یەکێک لە پێشمەرگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو، ئەو کاتە لە شاری #مەهاباد# لە مەحکەمەی پێشەوا قازی محەمەد وەک چاودێر و پارێزەر خزمەتی دەکرد و ڕابردووی سەردەمی کۆماریشی زۆر بەوردی لە بیر مابوو.
کەسایەتیی ناسراو مام عەلی بایەزیدی ناسراو بە گەورک کوڕی بایزی بایەزیدی و ساڵی 1920 (ساڵی 1299ی کۆچی هەتاوی) لە گوندی زیندەقووڵی سەربە شارستانی #بۆکان# هاتە دنیا.
ساڵی 1942 لە مەهاباد کۆمەڵەی ژ.کاف پێکهات و ساڵی 1943 ڕێکەوتی (1321) مام عەلی بایەزیدی بووە ئەندامی کۆمەڵەی ژ.کاف و ماوەی ساڵێک لە ماڵی میرزا محەمەد ئەمین موعینی دابوو. هەروەها ماوەیەک لە شارەوانی مەهاباد کاری کردووە.
مام عەلی بایەزیدی لە نزیکەوە زۆر لەگەڵ شاعیری نەتەوەیی کورد مامۆستا هەژار هاوڕێیەتی بووە. هەروەها لە ماڵی خوالێخۆشبوو محەمەد ئەمین موعینی وەزیری ناوخۆی کۆماری کوردستان لە مەهاباد خزمەتی دەکرد.
مام عەلی بایەزیدی وەکوو کەسایەتییەکی خاوەن هەست لە هەمبەر کێشەی کورد لە سەردەمی ئێستادا، زۆر پەرۆشی ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو. بۆیەش بە تامەزرۆییەوە بۆ شاری #هەولێر# سەفەری کرد و لە گەڕانەوەیدا هەستی بە شانازیی دەکرد کە حکومەتی هەرێم لە پێشکەوتن دایە و چاوەڕوانی داهاتوویەکی ڕوونی دەکرد بۆ کورد.
تەرمی پاکی مام عەلی بایەزیدی گەورک ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 18ی گەلاوێژ ڕێکەوتی 09-08-2010 لە کاتژمێر 6:30 خولەکی عەسر بە کاتی تاران بە ئامادەبوونی خەڵکی ئەمەگناس و نیشتمانپەروەری شاری بۆکان بە پێی وەسییەتی خۆی لە تەنیشت گۆڕی هاوسەرەکەی کە ماوەی 20 ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی گشتیی شاری بۆکان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
یەکەمین وتووێژی ڕۆژنامەوانی مام عەلی بایەزیدی لە لایەن عەبدولعەزیز مەولوودی ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەری سیاسی ساڵی 2003 لە گۆڤاری مەهاباد ژمارەی 33 مانگی سەرماوەزی 1382 چاپ و بڵاوکرایەوە.
جێگای ئاماژە پێدانە بیرەوەرییەکانی مام عەلی بایەزیدی ناسراو بە گەورک بە دەنگی خۆی لە 6 کاسێتی یەک کاتژمێریدا تۆمار کراوە و بە مەبەستی ئەوەی کە ڕۆژێک ئەو بیرەوەرییانە بخرێتە ڕیزی پەرتووکەکانی مێژوویی ئەو سەردەمەوە، بۆ خۆی بردوویە بۆ شاری هەولێری پایتەخت کە لەوێ لە پەرتووکێکدا چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
ڕۆژی دووشەممە 18ی گەلاوێژ ڕێکەوتی 09-08-2010 لە کاتژمێر 3:30 خولەکی عەسر بە کاتی تاران لە تەمەنی 90 ساڵیدا بە هۆی بەساڵاچوویی و ناساغی سییەکانی لە ماڵی خۆی لە شەقامی موقبیل هونەرپەژووە لە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد. [1]