لەپێشبرکێیەکدا بۆ هەڵبژاردنی سەرکەوتووترین دەنگ بۆ ساڵی (2010) لە وڵاتی نیوزلەندا کچە کوردێک بەناوی سۆما سیروان پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
ئەو پێشبڕکێیە کەبەناوی (Find A Star 2010 دۆزینەوەی ئەستێرەی A 2010)، لەبەرنامەی (The Good Morning Show) کە لە تەلەڤزیۆنی نیوزلەندا بەڕێوەچوو، ئەم کچە کوردە کە لەدایکبووی شاری #هەولێر#ە، لەنێو (300) بەشداربووی بەرنامەکە توانی پلەی دووەم بەدەستبێنێت بەمەش توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبێنێت و ببێتە ئەستێرەی ساڵ و خۆی ئامادەبکات بۆ تۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومی.
سۆما سیروان-ی تەمەن (19) ساڵان کە ناسراوە بە تانیا قادر، لەلێدوانێکی بۆ کوردستانی نوێ، وتی: تەمەنم (9) ساڵان بووە گۆرانیم دەوت، هەروەها لەیوتیوب گۆرانییەکی زۆرم داناوە بۆ ئەوەی خەڵک لە هەموو وڵاتان سەیری بکەن.
وتیشی: لە وڵاتی نیوزلەندا بەشداری زۆر ئاهەنگم کردووە بەتایبەتیی ئاهەنگەکانی کریسمس و ساڵی تازە، هەروەها لەخوێندنگە ساڵی (2008) لەکۆی (2000) بەشداربوو من پلەی یەکەمم بەدەستهێنا.
سەبارەت بەتۆمارکردنی یەکەم ئەلبوومیشی وتی: بەڵێنم پێدراوە یەکەم ئەلبووم تۆماربکەم، کە میوزیکژەنی ناوداری نیوزلەندی (John Steven) پشتگیریم دەکات، بەهیوام بشتوانم لەئاییندەدا لە کوردستان ئاهەنگ ئەنجامبدەم.
سۆما لەدایکبووی شاری هەولێرە و تەمەنی چوار مانگ بووە بنەماڵەکەیان کوردستانیان جێهێشتووە، بڕوانامەی خوێندنی لە بواری گەشتوگوزاری وەرگرتووە.