عەبدولستار شارباژێڕی؛ ساڵی 1954ز. لە گوندی #وەڕاز# ی سەربە ناوچەی #شارباژێڕ# چاوی بە ژیان هەڵهێناوە، تەمەنی پێنج ساڵان بووە کە ماڵیان هاتۆتە شاروچکەی #چوارتا# و هەر لەوێ قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی کشتوکاڵی لە #سلێمانی# تەواوکردووە، هەر لە منداڵییەوە شەیدای خوێندنەوە و خۆشەویستی زۆری بۆ هونەر هەبووە.
ساڵی 1973ز. ئامادەیی کشتوکاڵی تەواوکردووە، سەرەتای ڕێبازی هونەری لە هونەری شانۆ و خۆشنووسینەوە دەستی پێ کردووە.
ساڵی 1970ز. و 1971ز. لە دامەزراندنی دوو تیپی شانۆگەریدا وەک ئەنامی دەستەی دامەزرێنەر ڕۆڵی هەبووە.
1-تیپی شانۆگەری سەربە کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی چوارتا ساڵی 1970ز.
2-تیپی شانۆیی ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ ساڵی 1971ز. تا ساڵی 1974ز.
لە چەندین چالاکی هونەری ئەو دوو تیپەدا بەسەرکەوتوویی ڕۆڵی بینیووە، هەر لە ساڵی 1969ز. لە ڕێگەی هاوڕێیەتی لەگەڵ هونەرمەندی کۆچکردوو ساڵح دڵخۆشی شانۆکاری کۆمێدی و خۆشنووسی بەتوانا کە برای هونەرمەندان عومەر دڵخۆش و عەلی دڵخۆشی خۆشنووس بوو، خولیا و خۆشەویستی خۆشنووسی کەوتە سەری و کەوتە ڕاهێنان. سەرجەمی تابلۆکانی شاروچکەی چوارتا و گەڕەکی مامۆستایان و مەجیدبەگی سلێمانی لە ساڵانی 1970؛ 1980؛ 1990ز. بەدەست و پەنجەی ئەو نووسراون لە چوارتا و لە سلێمانیش دوکانی خۆشنووسی هەبوو کاری خۆشنووسی بۆ چەندین پەرتووک و گۆڤار ئەنجامداوە.
لە ساڵی 1975ز. وە دەستی بەکاری شێوەکاری کردووە بە ڕێبازی واقیعی و (ٳنطباعي) و تەعبیری کاری کردووە یەکەم پێشانگە و دووەم پێشانگەی تایبەتیی خۆی ساڵی 1979ز. و 1980ز. لە شاروچکەی چوارتا کردووەتەوە، هەشت پێشانگەی تایبەت و چەندین پێشانگەی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی سلێمانی و کوردستان کردووەتەوە، بەرگ و مۆتیفی بۆ دەیان پەرتووک و دیوانی هۆنراوەی شاعیران و گۆڤارەکان ئەنجامداوە و لە بواری کاریکاتێریشدا هەوڵی خۆی داوە چەندین کاریکاتیری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ زۆر گۆڤار و ڕۆژنامە درووستکردووە بەتایبەت ڕۆژنامەی ڕێبازی ئازادی، ڕاستی، گۆڤاری دەنگی لاوان، ڕۆژنامەی خەرمان و چەندینی دیکە.
لە بواری ئەدەبیشدا دەستەوەستان نەوەستاوە لە ساڵی1980ز. وە بەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بابەتی ئەدەبی تایبەت بە کۆمەڵایەتی، هونەری، ئەدەبی و ڕۆشنبیری، زانستی، گەردوونی، هۆنراوە، هتد..بڵاوکردووەتەوە کە زیاتر لە 200 بابەت دەبێت و هاوبەشی کردووە لە ئامادەکرنی زیاتر لە 250 بەرنامەی کشتوکاڵی ڕادیۆیی لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان کە بەرنامەیەکی هەفتانە بوو، زۆربەی بابەتەکانی ئەو بەرنامەیە ئەم دەینووسی و ئامادەی دەکرد و هەموو بەرنامەیەکیش بەدەگی خۆی بە زمانی جوتیاران مەنەلۆجێکی تەنز ئامێزی پێشکەش دەکرد ئەو بەرنامەیە ڕێکخراوی جیهانی (FAO) سپۆنسەری دەکرد.
شەش پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە کە زۆرترینیان وەرگێڕانن لە زمانی عەرەبییەوە لەوانە ڕۆمانی بەناوبانگی فەڕەنسی (ژنە نانفرۆشەکە، لاپەڕە نادیارەکانی ژیانی تۆڵستۆی، ڕۆمانی چیرۆکی دووشاری نووسەری گەورەی ئینگلیز چارڵز دیکنز، ڕۆمانی مەملەکەتی دارستانی ڕەش کە نووسینی خۆیەتی، وەرگێڕانی دیوانێکی هۆنراوەی شاعیر عەلی مەعروف بەهرەوەردی بۆ سەر زمانی عەرەبی، وەرگێڕانی دیوانی هۆنراوەی ئازاد مامی بۆ زمانی عەرەبی، وەرگێڕانی دیوانێکی شاعیر عەبدولقادر سەعید بۆ زمانی عەرەبی کە ئامادەیە بۆ چاپ کردن، وەرگێڕانی دەیان پارچە هۆنراوەی شاعیرانی دیکە بۆ سەر زمانی عەرەبی یان لە عەرەبییەوە بۆ کوردی.
ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانی بووە
ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی سلێمانی بووە
ئەندامی کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کوردی بووە
ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری ناوەندی ڕووناکبیری شارباژێڕ و ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری شارباژێڕ بووە
ساڵی 1980ز. ئەندام دەستەی سەرپەرشتی گۆڤاری دەنگی لاوان بووە کە 20 ژمارەی لە سلێمانی لێ دەرچووە
ڕۆڵی چالاکی هەبووە لە دەرچوواندنی ڕۆژنامەی خەرمان کە مانگانەیەکی جوتیاری و کشتوکاڵی بوو خوێندنگەی تەنفیزی یەکێتی جوتیارانی کوردستان لە ساڵانی 2000ز. بە دواوە دەریان دەکرد.
هەموو ساڵێک ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سازدانی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە شاری سلێمانی کە کۆمەڵەی کەلەپوور و فۆلکلۆری کورد لە گردی مامەیارە سازی دەکەن، دوابەرهەمی ئەدەبیشی ڕۆمانێکە لە سەردەمی کۆرۆنادا نووسراوە بەناوی ماڵی میرزا و دیلی جەنگ، کە بەداخەوە نووسەر بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانی دوابەرهەمی خۆی بە چاپکراوی ببینێت بۆیە لە ڕۆژی چلەکەیدا بنەماڵەکەی توانییان بەچاپی بگەیەنن و بڵاوی بکەنەوە.
لە ڕێکەوتی #26-07-2020#ز. کاتژمێر 10:00 ی سەرلە بەیانی دوای ململانەیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا گیانی سپارد و بۆ هەتاهەتایە چاوانی لێکنا. [1]