بەوتەی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق، لە چوارچێوەی زیادبوونی بودجەی گشتی ئێراق، چاوەڕوان دەکرێت بوجەی هەرێمی کوردستانیش بۆ 16 ترلیۆن دینار زیاد بکات.
هێمن مامەند، ئاوێنەنیوز: لەلێدوانێکدا بۆ ئاوێنەنیوز، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق، نەجیبە نەجیب، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی ڕابردوی ئێراق 138 ترلیۆن دیناربووە، بەڵام لەمساڵدا بەپێی ئەو ستراتیجەی دەستنیشانکراوە، چاوەڕوان دەکرێت بودجەی گشتی ئێراق بگاتە 157 ترلیۆن دینار.
لەبارەی زیادکردنی بودجەی هەرێمی کوردستانەوە نەجیبە نەجیب وتی، هەر کاتێک بودجەی ئێراق زیاد بکات بودجەی هەرێمی کوردستانیش زیاد دەکات، بۆیە بودجەی ساڵی ڕابردوی هەرێم 14 ترلیۆن دیناربوو بەپێی زیادکردنەکە چاوەڕوان دەکرێت بودجەی هەرێم بگاتە 16 ترلیۆن دینار.
بڕی بودجەی گشتی ئێراق بۆ ساڵی 2013 پێکهاتبوو لە (138) ترلیۆنو (424) ملیارو (608) ملیۆن دینار، لەو بڕەش بودجەی هەرێم بریتی بوو لە 15 تریلیۆنو 257 ملیارو 849 ملیۆن دینار.
-11-07-2013