عەرعەر، سەروی کێوی، دارێکی بێ بەرە لە تیرەی عەڕعەڕەکان Simarubacée، دارێکی شۆخ و شەنگە و 20 میتر باڵا دەکا، گەڵاکانی 60 تاکوو 70 سم درێژ دەبن و هەر گەڵایەک 15 تاکوو 20 گەڵای چووکەتریان پێوەیە و گەڵایەکیش لە پۆپەیانەوەیە و لە گەڵاکانی دیکە جیا بووەتەوە، گەڵا و گوڵی بۆنێکی خراپیان هەس. (مامۆستا هەژار دەڵێ بێ بەرە و د. عمیدیش دەڵێ بەرکەی وەک فندقە) تۆکڵی داری عەڕعەڕ بۆ دەرمانی کرمی تنیا کە جۆرە کرمێکی نێوزکە باشە. ئەم دارە لە بنەڕەتدا لە وڵاتی چین و ژاپونەوە هاتووە. لە بەر ڕاست هەڵچوون و شەنگی، زۆر لە هۆنەرانی کورد بەژن و باڵای یارەکەیان بەم دارە دەشوبهێنن، ئەمەش نموونەیەک لەم جۆرە هەڵبەستە: (ڕاست و چەپ تێن جگەر و سینە کولاب/ عەرعەرین شەنگ دلەستن چەپ و ڕاست) مەلای جەزیری. (گوڵ و خونچەی بەهارانیش لە تۆ نەشمیلەتر نابێ/ نەمامی عەڕعەڕی کۆرپەش لە تۆ خنجیلەتر نابێ.) بە فەرانسەیی Ailante، Arbre de ciel، Ailante glanduleux و Fréne puant و بە ئینگلیزیش Tree of heaven، Tree of the God و Chinese sumach پێ دەڵێن.[1]