گوندێکی شارەدێی #عەربەت#ە لە شارۆچکەی ناوەندی پارێزگای #سلێمانی#، باشووری کوردستان.[1]
لە ڕۆژهەڵاتەوە گوندی چەناخچیان و کانی پانکەو لە ڕۆژاواوە باریکەو لە باشوورەوە #قەرەگۆل# و کاژاو و لە باکوورەوە خەرابە و شارۆچکەی #عەربەت#، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتەوە بەنیمچە چیای چەناخچیان و لە باکوورەوە بەچیای خەرابەو لە ڕۆژاواوە بەیاڵەکانی عەربەت-بێستانسوورو لە باشووریشەوە بەچەند گردێکی شوێنەواریی بەتایبەت گردی یاسین تەپە دەورە دراوە. مێژووی درووستبوونی بێستانسوور دەگەڕێتەوە بۆ سەرگۆتی و لۆلۆیییەکان وەک لە شوێنەوارەکانی گردی یاسین تەپەو قس قەڵا و سەرا کۆن و گردی کاژاو گردی ناسراو بەگردی بێستانسوور ئەمانە شوێنەواری شارستانێتی ئەو سەردەمەیان پێوەدیارە بۆ بوونی ئەم گوندە. هەرچەندە ڕژێمی بەعس هەرچی شوێنەواری دەوروبەری گوندەکە هەبوو شێواندی بەسەریەکدا بەبیانووی درووستکردنی پڕۆژەی ئاو بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، بەمدواییانەش ئەو گردەی کە بەناوی گردی بێستانسوورەوە ناسراوە شوێنەواری حەوت هەزار ساڵ لەمەوبەری نیشتەجێبوونی لێ دۆزرایەوە، کەئەوەش نیشانەی ئەوەیە بێستانسوور کۆنترین گوندی ناوچەکەیەو ژمارەی دانیشتووانەکەی لەپێش ڕاگواستندا زیاتر لە120خێزان بووە و ئێستاش 110 خێزانی تێدا نیشتەجێیەو سەر بەچەند هۆزێکی ئێلی بەگی جاف بەتایبەت (ئاڵی بەگی)ن، هەموو خێزانەکانی ئەگەرچی لەڕووی هۆزایەتییەوە لەیەک بنەماڵەش نەبووبن، ئەوا وەک برا پێکەوەژیاون.
$بێستانسوور لەچییەوە هاتووە$
مانای گوندی بێستانسوور لە چەند واتایەکەوە هاتووە کەسەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی کۆنینەی (سوورابۆ، گوڵی سوورخ، سەراسوور و چەند ناوی تر) ئەمە وەک مێژوو، وەک سرووشتیش بۆچوونێک هەیە ئەم گوندە زەویوزار و چەم و ئاوی ئێجگار جوانی هەبووە کە لەبەهاراندا تێکەڵ بەگوڵاڵە سوورەیەکی زۆر بووە، دەشتەکە یاخود بێستانەکە سوور یان ڕەنگاوڕەنگ چووەتەوە بۆیە پێیانوتووە بێستانسوور، لەلایەکی تریشەوە دەڵێن گوایە سوارچاکێکی ئازا و دیار هەبووە لە ناوچەکەدا کەناوبراوە بەبێستان سوار.
$سەرچاوەکانی ئاو$
سەرچاوە ئاوەکانی ئەم گوندە بریتیبوون لەگۆمەکەی بەر ئاوایی کەگۆمێکی گەورە و فراوان بوو، چەندین جۆگەی لێ هەڵگیرابوو بۆ کێڵگە کشتوکاڵییەکانی کە ئەوانیش (بەر جۆگەی بێستانسوور، بەر جۆگەی کاژاو، جۆگەی ئیسڵاح، جۆگەی لەن)، لەدامێنی گۆمەکەشەوە چەندین کانی هەبوون بۆ پێداویستییەکانی ڕۆژانەی گوندەکەو بۆ ئاودانی ئاژەڵە زۆر و زەوەندەکانیان و گوندی خەرابە و ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان. هەروەها لەبەری بێستانسووری بچووکیشەوە گۆمە ڕەش سەرچاوەی ئاوێکە کە بەر جۆگەی پوشێن ئاودێر دەکات لەگەڵ سەرچاوەی چاڵگە کەبەکاردێت بۆ پێداویستیی خەڵکی گوندەکەو بۆ ئاودێریی و کشتوکاڵ.
بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی بێستانسوور بریتیبوون لەگەنم و جۆو کەتان و پاقلەو نیسک و ترۆزی و کاڵەک و نۆک و ڕەشکە و لۆکەو مەرەزە و گوڵە بەڕۆژە و توتن و شوتی و کاڵەک و کونجی و بامێ و تەماتە و کولەکەو پیاز و شێلم. لەڕووی ئاژەڵداریشەوە خاوەنی زیاتر لە500 سەررەشەوڵاخەو زیاتر لە1500 سەرمەڕو بزن، لە هەمانکاتدا ژمارەیەکی بەرچاولەبەرزە وڵاخی تری وەک گوێدرێژو ئەسپ و تەنانەت ئێستریش کە بۆ کاروباری سواری و گواستنەوەی دەغڵ و دان و پێویستییەکان بوون و ئێستاش ئەو ژمارانە بووەتە نیوە.
$گوندێکی نیشتمانپەروەر$
ئەم گوندە بەدرێژایی مێژوو خەڵکەکەی نیشتمانپەروەر و بەشداریی شۆڕشە یەک لە دوایەکەکانی کردووە، ئەم گوندە نۆ جار بەر سووتان و کاولکاریی کەوتووە لەزەمەنی کۆندا لەسەرکێشییەکانی ئاشووری و ئەسکەندەرو تەیموری لەنگ و ئازادخانی تەتەرییەکان... هتد، نزیکترینیان لە ساڵی 1960 پاشانیش لە ساڵی 1974 سووتێنراوەو خەڵکەکەی ئاوارەی گوندی دارۆغانی ناوچەی پێنجوێن و گوندی ئەستێلی سەربە شارۆچکەی قەرەداغ بوون، تادواجار لەلایەن ڕژێمی ئێراقەوە لە ساڵی 1989دا بەتەواوی وێرانکرا و خەڵکەکەی بەرەو ئۆردوگا زۆرەملێیەکانی برایەتی و نەسرو عەربەت بران، هەتا دوای ڕاپەڕینە مەزنەکە جارێکی تر لەلایەن خەڵکەکەیەوە ئاوەدانکراوەیە و بەهۆی بوونی ئاوێکی زۆر و زەویوزارێکی بەپیت و بەرەکەت لەبێستانسوور، خەڵکەکەی بەهەمان گڕوتینەوە دەستیانکردەوە بەکشتوکاڵ.
$کەسە ناودارەکان$
لەکەسە دیارو بەناوبانگەکانی بێستانسوور خوالێخۆشبووان (حاجی ئەمینی گەورە، فەقێ عەلی، عومەری فەقێ عەلی و ئەبوبەکری کوڕی (کەئەمانە یەک بەدوای یەکدا ڕیشسپیی هۆزبوون) حەمەسەعی ڕەمەزان، کەریمی کەرەم وەیس، کەئەمانەش ڕیشسپیی بەشێک لەهۆزەکان بوون، حەمەوەروەر کەسایەتییەکی دیار بووە، قالەی زڵێخا سەرپەرشتیاری هەڵسوکەوتی ئافرەتانی گوندەکەی کردووە، حەمە ئەمینی قالە عاسێ چەخماخسازێکی بەناوبانگ بووە، کوێخا عارف ناسراو بەعارفە گزیر ڕاوێژکاری دەستەی چارەسازی گرفتەکان بووە، شێخ حسێنی شێخ ڕەحیم زاهیدێکی پیرۆزبووە، مەجی حەمەساڵح شمشاڵ ژەنێکی شارەزا، مەحموی حەمەساڵح گۆرانیبێژێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، خوالێخۆشبوو ئەحمەدی محەمەد ناسراو بەئەحە ڕەشی خونچە کەشانامە وێژێکی مەجلسی بەناوبانگ بووە، هەروەها قادری حەمەعارف هۆرە چڕێکی دیار بووە) لە ژنانیش (دایە خاتوونی خێزانی فەقێ عەلی و دایە خاتوونی خێزانی حەمەسەعی ڕەمەزان کەئەمانە شانبەشانی پیاوان ڕاوێژکاربوون، ئامەی وردە ڕاوێژکاری بۆنەکان بووە، زوڵیخای حەمەی خاڵان سەرپەرستیاری زەماوەندو پێخەسوو بووە، مەنیجەی خێزانی فەقێ عەلی ناسراو بەنەنکەمەجە تەونگەرێکی بەناوبانگ و مامانی گوند بووە تاتەمەنی 90ساڵی و بەدوای ئەودا دادە گوڵەی خێزانی مام فەرەج بووە بەمامان، فەیمەی حاجی قایەر خێزانی عومەری فەقێ عەلی خاوەنی لاو دیوەخان بووە لە دوای مردنی هاوسەرەکەی بۆ زیاتر لە15ساڵ تائەبوبەکری کوڕی گەورە دەبێت و دیوەخانەکە بەڕێوەدەبات، فاتمەی زوڵەیخا ناسراو بەنەنکە موریدێکی پیرۆزو ناوداربووە، مریەمی خێزانی شێخ حسێنی شێخ ڕەحیم ناسراو بەدایکە مریەم زاهید سەرپەرشتیاری قوتابخانەی دینی بووە دوای هاوسەرەکە).
$مەدرەسەی ئایینی$
ئەم گوندە مزگەوتێکی گەورەی بەناوی مزگەوتی حاجی ئەمین کەهەردەم قوتابخانەیەکی دینی بووە فەقێی زۆری تێدا پێگەیشتووە، پێش درووستبوونی قوتابخانەی میری لەو ناوچەیەدا کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەم تاسەرەتای پەنجاکان، ئەوەبوو بەدەستێکی قێزەون سووتێنراو دواتر ئەم مزگەوتەی ئێستا درووستکراوە کەئەمەشیان مەدرەسەیەکی ئایینی بووە لە سەرەتای فەقێیەتی تاقۆناغی کۆتایی تیادابووە تا ساڵی 1952-1953 کەخوالێخۆشبوو عومەری فەقێ عەلی خانووەکەی خۆی بەخشی و قوتابخانەی وێنەی تیادا کراوەیە و یەکەم کەسیشبوو کەشەفیقەی کچی ناردە بەر خوێندن تاڕێچکەشکێن بێ بۆ کچانی گوند بۆ خوێندن، ئێستاش قوتابخانەیەکی 18 پۆلی تاقۆناغی 12 لە گوندەکەدا هەیە، مەحمود محەمەد ئەولی یەکەم مامۆستای گوند بووە، ئەم قوتابخانەیە گەلێک کەسی پێگەیاندووە لەدکتۆرو پارێزەر و مامۆستا و تەنانەت لەسلکی سەربازیش، ئەوەی جێی شانازییە حاکم ڕزگار محەمەدئەمین کەدادگایی سەدامی کرد، تاپۆلی سێی سەرەتایی لەبێستانسوور خوێندووە، حەزرەتی نالی وەک هۆزایەتی سەروبەینی لەگەڵ ئەم هۆزەدا زۆربووە و تەنانەت مەلا محەمەد ئەمینی برای نالی هەر لە گوندەکەدا ژیاوە و مەلا مودەریسی مزگەوتی حاجی ئەمین بووە، تەنانەت پاش مردنیشی لە گۆڕستانی بێستانسوور بەخاکسپێردراوە. هەروەها شاعیر و نووسەر ئەحمەد کوڕە جووتیار خەڵکی بێستانسوورە.
$مارەکەی ماڵی عومەری فەقێ$
لە کۆتایی چلەکانی سەدەی بیستدا بۆ یەکەمجار ڕادیۆیەکی پاتری تەڕو ئۆتۆمبێلی لەجۆری پۆڵس، لەلایەن عومەری فەقێ عەلی براوەتە بێستانسوور، بەڵام ئەوەمان لەیادنەچێت کەزۆر پێش ئەوە لۆریەکانی عەبدە دەهاتن بۆ گواستنەوەی بەربوومە کشتوکاڵییەکانی بێستانسوور، هەروەها پاسەکەی غەفوورە ڕەش بۆ گواستنەوەی خەڵکی ئەم گوندە بۆ شار هاتوچۆی کردووە لەناوەڕاستی چلەکان و بەرەو سەر. وەک زانراوە باڵەخانەی بنەماڵەی عومەری فەقێ عەلی کە لەهەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا لەلایەن بیناسازە سنەییەکانەوە درووستکراوە هەر لەو سەردەمەوە لەگەڵ خشت و خۆڵی باڵەخانەکەدا مارێکی بچووک هەبووە لەو باڵەخانەیەدا بەتێپەڕبوونی زەمەن بووبوو بەڕەشمارێکی گەورە و لەماڵەکەدا بەئازادیی هەڵسوکەوتی کردووە بەبێ ئەوەی کەسیان زیانیان بەوی تر بگەیەنن، زۆرجار خەڵکێک ویستویانە بیکوژن، بەڵام نەیانهێشتووە و وتویانە فریشتەی ئەم ماڵەیە، ئەو مارە تاسەرەتای پەنجاکان مابوو، بەڵام دواتر بە هەر هۆیەک بووە دیارنەماوە، هەر بۆیە لەپاش مانگێک باڵەخانەکە ژێراو ژێر بوو، زۆر زیان لەو بنەماڵەیە کەوت کەدەوترا پێدەچێت نەمان و ونبوونی مارەکە هۆکاری ئەو شومی-یە بێت.
ئەوەشمان لەیادنەچێت لە ساڵی 1961 لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول لە ماڵی عومەری فەقێ عەلی سەرۆک هۆزەکان کۆدەبنەوە تاپەیمانی بەیەکەوەبوون بدەن و پاشان لە مزگەوتی بێستانسوور سوێندیان خوارد کەخیانەت لەیەکتری نەکەن، ئەوەبوو لەبێستانسوور بڕیاریاندا ببنە دوو بەشەوە، بەشی یەکەمیان بۆ کونی دەربەندیخان واتە تونێلی، کە ئەوسا وا ناوبراوەو بەشی دووەمیشیان بۆ دەربەند بازیان ئەو کاتەی کەبڕیاریاندا شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئەوسا بکەن.
$زۆربەی پڕۆژەکان$
بێستانسوور سێ ئاشی تێدابووە، بە ئاو گێڕاوەو خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری سلێمانی دەهاتنە بێستانسوور جاری واهەبووە بەهەفتە ماونەتەوە تاسەرەیان هاتووە باراشەکەیان بهاڕن، ئەوە پێشکەوتنێکی دیاری ئەو سەردەمە بووە، سەروەریەکی تری بێستانسوور ئەوەیە کەبووەتە سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شارۆچکەی هەڵەبجەی تازە و وارماواو عەربەت و ئۆردوگای برایەتی، خۆشبەختانە ئەم گوندە زۆربەی خزمەتگوزارییەکانی پێگەیشتووە و ئێستاش پێویستی بەبینایەک هەیە بۆ بنکەی تەندرووستی و قیرتاو یان چەوڕێژکردنی کۆڵانەکانی ناو گوندەکە.
بەسوپاسەوە، ئەم زانیارییانە وەرگیراوە لەشاعیر و نووسەر ئەحمەد کوڕە جووتیار کە خەڵکی گوندی بێستانسوورە، لەگەڵ سوودوەرگرتن لەدەستنووسەکانی کەتایبەتن بەگوندەکانی شارەزوورو ئەنجوومەنی گوند.[1]