ناو: سەرهەنگ
ناوی باوک: عەبدولڕەحمان
ڕۆژی لەدایکبوون: #01-01-1976#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، لە 01-01-1976 لە سلێمانی لەدایکبووە. خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی لە قوتابخانەی هونەر تەواو کردووە و ناوەندیشی لە قوتابخانەی ناوەندی سەرۆک تەواوکردووە و دواتر چووەتە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی و لە بەشی شێوەکاری خوێندویەتی، ساڵی 2001 لقی پەیکەرسازی لە بەشی شێوەکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواوکردووە.
$لە بواری پەروەردە و فێرکردندا:$
ساڵی 2002 وەک وانەبێژ لە دواناوەندی (کاژاو)ی کوڕان وانەی وتۆتەوە.
لە 22-10-2003 لە گوندی (مۆکەبە)ی شارباژێڕ وەک مامۆستا دامەزراوە و لە ساڵی دووەمدا بووەتە بەڕێوەبەری قوتابخانەکە، کە ژمارەیان (7) مامۆستا بووە، لە ڕێکەوتی 06-09-2006 لەسەر داوای خۆی گوازراوەتەوە بۆ قوتابخانەی هەواری شار لە گەڕەکی کانی سپیکەی شاری سلێمانی و دواتر قوتابخانەکە گوازرایەوە بۆ گەڕەکی هەواری شار و ناویشی گۆڕا بۆ قوتابخانەی نەهری. لەوساوە وەک مامۆستای نیگارکێشان، بە ئەزموونی (20) ساڵ وانەوتنەوە لەم قوتابخانەیە خزمەت دەکات و سەرنووسەری گۆڤاری (نەهری و دایبابان)ە.
بەشداری ساڵانەی پێشانگاکانی نیگارکێشانی قوتابخانەکانی کردووە و جگە لەوەش بەشداری سەرجەم چالاکی و بۆنەکانی قوتابخانەکەی کردووە و لە زۆربەشیاندا سەرپەرشتی کردووە. چەندین بابەتی پەروەردەیی و چاوپێکەوتنی لە گۆڤار و ڕۆژنامە پەروەردەییەکانی وەک: ڕۆژنامەی ئامانج و ڕۆژانەی سلێمانی و گۆڤاری ئاڕاستەی پەروەردەیی و گۆڤاری ژیار و گۆڤاری ئاری بڵاوکردووەتەوە. لە دامەزراندنی پەرتووکخانەی قوتابخانەی نەهریدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و زیاتر لە (3000) گۆڤار و پەرتووکی پێشکەش بە پەرتووکخانەکە کردووە و هانی قوتابییانی داوە بۆ خوێندنەوە و بەرهەم و نووسینی چەندین قوتابی بەهرەمەندی لە گۆڤارەکانی منداڵان بڵاوکردووەتەوە و لە ساڵانی ڕابردووشدا دەیان قوتابی بردۆتە بەرنامەی منداڵان لە تەلەڤزیۆنی گەلی کوردستان و بەهرەکانیانی خستوونەڕوو. وێڕای ئەوەش بەشداری لە کاری ڕازاندنەوەو نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکەیدا کردووە بە بەشداری م. (ئاکۆ سابیر)ی هاوڕێی. هەروەها بەشداری چەندین خولی پەروەردەیی کردووە، وەک:
1-خولی وانەوتنەوەی مین لە ساڵی 2004
2-خولی ڕاهێنان بۆ وانەی زانست، ساڵی 2005
3-خولی ڕاهێنانی پەروەردەیی، ساڵی 2005
4-خولی ڕاگەیاندن و پەروەردە و هۆشیاری 2010
5-خولی ڕاگەیاندن و پەروەردە لە وڵاتی سوید، 2016
جگە لەوەش، چەندین ڕێزوسوپاسی لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری پەروەردە و وەزیری پەروەردەوە پێ بەخشراوە.
$لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا:$
لە ساڵی 1993 ەوە نووسین و بەرهەمی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی کوردستاندا بڵاوکردووەتەوە.
جێگری سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی بووە، ساڵی 2001-2002
سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕزگاری بووە، لە ساڵی 2002 بۆ 2006
بەڕێوەبەری ڕادیۆی ڕزگاری بووە لە سلێمانی ساڵی 2005 بۆ 2009.
بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری (جگەرگۆشەکان) بووە لە ساڵی 2005 بۆ 2007
ئەندامی کۆنفرانسی میدیای منداڵان بووە لە شاری سلێمانی، ساڵی 2005
ئەندامی کۆنفرانسی میدیای منداڵان بووە لە شاری #هەولێر# ساڵی 2006
سەرنووسەری گۆڤاری (تۆم و جیری) بووە، ساڵی 2009 بۆ 2010
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ئایدیا بووە، ساڵی 2010 بۆ 2014.
جێگری سەرنووسەری ڕێبازی نوێ بووە، ساڵی 2014
جێگری سەرنووسەری گۆڤاری کوردستان دیپلۆماتیک بووە، ساڵی 2014.
سەرنووسەری گۆڤاری باران بووە، ساڵی 2014.
بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی هەواڵنامە بووە، ساڵی 2014 بۆ 2018.
ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری شارباژێڕ بووە، ساڵی 2019 بۆ 2024
لە ئێستاشدا 2025 جێگری سەرنووسەری گۆڤاری شارباژێڕی نوێیە..
سەرنووسەری گۆڤاری نەهری و گۆڤاری دایبابان و گۆڤاری خاڵخاڵۆکەو گۆڤاری پاندایە.
هەروەها ڕاوێژکاری گۆڤاری ئەدەبی (باران) و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری منداڵی سەردەم و گۆڤاری پرسی کورد و گۆڤاری جۆلانێ یە.
ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە.
ئەندامی فدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهانە.
بەشداری چەندین کۆڕ و دیداری تایبەت بە پەروەردەی منداڵان بووە.
لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کوردستاندا بەرهەم و نووسینی بڵاوکردووەتەوە.
چەندین خەڵات و ڕێزلێنانی لەلایەن دەزگاو ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانەوە پێ بەخشراوە.
وەک گەڕیدەیەک کەم گوند و شاری کوردستان هەیە نەچووبێت و چەند شار و وڵاتێکی جیهانیش گەڕاوە، لەوانە: بەغدا، ئێران، تورکیا، یۆنان، قەتەر، هیندستان، سوید، بەلجیکا، سویسرا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هەموو ئەو گەشتانەشی بە نووسین تۆمارکردوون و زۆربەشیانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردونەتەوە.
زیاتر لە (20) پەرتووکی چاپکراوی هەیە کە (10) پەرتووکیان تایبەتن بە ئەدەبیاتی منداڵان.
زیاتر لە (100) پەرتووکی منداڵانی لە زمانەکانی: فارسی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە لە گۆڤارەکانی منداڵاندا بڵاویکردوونەتەوە و زیاتر لە (300) پەرتووکیشی ئامادەیە بۆ چاپ.
لە بواری کۆمەڵایەتیشدا لە ساڵی 2007 ەوە هاوسەرگیری لەگەڵ م. #شنۆ# ئەحمەد کردووە و باوکی سێ کچە بەناوەکانی: ڤارین، ڤینا، نمە. [1]