بەهار حسەینیم لە دایک بووی ساڵی 1983 لە شاری #سەقز#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زانکۆ لە بەشی زمان و ئەدەبی فارسی لیسانسم وەرگرتووە و خاوەن بڕوانامەی وێنەگریم لە سینەما لاوانی ئێران، چیرۆکێکم خەڵاتی دووەمی وەرگرتووە لە فێستیڤاڵی چیرۆکانەی سپی لە ڕۆژهەڵات بە نێوی (ئەمی ئەو یا ئەوی ئەم)و شانۆنامەیەکم خەڵاتی وەرگرتووە لە ئامەد بەناوی (سەمای مێشک)و هەڵبەستێکم خاوەن خەڵاتی یەکەمی فێستیڤاڵی کەڤالە لە #هەولێر#. ساڵی 2010 بە هۆکاری سیاسی ئێرانم بە یەکجاری بەجێهێشت و ماوەی پێنج ساڵ لە باشووری کوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجی بووم لە ماوەی پێنج ساڵ لە بەشی فارسی ڕادیۆ دەنگی کوردستان لە هەولێر وەک بێژەر و نووسەری هەواڵ و قسەی ڕۆژ و شەوانی سێشەممەیش بە خوێندنەوەی ڕۆمان لە بەشی پەرتووک باشترین هاوڕێ لە هەمان ڕادیۆ کارم کرد. لە هەولێر کۆمەڵە هەڵبەستێکم بە ناوی پشیلەیەک لە جانتادا چاپکرد. هەڵبەستەکان لە دونیایەکی ژنانە و دڕدۆنگییەکانی خۆم وەک ژنێکی شاعێری تەنیا لە کۆمەڵگەی پیاوسالاردا و هزرە نەتەوایەتییەکانم دەدوان. دواتر و هەر لە باشووری کوردستان پەرتووکێکی دیکەم چاپ کرد بە ناوی باشترین ساڵی ژیانتان، کە وەرگێڕانێک بوو لە فارسییەوە بۆ کوردی لە بواری دەروونناسیدا. پاشان ڕووم لە هەندەران کرد، ساڵەکانی یەکەمی پەنابەری پەرتووکێکی دیکەم بە ناوی چیرۆکی ناتەواو چاپ کرد کە وەرگێڕانێک بوو لە فارسییەوە بۆ کوردی.. ئەم پەرتووکە نوێیەم، چوارەمین پەرتووکی چاپ کراوی منە بە ناوی نەهەنگی 52 هێرتز. کۆمەڵە هەڵبەستێکی کوردییە و پێکهاتووە لە 44 هەڵبەست کە لە قۆناخی بۆ دووەم جار پەنابەر بوونم نووسراون و باس لە هەست و ڕوانینی من دەکەن سەبارەت بە کۆمەڵگەی نوێی ئەوروپا و خۆمێک وەک تاکی کورد و کێشە پەیوەندیدارەکان بە بێ وڵاتی و خەمۆکییەکی سەرلێ شێواو و ترسێک کە وات لێ دەکات بەردەوام لە دووی هیوا بگەڕی و پەل بۆ هەر ڕۆشناییەک بکوتی بۆ ئەوەی لەسەر پێیەکانت بوەستی. ئەم پەرتووکەم لە هەزار نووسخەدا لەلایەن چاپخانەی زانا لە #سلێمانی# چاپ کراوە و کەسایەتی و شاعێری ناسراوی ڕۆژهەڵات کاک حەمەساڵەی سووزەنی پێشەکی لەسەرنووسیوە.[1]