ئادونیس
Latin: - Adonis
ڕووەکێکە لە تیرەی لالە، گەڵاکانی قاژ قاژن و گوڵەکانی زەرد و سوورن، لەنێو کێڵگە و جاڕی گەنمدا دەڕوێ. بۆ دەرمان دەشێ.
لە ڕاستیدا ئەم ناوە فەڕەنساوییە و لە یوناندا سەمبول و نمادی سرووشت و دووبارە ژیانەوەی ساڵانەی دەزانن. لە چیرۆکە کۆنەکانی یونانیدا هاتووە کە گوایە ئادونیس کوڕی کینووراس و کچەکەی کە لە مورها بوویەتی. جوان چاکێکی بێ وێنە بووە و دڵی لە ئافرۆدیتە چووە و بووە بە ئەوینداری. ئارس کە بەم کەینوبەینە دەزانی لە شێوەی بەرازێکدا دەردەکەوێت و دەگەڕێتەوە و ئارس دەکوژێ. لە خوێنی ئادونس گوڵاڵەسوورە دەڕوێ. ئافرودیتەش خەم و پەژارە دایدەگرێ و لە پرسقونە دەپاڕێتەوە کە کارێک بکات هەموو ساڵێک لە سەرەتای بەهاردا بۆ ماوەی چوار مانگان ئادونیس بگەڕیتەوە بۆ ڕووی زەوی و لەو ڕۆژەوە ئادونیس بوو بە سەمبولی دووبارە ژیانەوەی سرووشت. [1]