گوندێکە، دەکەوێتە شارەدێی #ناڵپارێز# لە شارۆچکەی #پێنجوێن#ی پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
ئەم گوندە دەکەوێتە بناری چیای سوورێنو نێوان بەرزاییەکانی قەڵای سوورخابوو قووچی بەردەبەلو سەراش-وە، سەراش گردێکی گەورەیە کە پێدەچێت دەستکرد بووبێت وەک خەڵکی گوند ئاماژەیان پێکرد. هاوکات بەرزایی عەرەب سوار لەلایەکی ترەوە ئەم شاخە بەناوی سوارێکی عەرەبەوە کە ناوەکەی نەزانراوە ناونراوە ئەو شاخە چەمی کونێ-ی پێدا تێپەڕ دەبێت کە بەنێو شاخەکەدا گوزەر دەکات، لەکۆندا ئەو شاخەی بۆ کون کراوە و ئاوەکەی دەچێت بۆ گوندی وەڵە سمت. چەمی کونێ جۆگەیەکە کە لەچەمی چەقانەوە وەرگیراوە.
پێگەو سرووشتی گوندەکە
سیامێوە دەکەوێتە نێوان گوندەکانی خڕنوکو بۆریدەرو وشقوبەو کانی سێفەوە، ناوی ئەم گوندە سیامێوە لەمێوە ڕەشەوە سەرچاوەی گرتووە، سیا لە زمانی فارسیدا بەمانای ڕەش دێتو مێو هەر مێوە کە هەموومان دەیزانین ئەم ناوچەیە بەوە ناسراوە کە ڕەشە بۆ داری مێو بەو مانایەی ڕەزو مێوی تێدا بەرهەم نایەتو گەر بڕوێت تێیدا، ئەوا دوای یەک دوو ساڵ وشک دەکات.
دانیشتووانی سیامێوە لە هەردوو تیرەی ڕووخزاییو مام وەیی پێکهاتوون کە هەردووکیان سەر بەهۆزی جافن. ژنو ژنخواز لەنێو هەردوو تیرەدا هەیە و هیچ کێشە و گرفتێکیان نییە، بە جۆرێک ئەم دوو هۆزە لەناو یەکدا قاڵبوونەتەوە کە ڕەنگە ئەستەم بێت جیاکردنەوەیان. خەڵکی گوند بەخۆشیو کامەرانی لەباوەشی زێدی بابوو باپیرانی خۆیان دەژیان، ژمارەی خێزانەکانی دانیشتووی ئەم گوندە پێش ڕاگواستن دەگەیشتە زیاتر لە50 خێزان. هەرچەندە ڕژێمی #بەعس# لێیان نەگەڕا ئەو ئارامییە بەردەوام بێت، لە دوای ئەو هەموو نەهامەتی تۆپبارانو هەڕەشەو توندوتیژیەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەرانبەر بەدانیشتووانی سیامێوەو دەوروبەری کرا، دوای ئەوەی بۆ چەند جارێک سەربازانی بەعس دادەبەزینە ناو گوند و هەڕەشەیان لێ دەکردن کە ئەگەر پێشمەرگە یەک فیشەک بتەقێنێ، ئەوا هەموویان ڕەمی دەکرێن.
ئەم گوندە لە ساڵی 1980دا دوایەمین گوندی ئەم ناوچەیە بوو کە داگیرکراو بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێەکان بەڕێ کرانو گوندەکە ڕوخێنراو پاشانیش سوتێنرا. خێزانەکانی ئەم گوندە بەزەحمەت توانیان کە هەر خێزانەو ئەوەندەی بارێکی هێستر، شتومەکو کەلوپەلی پێویستی خۆیان دەربکەن، وەک خۆیان ئاماژەیان پێکرد زەویو زار و بەرەکەتی ئەم گوندە بەقەد کۆرپەیەکیان شیرین بووە لایان کە وەک ئەوە وابوو کۆرپەکانیان لەوێ جێهێشتبێ. پاش ئەوەی برانە کۆمەڵگەی شانەدەریی لەبەر تۆپبارانی شەڕی ئێراق -ئێران هەر ڕۆژەی لە شوێنێک بوون، لە ترسی تۆپبارانو پاشان خەڵکەکە جارێکی تر بەناچاری چوونە ئۆردوگا زۆرەملێەکانی نەسر و باریکە، تا ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991و پاش کۆڕەوە مەزنەکە، خەڵکی ئەم گوندە بڕیاری گەڕانەوەیاندا بۆ سەر زێدی باو باپیرانیانو جارێکی تر بەگوندەکەیان شاد بوونەوە. هەوڵیانداوە بۆ جارێکی دی درووستی بکەنەوەو باخو ڕەزەکانیان بژێننەوە، ئێستا دانیشتووانی ئەم گوندە دەگاتە 67 خێزانو ئەم ژمارەیەش پێدەچت لەزیادبووندا بێت، ئەگەر خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ بچێت.
دانیشتووانی سیامێوە بەبەخێوکردنی باخە هەنارو چنارەوە خەریکنو بەکەمیی تەماتە و بامێو سەوزەواتی تێدا دەکرێت، لەبەر ئەوەی زەوی بەراویان کەمە، بەڵام لە کاتی گرانییەکە کە ئابڵوقەی ئابووری لەسەر ئێراق بوو، خەڵکی گوند مەرەزەو گەنیمان دەکرد، بەڵام ئێستا ناکرێتو لەپێش ڕاگواستنیشدا هەر کراوە، بەڵام ئەو کات زەوی بەگا کێڵدراوە، چونکە ناوچەکە شاخاویە، بەڵام ئێستا کێڵانی زەوی بەگا کەمبووەتەوەو خەڵکەکەش ئەو توانایەی جارانی نەماوە کە دانەوێڵە بکات. هەندێکی دیکەش لەو خێزانانە بەئاژەڵداریەوە خەریکن، ژمارەی ڕەشە وڵاخ لە گوندەدا دەگاتە 60-70 سەرو ژمارەی مەڕو و بزنیش دەگاتە نزیکەی 2400 سەر.
ئەنجوومەنی گوند دەڵێت: (بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانمان، کێشەی زۆرمان بەرەو ڕوو دەبێتەوە، لەبەر نەبوونی زەوی پێویست لەم ناوچەیە بۆ کردنی کاو چاندنی جۆی پێویست بۆ ئالیک، بۆیە دەبێت بچینە سەید سادق بۆ کڕینی ئالیک بۆ ئاژەڵەکانمان، هەروەها کەمی باران لەم ساڵانەی دواییدا وای کردووە کە لەوەڕگاکانی ئەم ناوچەیە زۆر زوو کۆتاییان پێ بێتو تەواو بێت کە ئەمەش بۆ ئاژەڵدار زۆر زەحمەتە، مەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت هاریکاریمان بکات بەپێدانی ئالیک بۆ ئاژەڵەکانمان).
لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی پیاوانی ئەم گوندەو گوندەکانی دەوروبەری، بە#کۆڵبەر#یەوە خەریک بوون، بەو پێیەی ئەم گوندانە دەکەونە سەر سنوورەوە. ئێرانییەکان بەتانیو فەرشو کراسو کەلوپەلی تریان دەهێنایە ئەم دیوو و ئەمانیش برنجو شەکرو چاو و تایدو سابوونو جگەرەیان دەناردە ئەو دیوو. ئەم مامەڵەیەش لەشاخی بنی بەردی گومڵێو لە گوندی کانی سێفەوە دەکراو کۆڵبەرەکان دەهاتنە ناو خاکی ئێراق بەهێستر. ئەم جۆرە مامەڵەکردنە زیاتر لەساڵەکانی 1977-1980 بوو، پاشانیش لە ساڵی 1993 دەستی پێ کردەوە تا سەرەتای ساڵەکانی 2000، پاشان ئێران سنووری داخستو ڕێگەی نەدا ئەم مامەڵەیە بەردەوام بیێت کە ئەمەش زیانێکی گەورە بوو بۆ کاسبکارانی ئەم گوندەو گوندەکانی دەوروبەری کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم مامەڵەکردنە بوو. ئەمە جگە لەوەی مامەڵەی کڕینو فرۆشتنی ئاژەڵیش هەبوو لەنێوانیادا، ئەگەر دینار بەرز بوایە لێرە، ئەوا ئەوان دەهاتن کەلوپەلێکی زۆریان دەکڕی، ئەگەر نزمیش بوایە، ئەوا ئەمان دەچوون کەلوپەلی پێویستیان دەکڕی، بۆیە زۆربەی بژێوی گوندەکانی ئەم ناوچەیە، لەسەر ئەم جۆرە مامەڵانە بوو.
ناسراوەکانی گوند
لەکەسە ناسراوەکانی ئەم گوندەو دەوروبەری، حاجی مەحمود شەریف بوو کە بنەماڵەیەکی گەورە بوونو شەش کوڕی هەبوو، خێزانێکی ئاژەڵداری دەستڕۆیشتوو بوونو هەمیشە ماڵیان کراوە بوو بۆ پێشمەرگە و ئەوانەی لە ئێرانەوە بۆ کاسبی هاتوونو هەر ڕێبوارێک کە پێویستبایە لەو ناوچەیە بحەوێتەوەو پشوویەک بدات، ئەم خانەوادەیە هەمیشە سفرەو خوانیان ئامادەبوو. هەروەها حاجی توفیق شەریف، ڕیش سپیو موختارو خەمخۆری گوند بووە و هەمیشە هەوڵی داوە بە هاوکاری خەڵکەکە کێشە و گرفتەکانی سیامێوەو گوندەکانی دەوروبەری بۆ چارەسەر بکاتو داواکاریو خواستەکانی ناو گوند بگەیەنێتە جێگەی خۆی. هەروەها ژنێکی کارامەو لێهاتوو بەناوی دادە لەیلێ کە مامانی گوند و حەکیمی منداڵان بووە، زۆرینەی منداڵانی گوند لەسەر دەستی ئەودا چاویان بەسرووشتی جوانی سیامێوە هەڵهێناوە، ئێستاش لە ژیاندا ماوە، بۆیە زۆربەی ژنانی گوند خۆیان بەقەرزاری ئەم خاتوونە لێهاتووە دەزانن.
کارەبا و ئاو
سیامێوە دوو کانی تێدا هەڵدەقوڵێت، یەکێکیان پێی دەوترێت کانی گڵەکەوە کە پڕۆژەی ئاوی گوندی لەسەر درووستکراوە، ئەم کانییە ئاوێکی سازگاری هەیە، بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە لەکار کەوتووە و هەر ماڵێک بۆ خۆی بەسۆندە لەحەوزی پڕۆژەکەوە ئاوی ڕاکێشاوە کە ئەمەش گرفتی بۆ درووستکردوون، بەتایبەتیی لە وەرزی زستاندا، چونکە ناوچەکەیان ساردەو ئاوەکەیان ئەیبەستێو سۆندەکان بەرگە ناگرن، کانییەکەی تریشیان پێی دەوترێت (کانی سەرسیامێوە) کە لەسەروو ئاوایی هەڵدەقوڵێو بەناو گونددا گوزەر دەکات کە خەڵک بەچەمی سیامێوە ناوی دەبات، خەڵکەکە کەڵک لەم ئاوە وەردەگرن بۆ کاروباری ڕۆژانەیانو بەتایبەت لەزستاندا کاتێک کە ئاوی پڕۆژەکەیان دەیبەستی ئەو ئاوەی بەسۆندە دەیهێنن، ئەوا ژنان لەم چەمەو هەندێک جاریش لەچەمی چەقان بەسەتڵ ئاو دەهێنن. بۆ کشتوکاڵ کردنیش کەڵک لەو جۆگانە وەردەگرن کە لەسەر چەمی چەقانو چەمی سیامێوە لێدراون بەتایبەت 8 جۆگەکەی سەر چەمی چەقان، چونکە ئەو 7 جۆگەیەی تری سەر چەمی سیامێوە ئاوەکەی لە هاویندا زۆر کەم دەکات بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی کە وشکە ساڵی بوو. خەڵکی ئەم گوندە زۆر ماندوون بەدەست جۆگە ماڵینەوە، چونکە جۆگەکانیان تا ئێستا بۆ کۆنکریت نەکراوە، بۆیە داواکارن لەلایەنی پەیوەندیدار کە ئاوڕێک لەم گوندە بداتەوە جۆگەکانیان بۆ کۆنکریت بکەن.
سەبارەت بەکارەبا، سیامێوە خزمەتگوزاری کارەبای نیشتمانیی پێگەیشتووە و خەڵکەکە خۆشحاڵن بەدابین کردنی کارەبا بۆ ناو گوند و دەڵێن: (کارەباکەمان لەگەڵ کارەبای شارەکان، هیچ جیاوازییەکی نییە وەک یەک کارەبامان هەیە).
ئاستی خزمەتگوزاریەکان
ئەم گوندە بینای بنکەیەکی تەندرووستی گونجاوی بۆ درووستکراوە و لە ساڵی 2005وە تا ئێستا نەخراوەتە کار لەبەر نەبوونی ستاف کە چەند جارێک خەڵکی سیامێوەو گوندەکانی دەوروبەری داوایانکردووە، بەڵام وەزارەتی تەندرووستی وەڵامی داونەتەوە کە ستافیان نییە، بەڵام وەک دەڵێن: (بەم دواییانە کەسێکی بۆ دامەزراوە کە ئێستا بەشداری خولێک دەکاتو بڕیارە دوای تەواوبوونی لەو خولە، دەستبەکاربێت). بەمەش کێشەی تەندرووستی ناوچەکە تا ڕادەیەک چارەسەر دەبێت، گەرنا دەبێت بچن بۆ نەخۆشخانەکەی سەید سادق. وەک گوندنشینانی سیامێوە ئاماژەیان بۆ کرد، جاری واهەبووە لەشەودا کەسێک دووپشک پێوەی داوە و لەبەر ئەوەی لێرە هیچ بنکەیەکی لێ نەبووە، بەو شەوە 50 هەزار دینارمان داوە بەتەکسی تا بمانگەیەنێتە نزیکترین نەخۆشخانە، پار ساڵ ژنێک بەناوی ڕۆشنا عەلی دووپشک پێوەیدا، تاگەیاندیانە سەید ساق بەداخەوە گیانی لەدەست دا، هاوکات ژنێکی تر کە دووگیان بوو بەناوی ئایشە سابیر لەبەر نەبوونی پزیشک، گیانی لەدەست دا.
ڕێگەی ئەم گوندە تا ئێستا خۆڵە و کە گرفتی بۆ خەڵکەکە درووستکردووە، بەتایبەتیی لە وەرزی زستاندا، هەروەها بۆ منداڵانی گوند و دەوروبەری کە دێنە گوندی سیامێوە بۆ خوێندن. ئەم گوندە خاوەنی چەندین شەهیدە کە ژمارەیان دەگاتە 20 کەس، هەر لەشەهیدی پێشمەرگە و قوربانییەکانی دەستی ڕژێمی بەعسو تۆپباران، دەوروبەری ئەم گوندە مینو تەقەمەنی زۆری تێدایە کە تا ئێستا چەندین کەس بوونەتە قوربانی، لەوانە 3 کەسیان شەهید بووە و 6 کەسی تریشیان کەمئەندام بوون.
شایەنی باسە سیامێوە، خوێندنگەیەکی شەش پۆلی تێدایە، بەڵام ئێستا کراوەتە 9 پۆلی بەبێ ئەوەی هیچ زیادکردنێکی ژووری بۆ بکرێت، بەمەش باری خوێندنی قورستر کردووە لەسەر شانی مامۆستا و قوتابی. منداڵانی گوندەکانی خڕنوکو بۆریدەری سەرو خواروو هەروەها جۆمەرەسی، بەزستانی سەخت بەپێ دێن بۆ سیامێوە تا درێژە بەخوێندن بدەن، ئەمە جگە لەوەی کە منداڵەکانیان قۆناغی بنەڕەتیان تەواو کردووە و بۆ دواناوەندی دەبێت ڕوو بکەنە سەید سادق، بۆیە زۆربەی منداڵانی گوند واز لەخوێند دەهێنن لەبەر نەبوونی خوێندنگەو هەروەها گرانی کرێی هاتوچۆ بۆ سەید سادق. دانیشتووانی ئەم گوندەش تا ڕادەیەک توانیویانە کەڵک لەپێشینەی خانووبەرە وەربگرن، 8 خێزان ئێستا خەریکی ئەوەن خانووەکانیان بەشێوەیەکی مۆدێرن درووست بکەنەوە کە لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆدا بگونجێت.