محەمەد ئەمین کاردۆخی ناسراوە بە (کاردۆخی)، ناوی تەواوی بریتییە لە (محەمەد ئەمین کوڕی شێخ محەمەد، کە کاکە شێخ ناسراوە کوڕی شێخ محەمەد بەهائەدین کوڕی شێخ عوسمانی سیراجەدینی تەوێڵە)یە. دایکی کچی مەلا نەجمەدینی مەلا نەزیرە.
لە ساڵی 1916 لەتەوێڵە لەدایکبووە، لەپێنج ساڵیدا لای باوکی و خاڵوانی قورئان و پەرتووکە ئایینییەکانی خوێندووە، لە ساڵی 1929 لەتەوێڵە چووەتە قوتابخانە و لە ساڵی 1935یشدا خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، پاشان چووەتە بەغدا لەخانەی مامۆستایان وەرگیراوە، لە ساڵی 1939دا خوێندنی تەواوکردووە و لە ڕۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 1939دا دامەزراوە و بووە بە مامۆستا لە #تەوێڵە#.
ژیانی مامۆستایەتی لەم شوێنانە تەواو کردووە؛ ساڵێک لە تەوێڵە، دە ساڵ لە #بیارە#، دوو ساڵ لە #عەبابەیلێ#، ساڵێک لە #جافەران#، دە ساڵ لە#هەڵەبجە#، دوو ساڵ لە#سلێمانی#، شەش ساڵ لە بەغدا تا لە ڕۆژی یەکی نیسانی ساڵی 1970 خۆی خانەنشین کردووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، واتە (31) ساڵ خزمەتی لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵی کوردا هەبووە، بەڵام مخابن لە ڕۆژی هەشتی حوزەیرانی ساڵی 1982 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.
کاردۆخی هەر بەمنداڵی حەزی لە خوێندنەوە و لەبەرکردنی هۆنراوە بووە، بەتایبەتیش هۆنراوەکانی حاجی قادر و کوردی و مەولەوی، زۆر کاریان تێکردووە.
$بەرهەمە چاپکراوەکانی$
دیوانی (سەیدی هەورامی) -چاپخانەی کامەرانی سلێمانی ساڵی 1971.
بەرگی یەکەمی دیوانی (شاهۆ) -چاپخانەی کامەرانی سلێمانی ساڵی 1976.
بەرگی یەکەمی دیوانی مەردۆخی -چاپخانەی دارالحریە لە بەغدا ساڵی 1978.
بەرگی دووەمی دیوانی (شاهۆ) -چاپخانەی کامەرانی لە سلێمانی ساڵی 1980.
لەچاپدانەوەی دیوانی کاردۆخی بەشی یەکەم و هەندێ لە بەشی دووەم -چاپخانەی ئۆفسێتی سەرکەوتن لە سلێمانی.