دەربارەی ناوی (پشدەر)و ڕەگ و ڕیشەکەی چەندین بیروڕای جیاواز هەیە، لە سەردەمی کۆنەوە تا ئەمڕۆ چەند جارێ گۆڕانکاری بەسەر ناوی پشدەر دا هاتووە، بە جۆرێک ژمارەیەک مێژوونووس و گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناس و حاکمی سیاسی و نووسەر لە پەرتووک و یاداشتەکانیاندا باسی ناوی پشدەریان کردووە، هەندێک لەوانە کوردن و هەندێکی تریان بیانین، دەشێ بوترێت دوای خستنەڕووی بەشێ لەو بیروڕا جیاوازانە کە مێژووی هەریەکەیان بۆ سەردەم و قۆناغ و سەدەیەک دەگەڕێتەوە، بگەینە جۆرێک لە کۆک و تەبایی سەبارەت ناوی پشدەر.
ئاشکرایە ناوچەی پشدەری ئێستا لەکۆندا بووەتەمەیدانی ململانێ ی و داگیرکاری و کاولکردن، لە کاتی ئەم جەنگ و داگیرکاریانەش دا ئاماژە بەناوی ناوچەکە کراوە، کە لە زۆربەی سەرچاوەکاندا بەشێوەیەک لەشێوەکان ناوی پشدەر بوونی هەیە، هەرلەبەر ئەوە بۆ زیاتردەرخستن وئاشنابوون بەمێژووی ئەو گۆڕانگاریانەی بەسەر ناوی پشدەردا هاتووە، ئاماژە بەو سەرچاوانەش دەکەین.
چەند بیروڕایەک دەربارەی ناوەکانی پشدەر
یەکەم:- (نامرێ)لەکۆندا بە پشدەر وتراوە نامرێت \پادشای ئاشوری شەلمانەسەری سێیەم لە ساڵی (834)پێش زاین، لە ناوچەی نامرێت Namri (پشدەر)ی ئێستاوە بۆ ناوچەی (زەهاو و دەوروبەری ڕۆیشتووە)\1، ڕۆیشتنی ئاشوورییەکان بۆ سەر دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەربەندی ڕەمکانەوە تێیان کردووە بەناوچەی ئێستاکەی پژدەردا تێپەڕیوە2، کاتێک ناوچەکە لەژێر دەستی لۆلۆییەکاندا دەبێت، لەلایەن سوپای ئاشوورییەکان بەسەرکردایەتی (سەلمانازارە) لە ساڵی (844)پێش زاین دیسانەوە هێرشیان هێناوەتەوە سەر ویلایەتی (نامرێ)واتا ناوچەی پشدەرو #سەردەشت#. فەرمانڕەوایی نامرێت کە ناوی (مردوخ مۆدامیخ)بووە ڕای کردووەتە شاخ و ناوچەکەی بەجێ هێشتووە3 لەچەرخی ئاشووریدا شاری (زامبی Zambi) لە هێرشی هەشت سەرجۆندا ناوبراوە، لەتەک چیای ئەسمیرا (چیای #قەندیل#)پشدەر بە (نامرێت Namri)ناوبراوە4 ئەمە گوازرشتە لەوەی لەو سەردەمەدابە پشدەر وتراوە (نامرێت Namri)، ناوهێنانی پشدەر بە (نامرێ)لە چەند سەرچاوەیەکی جیاجیادا ئەوە دەخاتە ڕوو کە لەسەدەمانێکی کۆندا ناوچەکە بەو ناوە ناسراوە.
دووەم:-ئەگەر ئاماژە بەسەردەمی تازەتر بکەین بۆ ناوی پشدەر ڕایەکی تر هەیەبە جۆرێک \لە کاتی فتوحاتی ئیسلامی ناوچەکە دوچاری جەنگ و کوشتن و وێرانکاری هاتووە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەکان لەو کاتە دا بە پشدەر وتراوە (شیدەر) (پشتدەر)، بەڵگەش بۆ ئەوە سەرلەشکری ئیسلام خالید بانگی عومەری کرد بڕوا بۆ سەر ڕیگای (شیدەر)5دیارە ئەمە لە ساڵی21 کۆچیدا دەبێت، دیارەئەو کاتە فەرمانڕوایی ناوچەکە (فرخ پاشا شیدر)دەبێت6، پێویستە بوترێ ناوی (شیدەر)لە زمانی پەهلەویدا بەواتای نوور و ڕۆشنایی هاتووە، نوور و ڕۆشنایش لە ئایینی زەردەشتیدا جێگەیەکی بەرزی هەیە وزەردەشتییەکان کاتی پاڕانەوە لەپەروەردگار ڕوو دەکەنە نوور و لەم ڕووەوە دەتوانرێ پەیوەندی واتایی لەگەڵ وشەی شیدەر درووست بکرێت (مەبەست پشدەرە)7، دیارە لە زمانی فارسیشدا لێکدانەوەوشیکردنەوەبۆ ناوی پشدەر کراوە، لەبەر ئەوەی لەکۆندا بەپێی سەرچاوەکان پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان پشدەر و سەردەشتدا هەبووە، وەکوو یەک ڕووبەری جوگرافیا ئەژمارکراون، هەروەکوو لەپێشوو ئاماژەکان پێدا لەژێر دەسەڵاتی یەک فەرمانڕەوادابوون.
سێیەم:-لە (محجم البلدان)دا ناوی پشدەر بە (بشتیر)هاتووە کە گوندێکە خاوەنەکەی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە و ناوی گوندەکەش (پشت دەربەندە)8 چوارەم:-دیارە کاتێک ناوچەکە لەلایەن سوڵتانە عوسمانییەکانەوە داگیرکراوە ناوی پشدەر جارێکی تر گۆڕانی بەسەرداهاتووە، ئەمەش مەبەستی تایبەتیی ڕامیاری لە پشتەوە بووە بۆیە دەبینین\ لە ساڵی (1897)دا ئەم قەزایە ناونراوە (معمورە الحەمید)9پشدەر بەناوی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە ناونراوە10 ئەمەلە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی عوسمانییەکان مەعموریەی حەمیدی پێ گوتراوە و مەرگە سەردەمێک مەڵبەندی کارگێڕی بووە11 پێویستە بگوترێت مەعمورەتولحەمیدیە قەزایەکە لەسنجەقی #سلێمانی# سەربەویلایەتی موسڵ، مەڵبەندەکەی گوندی (مەرگە)یە و پێشتریش هەر بەشارۆچکەی مەرگە بەناوبانگ بوو12، بەڵام لە سەردەمی حکومەتی نیشتمانی دا ئەو ناوە نەما13، واتا ناوەکە بووەتە پشدەر.
دەربارەی شیکردنەوەی پێکهاتەی وشەی پشدەرو ناوەکەی
ئەو دەربەندە وەهای کردووە بەدیوی لای ڕۆژهەڵاتی بگوترێ:پشدەر (پشت دەر=پشدەر=پژدەر)دیوی #ڕانییە#ش بەردەر.لە پەرتووکی (سبح الاعشی)ی قەلقەشەندی بەر لە (500)ساڵێک پێیگوتراوە دەربەندی (قرایرا)14، بەرلەوەی بێیتە سنووری شارۆچکەی پشدەر لەنێوان (ڕانییە-پشدەر)دەربەندێک بەدیدەکرێت، ئەگەر لەوێوە بنواڕینە ناوچەکە دەشێ پێ ی بوترێت (پشدەر)کەدوور نییە لەڕووی داڕشتنەوە بەم شێوەیە بووبێت (پشت+دەرگا=پشت+دەر=پشت دەرە)بەڵام بەتێپەڕبوونی کات وشەکە دوچاری داتاشین هاتبێت، لەدەرئەنجام دا بووبێتە (پشدەر)چونکە ئەوەی تێبینی دەکرێت هەرسێ وشەکان لەڕووی ماناوە لەیەکەوە نزیکن.
لە چەند سەرچاوەیەکی تردا ئاماژە بەوە دەکرێت، ناوی پشدەر بۆ سەردەمانێکی کۆن بگەڕێتەوە، کە لەبنەڕەتدا ئەو ناوە وشەیەکی لێک دراوە (پشت دەربەند)یان (پشت دەربەن-بەرتەسک)مەبەست لەوەش (دەربەن یان بەرتەنگی ڕانییە)یە15، پشدەر واتە (پشت دەرگا)واتە پشتی دەربەندی ڕەمکان-دیارە بۆ کەسێک کە لەرۆژئاوا دەڕوانێتە ناوچەکە16، لەبەر ئەوەی پشدەر لە دەربەندی ڕەمکان دەروویەکی هەیە ڕووەو ناوچەی بیتوێن کراوەیە، بۆیە پێ ی گوتراوە (پشت دەر)بەدیوی ڕانییەش بڵێن بەردەر، دیارە بنەچەی وشەکە بەمانای کەلێن یان ڕوانگە دێت17
یاخود ئاماژە بەوە دەکرێت\پشدەر بەواتای (ئەودیوی تڵیشی تاشەبەرد)دێت\18، هەروەها وشەکە لەدوو بڕگە پێکهاتووە 1-پشت، 2-دەر (دەربەند) مەبەست ئەو ناوچەیە کە دەکەوێتە پشت دەربەندی ئاوی ڕانییە19، پشتەر:پژدەر، کە لە ئەسڵ دا (پشت دەر)ە21، هەروەها غالب تاڵەبانی دەڵێت\بەدوور نازانرێ کە ناوەکە لە بنەڕەت دا (پشت-دەر)بووبێت کە واتای پشت سنووریش دەگەیەنێت21 پشدەر بە کوردی بەمانای دواوەی دەرگا یان ڕۆیشتن یان ڕێگە دێت ئاماژەیە بۆ چیای (جرد)لەنێوان دۆڵی پشدەر کە ئێستا ون بووە (نەماوە)بەهۆی ئاوی دەریاچەی دوکانەوە22.
چەند ماوە و سەردەمێکی مێژوویمان بۆ سەرەتاکانی وشەی پشدەر خستە ڕوو، دەرکەوت لە سەردەمی کۆندا پشدەر ناوی تری هەبووە و چەند جار گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە لەسەردەمێک دا بە (نامرێ)ناونراوە، دوورنییە ئەم ناوە لەوەوە هاتبێت خەڵکی ناوچەکە (زیندوو، ئازا و لەخۆبوردە) بووبن، لەبەر ئەوە ناویان نابێت (نامرێ)، یان گۆڕاوە بۆ (زامبی، شیدەر، بشتیر، مەعمورالحەمید، ..)، بەڵام ئەوەی بەدیدەکرێت لە زۆربەی سەرچاوەکاندا زیاتر ئاماژە بە ناوی (پشدەر)کراوە، ئەگەر لەڕووی بابەتی و ڕاستییەوە بڕوانینە ناوەکە دەتوانین بڵێین ناوی (پشدەر) لە هەموویان شیاوترە بۆ ناوچەکە دابنێین، هەروەکوو لەپێشوو بە پشتبەستن بەچەند سەرچاوەیەک خرایە ڕوو.
ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم بابەتە سوودیان لێ وەرگیراوە:-
1-فازڵ قەرەداغی، مێژووی دێرینی کوردستان، پەرتووکی سێیەم، چاپی یەکەم، 2007، ل75-76.
2-مەسعود محەمەد، گۆڤاری ڕەنگین، ژمارە (55-56)، ساڵی (1993)، ل43.
3-محەمەد مەردۆخی کوردستانی، تاریخ کرد کردستان، جلد1، چاپ دوم، (فارسی).
4-جوگرافیناس کەریم زەند، جوگرافیای کوردستان، چاپی دووەم، 2005، ل265.
5-مەلا ڕووف سەلیم حەوێزی، کوردستان و ئایینی ئیسلام، چاپخانەی جامعە، 1970، ل96.
6-حەسەن مەحمود حمە کەریم، کوردستان لە بەردەم فتوحاتی ئیسلامی دا، چاپی چوارەم، 2007، ل226-408.
7-فەرەیدوون حەکیم زادە، سەردەشت لە ئاوێنەی بەڵگەنامە مێژووییەکاندا، وەرگێڕانی، حەمە ڕەسوڵ حەسەنپوور، چاپی یەکەم، 2008، ل21.
8-پامر عەبدولحسین الحامری، موسوعە العشائر العر اقیە، جلد (4-6)س147-148.
9-جەمال بابان، سلێمانی شارە گەشاوەکەم، بەشی دووەم، 1998، ل46.
10-ساڵنامەی 1998ی سلێمانی، ل10.
11-دکتۆر عەبدوڵڵا غەفور، فەرهەنگی جوگرافیای کوردستان، سلێمانی، 2002، ل29.
12-کوردستان لەچاپکراوە عوسمانلییەکاندا، وەرگێڕانی فەیسەڵ دەباغ، چاپی یەکەم، #هەولێر#، ل170.
13-ئازاد عەبدوالواعید، گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، لیوای سلێمانی، ژمارە117، کانوونی یەکەمی1987، ل.68.
14-مەسعود محەمەد، گەشتی ژیانم، چاپی یەکەم، ستۆکهۆڵم، 1992، پەراوێزی ل225.
15-نزرە الی تاریخ عشیرتی (پشدەر-المیراودلین) و باجەلان (باجلان)، جەمال بابان، مجلە المجمع الەعلمی العراقی/هیئە اللغە الکردیە، بەغدا، 1002، س225.
16-سیسیل جۆن ئیدمۆندس، کورد تورک عەرەب، وەرگێڕانی حامید گەوهەری، چاپی دووەم، هەولێر، 2004، ل267.
17-دارا خدرحەسەن، قادر ئەشکەنەیی، گۆڤاری مەڵبەندی برایەتی، پشدەر لەنێوان ساڵانی (1918-1938)، ژمارە (26)، ساڵی 2002.
18-مارتین فان برۆنەنسن، ئاغا وشێخ و دەوڵەت، لەئەڵمانییەوە کوردۆ، بەرگی یەکەم، چاپی چوارەم، سلێمانی، 2003، ل257.
19-د.عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، م.نازناز محەمەد قادر، زانکۆ، گۆڤارێکی زانستی مرۆڤایەتی زانکۆی سەڵاحەددینە/هەولێر، ژمارە (17)، ئەیلولی 2002، ل7.
20-گۆڤاری ڕۆشنبیری نوێ، ئازاد عەبدوالواعید، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل68.
21-ویلیام ایغلتون، القبائل الکوردیە، تالیف ترجمە، د.ئەحمەد مەحمود خلیل/الگبعە الاولی، اربیل، 2006، س100.
لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی کە ناویان هاتووە لە چەند سەرچاوەیەکی تریش دا ناوی پشدەر هاتووە، شیکردنەوەشی بۆ کراوە ئەمانەش وەک (حەمید گەردی، د.فوئاد حمە خورشید، محەمەد فیدا، عەبدولکەریم محەمەد سەعید، چەندانی تر.......)..
تێ بی نی : ئەم بابەتە دوجار بڵاوبووەتەوە، سەرەتا لە گۆڤاری مێرگ ژمارە (43)ساڵی چوارەم، 2008، ل24-27، دواتر لە گۆڤاری پشدەر، ژمارە (7)زستانی (2009)ساڵی دووەم، ل11-12.[1]
مۆفەق میراودەلی
mofaq_mirawdali@yahoo.co.uk