕێگای ملە سوورەوە دەستی پێ کرد، وەک چۆن ڕوویدابوو وەک خۆی بە عەرەبانە و سەرباز و ئۆتۆمبیلە سەربازییەکان و تەلبەندەوە پیشاندرا، لەگەڵ کۆمەڵێک شانۆ و نمایشی تر. لایەنەکانیش وتاریان هەبوو ( #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە کۆمیتە و چەلاکییەکان بەشدار نەبوو، بەڵام وتاری هەبوو)، چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە لە هۆڵەکانی کەلار لە ماوەی 3 ڕۆژدا بەردەوام بوو، دەیان نووسەر و ڕۆشنبیر و شاعیری وەک شێرکۆ بێکەس، د. حەمەی حەمە ساڵەح بەشدارییان کرد.
ڕێپێوانی ژنانی ئەنفالمان ڕێکخست بۆ بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی و پێدانی یاداشت بەوان، لەگەڵ ڕێپێوانی 182 منداڵ بە چراوە بۆ بەردەم بارەگاکەیان، بە هاوکاری خوالێخۆشبوو حسێن مسیری، #ئاری بابان# و دەیان هونەرمەندی تر لە یەکێتی هونەرمەندانی کەرکووک و سلێمانی و چەندین چالاکی تریش. .......دەیان کەسی دیکەش ڕۆڵی هەبوو بۆ سەرکەوتنی، لەوانەی بیرم مابێت د.#عەدالەت عەبدوڵڵا#، سەبوور (هێمن چاوسەوز)، ڕەحمان خانی، ئیبراهیم باجەلان بەرپرسی ئەو کاتەی ئێزگەی گەرمیان، جەمیل پیروەیس، ڕزگار حاجی حەمید، سەلام عەلی، سەربەست ئەحمەد، ئەمین ساڵح و دەیان کەسی تر لە یەکێتییەکان. ناوی ئەوانەی دەرەوەی ینکی نەنووسیووە, مێژوو ئاوا نانووسرێتەوە.
https://knwe.org/ku/articledetails/4752 ).
هەروەها دەڵێت: (درووشمیشمان کردنی 14ی 4 بە ڕۆژی ئەنفال و بە جینۆدساید ناساندنی ئەو تاوانە بوو. ).... لە کاتێک من وەک نووسەری ئەم بابەتە هەموو ئەرشیفی ڕۆژنامەکانی ئەو کات بە تایبەت هەردوو ڕۆژنامەی #ڕێگای کوردستان# و کوردستانی نوێ کە حیزبەکانیان یادەکەیان ڕێکخستبوو گەڕام, نە درووشمێَکی وام دۆزییەوە, نە بەیانننامەیەک بە بۆنەی ئەو یادەوە, نە وێنەیەک درووشمەکەی لەسەر نووسرابێت, تا ڕاستی درووشمەکە دەربخات, بۆیە پێی ناچێت ئەم درووشمە ڕاست بێت, ئەو سەردەمە هۆشیاریشمان لە بواری جینۆساید زۆر سادە و لاواز بوو.
ئەمە لە کاتێکدایە گردبوونەوەی بەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان خاتوو فائیزە فوئاد و تەها مامشەیی لە ڕێکخەرانی بوونە، فائیزە فوئاد نوێنەری خۆپیشاندەران بووە بۆچوونە لای بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەمان چالاکیدا سوورانی مامە حەمەو خوشکەکانی بەشدار بوونە وەک کەسوکاری ئەنفال و قوتابی لە قوتابخانەی حەمدی تێکەڵاوی سەرەتایی بەشدار بوونە کە زۆربەیان ئاوارەی کەرکووک بوونە.
هەروەها فایزە فوئاد لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنی دەڵیت من پێشنیارم کرد بۆ کۆمیتەی ئەنفالەکان (c.d.a.w.e) کە 14-4 بکرێتە ڕۆژی ئەنفالەکان.
(c.d.a.w.e) یەکەم گرووپی بێ مۆڵەتی ڕێکخراوە کاری بۆ ئەنفال کردووە و زۆربەی ئەندامەکانی سەربە (ی. ن. ک.) بوونە, لە نیوەی دووەمی 1992 لەلایەن نەجمەدین فەقیچ عەبدوڵڵا و فائیزە فوئادەوە دامەزراوە, کاری پڕبەهایان کردووە, دوای بڵاوکردنەوەی ناوی جاشەکان لەلایەن ی ن ک ەوە ڕاگیراوە).
نابێت ئەوەش لە یاد بکەین لە ئایاری ساڵی 1994 شانۆگەری وەرزێکی شووم لە شاری هەولێر پێشکەشکرا کە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی، خاڵە حەمرین، لالۆ ڕەنجە، #حەسەن گەرمیانی#، فەخرەدین گەرمیانی و ........ کۆمەڵێک دڵسۆزی دیکە ڕۆڵیان تێیدا هەبووە, گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەکرد, وەلێ بە ئامانجی دیاریکردنی 14-4 نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال, لێ ڕۆڵی پۆزەتیفی هەبوو لە ناساندن و وەبیرهێنانەوەی تاوانی ئەنفال و گرنگیدان پێی و هۆشیارکردنەوە .
ڤیسیتیڤاڵی ئەنفالەکان بۆ دیاریکردنی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال
پێشتر بە پەرتەوازەیی یادی تاوانی ئەنفالمان دەکردەوە, وەلێ جێگای ناگرت بۆ دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ ئەنفال, بانگەوازی ڤیستیڤالی یەکەمی ئەنفالەکان لە 12-3-1995 بۆ ئەنجام دانی یەکەم ڤیستیڤال لە هەولصر بڵاو کرایەوە, لە 14-4 ڤیستیڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە هۆلی میدیا بەردەوام بوو, بەرفراوانترین و ڕێکخراوترین یادکردنەوە بوو تاکوو ئەو کات, ئەم بەأصزانە أۆلیان لە ئامادە کردن و سەرکەوتنی گێڕا جگە لە بەندە ( (محەمەد ملا سدیق-#محەمەد شێخانی# –لالۆ ڕەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو- ئەندازیار عەبدولأەحمان سدیق، فاتیح شەیدا-کەریم غەفور کەریمۆک –د.کەماڵ غەمبار, قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتییە سوور دارا و پایزە -هاوار مستەفا خان-سۆزان مامە-بدرالدین ساڵح-نیهاد دزەیی-کەریم سەرکەش-هەردی سەردەم –دەشتی بەرزەواری -مامۆستا ڕەحیم-عوسمان عومەر ( عوسمانی خەتم ) 0ڕزگار مام بۆرە- مامۆستا فەرهاد خالید-نیهاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-کەریم مەلا- هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەڵاح مەزن-ئازاد سلێمان و گەشمردە هاوکاری ڕۆژنامەی ڕێگا و هێمن حەساری و شەفیق حاجی خدری و کنێر جەمیل و شەوقی دارەتوو و عەدنان کۆچەر و خالید کاوێز و ئازاد و محەمەد مشیر و ........هتد.
هەروەها بەڕێزان ڕزگار شوانی و أزگار حەساری و فواد سدیق لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان و کاک ستران عەبدوڵڵا و کاک دڵشاد عەبدوڵڵا و ئیسماعیل عەبدولکەریم لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و کاک غازی حەسەن و ئیدریس شەیداهۆ و کاک بێکەس حەمەد قادر لە ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی ملازم چەتۆ لە ڕۆژنامەی ڕزگاری بەشداری کاریگەریان کرد لە ڕێگەی پشتیوانی و بەشداری و ڕۆژنامەکانیانەوە, تەنانەت کاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەکانیان دانا بۆ ئەوەی 14-4 وەکوو ڕۆژی ئەنفال بناسن.
بۆ ساڵی دواتر 1996 جگە لەو بەڕێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەکەمدا هاتووە, بەڕێزان سەرهەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار کاکەیی- هەردوو مامۆستای هێژا و تێکۆشەر #خالید دلێر# و سەعید ناکام و پاڵەی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئەسکەندەر جەلال و فەرحان و خالید کاوێس و ئازاد و، ، ، ، هتد بەشداری چالاکانەیان کرد.
دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا لە سەروە, کەسانی تێدا بوو وەک مامۆستا خالید دلێر و مامۆستا بەدرەدین حەمەساڵەح و کاک نیهاد دزەیی و شوان داودی و سەرهەد تۆفیق و ئەرخەوانی کچی لە ڤیستیڤاڵی دووەم زۆر ماندوو بوون, کەسانی دیکەش بەشدارییەکی ڕەمزییان کرد بەڵام ناکرێت ناویان لە یاد بکرێت, پشتیوانییەکی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەکە .
ئەو ساڵە بە داواکاری ئێمە و بە هاوکاری بەڕێز کاوە نادر پارت و ڕێکخراوە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکان دەیان بەیاننامەیان لە ڕێکەوتی 7-4 ەوە دەرکرد بە بۆنەی 14-4 و ناساندنی وەک ڕۆژی ئەنفال, لەوە بە دواوە ئیتر 14-4 وەک أۆژی ئەنفال بوو بە ئەمری واقیع.
بەشێک لە بەشداربوونی چالاکییەکانی ڤیستیڤاڵی یەکەم جگە لە بەشداربووانی پێشانگای کارێکاتێر کاک گرفتار کاکەیی و بەشە هونەرییەکە: عەبدولڕەزاق سافی, سەڵاح مەزن, سەدرەدین خۆشناو, فاتیح شەیدا, فریاد هیرانی, کەریم غەفور, عەلی مەحمود, عەبدولڕەحمان سدیق, ناڵە حەسەن, بەهرە موفتی, ئیدریس شەیداهۆ, خالید عوسمان, سۆزان مامە, بەختیار مامە, سەرهەنگ ئیسماعیل, زانا خالید.
بەیاننامەکان
ساڵی 1995 یەکەم بەیاننامە بە بۆنەی 14-4 ڕۆژی ئەنفال, ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان و دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەریان کرد, هەرچەندە لە بەیاننامەکەی یەکگرتوودا هاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێکدا کە یادی ئەو کارەساتە بێ دینی یە دەکەینەوە، داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنمان دەکەین, کە وەک تاوانە جینۆسایدییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست و, جەنگە جیهانییەکان و، کارە بە کۆمەڵکوژییەکانی ستالین و هیتلەر, لە قەڵەمی بدەن و، گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەکارهێنانی وشەی (ئەنفال) ڕسوا بکەن و, وشە و زاراوەیەکی بۆ بەکار بهێنن کە ڕێسی پیلانی هەڵوەشێنێتەوە ) ئەمە بەشێک بوو لە بەیاننامەی قوتابخانەی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی کارەساتی بەناو ئەنفالەوە–یەکگرتوو ژمارە 37 ), دیارە ئەم هەوڵەش لە لایەکەوە دڵسۆزییە بۆ پڕۆسەکە, لە لایەکی دیکەوە بەشێک بوو لە نەخشەکانی پارت و لایەنە ئیسلامییەکان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال, نە چەسپینی لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا, کە لەگەڵ بۆچوونەکانیان ناهاتەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی دەستەواژەی ئەنفال.
چیتر کرا
ساڵی 1996 بەهۆی سەرکەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان هەوڵەکان گەورەترەوە بوون, بە هەوڵ و کۆششی ڕێکخراوی ئاوارە و ئەنفالەکان لیژنەی سەرپەرشتی لە شارەکانی هەولێر و شەقڵاوە پێکهێنرا, هەروەها داوا لە حزب و ڕێکخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەکان کوردستان کرا, بەیاننامە بە بۆنەی 14-4 دەربکەن و لافیتە لەو یادەدا بنووسن و لە شوێنە گشتییەکان بە تایبەتیش دەوروبەری هۆڵی میدیا لە شاری هەولێر هەڵیواسن, کە شوێنی سازدانی ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان بوو, تاکوو شاری هەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت.
لە ساڵی 1996 لیژنەی کاری هاوبەشی حیزبە کوردستانییەکان لە 1-4 ەوە بەیاننامەی هاوبەشیان دەرکرد لەسەر 14-4 و ناساندنی وەکوو ڕۆژی ئەنفال, کە لە 7 حیزبی کوردستانی پێک هاتبوون, سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە: بزوتنەوی موسڵمانانی کوردی فەیلی –سەرکردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی تورکمانی-کۆمەڵەی جوێلۆجی کوردستان-یەکێتی مامۆستایانی کوردستان-یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان-حزبی سۆسیالستی کوردستان-یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان-دەستەیەک لە ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری-کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی گەرمەسێر بەیانیان دەرکرد.
سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێکخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواکاری ئێمە لەناو هۆڵی ڤیستیڤاڵەکەو شەقامەکانی هەولێر و بەردەم بنکەو بارەگاکانیان هەڵواسی کە تا ئەو کاتە کوردستان و شاری هەولێر دیاردەی ڕاگەیاندنی گەورەی وای بۆ تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژی بەخۆوە نەبینیبوو, ئەو لافیتەو بایاننامانەش هەموو بە سوپاسەوە بە داواکاری ئێمە دەرکراون.
ئەم بروسکەی پشتگیریانەش گەیشتنە بەڕێوەبەرانی ڤیستیڤاڵەکە: ( دەستەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی تورکمانی-مەکتەبی سیاسیی- تیپی شانۆی نیشتمان-قوتابخانەی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان-حزب الاخاء تورکمانی –مەکتەبی سیاسی- بزاڤی خوێندکار و لاوانی کوردستان-سکرتارییەتی باڵا- حیزبی ڕزگاری کوردستان-مەکتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەکێتی پێشانگەنی کوردستان-کۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی کوردستان-کۆمەڵەی جیۆلۆجی کوردستان-یەکێتی بێکارانی کوردستان-کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان-ڕێکخراوی جیهانی بۆ داکۆکی کردن لەمافی مرۆڤ (ئەمینداری گشتی)-بزووتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هەولێر—کۆمەڵەی نەتەوەیی کورد-مەڵبەندی چوار—کۆمیتەی ڕێکخستنی هەولێری حیزی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراق—کۆمەڵەی فەرهەنگ و ئاوەدان کردنەوەی باڵەکەیاتی—یەکێتی ژنانی کوردستان-مەکتەبی سکرتاریەت—ئەنجوومەنی پارێزەرانی کوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموکراتی گەلی کوردستان—کۆمەڵەی زیندانییە سیاسییەکان—مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان—خوێندکارانی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان—کۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی کوردستان—کۆمەڵێک لە ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر—کۆمیتەی تایبەتیی مەکتەبی سیاسی ی ن ک—خوێندکارانی پەیمانگای هونەرە جوانەکان—ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان—لەشکری 16 دەشتی هەولێر ینک—تیپی شانۆی حەمرین—کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان—ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە کوردستان (کوردستان ۆچ)—ناوەندی هەولێری پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان –ڕادیۆی ڕێگای کوردستان—ڕێکخراوی تێکۆشانی ڕەنجدەرانی کوردستان—ڕێکخراوی ڕەوتی بەلشەفیک—یەکێتی گشتی قوتابییانی کوردستان).
ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان هاتووە, زۆربەشیان بە هەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی هۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشدارییان کرد.
ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنیا لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا هەبوو: ( بیرۆی پارتی کاری سەربەخۆیی کوردستان- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان- ڕۆژنامەی وڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی ئێراق-پارتی کرێکارانی کوردستان-لیژنەی پارێزگای کەرکووکی حیزبی شیوعی کوردستان-یەکێتی ئافرەتانی زەحمەتکێشان-لقی هەولێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان-کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی کوردستان قوتابخانەی سیاسی-کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک- کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی گەرمەسێر –قوتابخانەی مافی مرۆڤی ی ن ک-یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامی کوردستان).
پێشانگای کورد قڕان
هەروەها ئەم هونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان کرد لە پیشانگای کورد قڕان: (جوهەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سڵێمان شاکر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محەمەد غەریب-جماڵ مشیر-عەبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-کامەران–ڕزگار فەقێ عەبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار کاکەیی) (چارەنووس ژمارە 2 –حوزەیرانی 1996)*.
شانۆگەری ئەنفالستان
شانۆگەری (ئەنفالستان) ئامادەکردن و دەرهێنانی: کەریمۆک غەفور نواندنی: هاوار مستەفا خان، کەریم مەلا، سۆزان مامە، جەلال ئەنوەر، عەلی سیاسی، کەریمۆک غەفور، بەرهەم محەمەد، هەردی حسێن، کامەران عەبدولوەهاب، شیلان سەدرەدین، عەبدولقادر محەمەد، گوڵالە عوسمان، گۆران حسێن، ڕزگار ئیسماعیل، ڕەوا دڵشاد وەسانی، ئازاد ئەنوەر، ئەحمەد عەدۆ.
لەرێکەوتی 19-4-1995 لە چوارچێوەی چالاکییە هەفتەییەکەی ڤیستیڤاڵی یەکەمی ئەنفالەکان نمایش کرا, لە هۆڵی میدیا-هەولێر.
ڤیستیڤاڵی یەکەم بە شانۆگەری شەقام لە ناوەندی ڕۆشنبیری سەردەم لە قەڵاوە بۆ هۆڵی میدیا بەناو بازاڕدا دەستی پێ کرد, هەردوو پەڕڵەمانتار عیدۆ بابا شێخ و نەهلە خان لە لیستی (ی. ن. ک.) بەشدار بوون تیایدا.
شانۆگەرییەکە لالۆ ڕەنجدەر, تەحسین فایەق, نیهاد جامی, کەریمۆک, ئاوارە خان ئامادەیان کرد و زۆری دیکە بەشداربوون تیایدا.
بەشداربووان بە بەرهەم لە ڤیستیڤاڵی دووەم: عەزیز وەهاب محەمەد, کەماڵ غەمبار, محەمەد ساڵەح ئامێدی, د.ئاسۆ عەبدوڵڵا, ئارام, شەفیق حاجی خدری, مامۆستا ئەحمەد چاوشین, د.رەشاد میران, مامۆستا بهائالدینی جوتیاران, حەسەن جاف, عەبدولڕەزاق مەرزنگ, غازی حەسەن, عەلی مەحمود محەمەد, جەلیل کاکە وەیس, سەرفراز نەقشبەندی, سەدرەدین خۆشناو, ئارام سەلیم, کەریم غەفور, مامۆستا عەبدولڕەحمان سدیق.
هەوڵێکی دیکە
کاک تەیب جەبار لە ژمارە 9147ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێی ڕێکەوتی 14-4-2024 دەرچووە بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە بەناوی ( چۆن 14-4 کرا بەساڵڕۆژی ئەنفال؟),لە وتارەکەیدا دەڵێت: ( تا ساڵی 1996 هیچ کاتێک دیاری نەکرابوو بۆ بەرزڕاگرتنی یادکردنەوەی ڕۆحی ئەنفالکراوان و یادی ئەو تاوانە، واتە هیچ مەراسیم و یادکردنەوەیەک نەبوو، نە لەلایەن حکومەتی هەرێم و نە لەلایەن حزبەکانەوە. )، دەبوایە دەستەی نووسەرانی کوردستانی نوێ چاکەیەکیان لەگەڵ بەڕێزی بکردبایە و بەهۆی ئەوەی بابەتەکەی من لە بەردەستیان بوو, بۆیان بڵاو نەکردایەتەوە, بۆ ئەوەی نەکەوێتە ناو ئەو هەڵەیەوە, چونکە زۆر بەوردی و بە سەرچاوەوە هەموو ئەوانەی وترا بوون و ئەوەی کرابوو دیاریم کردبوو.
پاشان بەڕێزی دەڵێت ( دەستنیشانکردنی یادی ئەنفال بە دەستپێشخەریی حکومەتی هەرێم نەبوو، هەروەها بە دەستپێشخەریی حزبەکانیش نەبوو، بەڵکوو بە دەستپێشخەریی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتیی کەرکووک بوو.
ئەنجامی ئەو جموجوڵ و دیدار و گفتوگۆیانە خۆی لە بەستنی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەکەدا نواند. وەک لە بیرم بێت مانگی پێنج یان شەشی ساڵی 1995کۆنگرەکە لە شاری هەولێر بەسترا، لە هۆڵێک بوو سەربە دەزگایەکی وەزارەتی تەندرووستی بوو، نزیک بینای ئێستای پارێزگای هەولێر. .....
هەموو قایل بووین بە ڕای کۆتایی کاک عوسمانی حاجی مەحمود کە ڕۆژی 14- 4- 1988و ڕۆژانی دواتر سەختترین شەڕ کرا و زۆرترین خەڵک ڕاپێچی ئۆردوگاکان کران. ) . لێرەشدا باوەڕ ناکەم کاک عوسمان وتبێتی شەڕەکانی 14-4 و ڕۆژانی داتر سەختترین شەڕ کرابێت, چونکە 14-4 کۆتایی بوو, هەڵەیەکی دیکەش ئەوان باوەڕیان وابوو 17-4 بکرێتە ڕۆژی ئەنفال لەو کاتەدا.
پاشان بەڕێزی دەڵێت ( ........ یەکەمجار بە وێنەی یادی ئەنفالکراوان لەو گۆڕەپانییە لە ڕۆژی 14-4-1996 لە سلێمانی کرایەوە. من ئەو کاتە دەوامم لە هەولێر بوو، بەڵام لەبەر یادەکە هاتمەوە بۆ سلێمانی و کەمێک پێش وادەی دیاریکراو چووم بۆ گۆڕەپانکە، کورسییەکی زۆر دانرابوو و شانۆیەک سازکرابوو لەگەڵ مایکرۆفۆن و ئامێری دەنگ، خەڵکێکی زۆر لە ڕیزەکانی دواوە لەسەر کورسییەکان دانیشتبوون و برادەرانی دەستەی لقی کەرکووک بەپێوە وەستابوون، لە لێپرسراوانیش تەنیا ڕەحمەتی (جەبار فەرمان) لە ناوەڕاستی ڕیزی پێشەوە بە تەنیا دانیشتبوو. کە لە ئۆتۆمۆبێلکە دابەزیم، چاکوچۆنیم لەگەڵ برادەرانی لقدا کرد، کاک جەبار فەرمان ئیشارەتی بۆم کرد چوومە لای ئەو دانیشتم، پاشان لێپرسراوانی تر هاتن و گۆڕەپانکە پڕ بووەوە و ڕێووێنەەکە دەستی پێ کرد. لەو ساڵەوە یادی ئەنفال لە 14/4ی هەموو ساڵێک دەکرێتەوە و بە یەک ڕۆژ هەموو ڕێووێنەی یادەکە تەواودەبێت. https://knwe.org/ku/details/17082 ) .
لە ڕاستیدا ئەوە یەکەم یادی ئەنفال نەبوو, بەڵکە یەکەم چالاکی کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک بوو.
چەسپینی ڕۆژەکە
هەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەمی ئەنفالەکان یاساغکرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری هەولێر بە فیتی کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک, لەبەر ئەوەی بە بودجەیەکی زەبلاح و بەکارهیچنانی دەستەڵات لە سەندنەوەی هۆڵ لێمان نەیانتوانی هیچ بکەن, منیش تۆمەتبار کرام بە تێکدانی لافیتەی بەدر کە هۆلچی پیشانگایان بۆ ئەوان لیچ سەندینەوە, وەلێ کە مەممنوع کرا زیاتر مەرغوب بوو, گرنگ ئەوەیە پەیامەکانی چەسپی و لە کۆتاییدا ڕۆژێک دیاریکرا بە ڕۆژی ئەنفالکراوەکانمان, لەو ڕۆژەدا خەم و داواکارییەکانمان یەک دەخەین, خامەکانمان دابەش دەکەین, بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین, بە بیر ڕێگایەک دەدۆزینەوە بۆ بە یاساییکردن بە مێژووکردنی و بە جیهان ناساندنی وەک تاوانی جینۆساید, بە دەست و دەنگێکی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانکاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا.
تێکدانی ڤیستیڤاڵی دووەم
کە ڤیستیڤاڵی یەکەم دەنگ و سەدای گەورەی دایەوە لەناو خەڵک و کەناڵی ڕاگەیاندنەکان, کۆمەڵەیەک لە هەولێر لقێکی هەبوو بە ناوی کۆمەڵەی ڕووناکبیری کۆمەڵایەتی کەرکووک کە بەڕێز جەلال جەوهەر ئەو کات بەرپرسیان بوو لەو بەشە, لە لایەکەوە دەیانویست ڕۆژی 17-4 بسپێنن وەک ڕۆژی ئەنفال, لە لایەکی دیکەوە کەوتنە خۆ ئامادە کردن بۆ یادکردنەوەی ئەنفال و دەیانەویست هەوڵەکە لە ئێمە بسێننەوەو خۆیان پێی هەڵبستن, هەروەها سەردانی وەزارەتی ناوخۆیان کرد مۆڵەتی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکان وەربگرنەوە و بۆ خۆیان ڕێکخراوێک تۆمار بکەن بەناوی ئەنفالەکان, هەروەها داوایان لە قوربانیان و هونەرمەندان کرد بەشداری چالاکییەکانمان نەکەن.
لە کاتێک ئێمە هۆڵی میدیاشمان لە چەند مانگ زووترەوە گرتبوو, ئامادە بووین هۆڵەکە بۆ ئەوان بەجێ بهێڵین و مەراسیمەکەی خۆمان لە 7ی نیسانەوە ئەنجام بدەین, هێشتا لە گێچەڵ کردنی خۆیان نەکەوتن، سەرەتا مۆڵەتی ڕۆژی 14-4 یان لیچ سەندینەوە, کە بینییان سەدان لافیتە بۆ پشتیوانی ڤیستیڤاڵەکەمان لەناو هۆڵی میدیاو دەوروبەری هەڵواسراوە, دەیان بەیاننامە بۆ پشتیوانیمان دەرکراوە و بەشداری بەرفراوانی نووسەران و هونەرمەندان لە ڤیستیڤاڵەکەی ئێمە و پەراوێز کەوتنەوەی ئەوان, تەنانەت قوتابخانەی سیاسی (ی. ن. ک.) بە 10000 دینار پاڵپشتی ئێمەیان کرد, ئەوجا بە پشتیوانی خوالێخۆشبوو جەبار فەرمان مۆڵەتی گرتنی هۆڵی میدیا و گەلەرییەکەیان لێمان سەندەوە دایان بە سەوڵەی بەدری سەربە مەجلس ئەعلای ئیسلامی, بۆ شەوەکەی لافیتەکانیان بە پیسایی تێکدراو تۆمەتەکەیان خستە سەر من, لە لایەکی دیکەوە کاریگەرییان لەسەر یەکێک لە ڕزگاربووانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان دانا لەسەر مینبەر لە کاتی سیمیناردا بێدەنگی لێکرد و وەڵامی پرسیاری کۆڕگێڕی نەدایەوە, وێڕای هەموو ئەو گێچەڵانە بەڵام شکستیان هێنا.[1]