چایخانەی شەعب هەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی کۆبوونەوە و حەوانەوەی خوێندەواران و هونەرمەندان و نووسەران بووە. سەرەتای درووستبوونی چایخانەی شەعب ئەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجا و وەستا شەریفی چایچی سەرپەرشتی کردووە. عومەر شەریف خاوەنی چایخانەی شەعب لە بارەی سەرەتای درووست بوونی چایخانەی شەعبەوە بەم جۆرە دوا: لە سەرەتادا وەستا شەریفی باوکم چایچی دەسگێر بووە پاشان بیری لە دانانی چایخانەیەک کردووە و ناوی ناوە چایخانەی (شەعب) سەبارەت بەوەی کە بۆ چایخانەکە ناوی شەعبی لێنراوە وەستا عومەر وتی: لە ساڵانی زوودا بیناکە ئوتێلێک بووە ناوی (شەعب) بووە هەر بۆیە ئەم ناوەش لە چایخانەکە نرا.
لە سەرەتادا چایخانەی شەعب بەم شێوەیەی ئێستا نەبووە و وەها گەورە نەبووە شوێنی پەرتووکخانەکەی ئێستا چایخانە بووە و حەوشەکەشی شوێنی خواردەمەنی بووە کە خاوەنەکی ناوی وەستا نەزەر بووە.. دواتر لە ساڵانی شەستەکاندا و پاش کۆچی دوایی وەستا نەزەر حەوشەکە دەبێتە شوێنی ئەرز و حاڵچییەکان.. دواتر لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا چایخانەکە تەشەنەی سەندوەو گەورە کراوە.. و لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار چایخانەکە نۆژەن کراوەتەوە جاری یەکەم لەسەر ئەرکی خۆمان و دوا جاریش ساڵی 2006 بووە لەسەر دەستی حکومەتی هەرێم کە ئەو کات عومەر فەتاح سەرۆکی حکومەت بووە،
سەبارەت بەوەی کە لە سەرەتادا کێ سەردانی چایخانەکەی کردووە کاک عومەر وتی: کۆمەڵێک کەسی ناودار سەردانی چایخانەیەکەیان کردووە هەندێک لەوانە کە پێک هاتبوون لە شاعیر و هونەرمەندان و نووسەران سەردانی چایخانەکەیان کردووە وەک شێرکۆ بێکەس و ئەحمەد هەردی و حەمە ساڵح دیلانی شاعیر و عەبدوڵڵا جەوهەر و مامۆستا ئەخۆل و گەلێکی تر سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە سەردەمی ڕژێمی بەعس دا چەند جارێک چایخانەی شەعب کەوتووەتە بەر هێرشی ملازم موحسین و ئیهانەی بە نووسەران و ئەو گەنجانە کردووە کە لە چایخانەکەدا دانیشتوون و کۆبوونەتەوە. یەکێک لە شتە سەرنجڕاکێشەکانی تری ئەم چایخانەیە (دەفتەری بیروەریەکان)ە، کە بیرەوەری ئەو نووسەر و هونەرمەندانە دەگێڕیتەوە کە سەردانی چایخانەکەیان کردووە. لە لاپەڕەیەکی ئەو دەفتەرەدا مامۆستا شێرکۆ بێکەس بەم شێوەیە باس لە چایخانەی شەعب دەکات: (من ئەم چایخانەیە وەک چیرۆکێک دەبینم کە بەردەوام ژیانی ئەم شارەمان بۆ ئەگیڕێتەوە). و شاعیری گەورەی عەرەب سەردانی چایخانەی شەعبی کردووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکاندا شیعرێکی بۆ چایخانەکە نووسیوە کە دەڵێت: (چایخانەی شەعب لە باڵاییدا بژی و شیعرێک دابهێنە، بکشێ و بەرینی زەوی زیاد بکە). وەک کۆمەڵێک نووسەری بیانی سەردانی ئەم چایخانەیەیان کردووە وەک: هینری دیلانی شاعیری فەڕەنسی و فازڵ سامر و عەلی حەسەن فواز و ئەردەشیری ڕۆستەمی و ڕۆبێرت کلایتەر).
کە دەچیتە ناو چایخانەکەوە چاوت بە کۆمەڵێکی زۆر لە وێنەی هەڵواسراو دەکەوێت کە پێک هاتوون لە وێنەی شاعیر و هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس و سەرکردە و پێشمەرگە نەمرەکان. لە بارەی هەڵواسینی ئەم وێنانەوە بە چایخانەکەوە (عومەر شەریف)ی چایچی وتی: (هەڵواسینی ئەم وێنانە لای ئێمە وەک وەفا و خۆشەویستییەکە بۆ ئەوانەی جێ دەستیان لە بوارەکاندا دیارە و ماندوبوون). ئێستا چایخانەکە کۆمەڵیکی زۆر لە گەنجان و ڕۆشنبیران ڕووی تێدەکەن و تێیدا بە یەکتر شاد دەبنەوە و گفتوگۆ لە بارەی ئەدەبیات و هونەر و ڕۆژنامەوانییەوە دەکەن. یەکێکیان بۆبەسەربردنی کاتە و ئەوی دییان بۆ ئاگاداربوونەوە لە دنیای ڕۆژانەی کوردستان، بۆ شیکارکردنی ئەو دۆخەی کە پێیدا تێپەر دەبین، یان قسە و باسە لەسەر دنیای ئەدەب و فیکر.چایخانەی شەعب وەک فۆڕم هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ چایخانەکانی تردا نییە بەڵام ئەوەی کە جیاوازی پێ دەبەخشێ جۆری ئەو کەسانەن کە ڕووی لێدەکەن وەک ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و شاعیران. ئەوەی جێی سەرنجە لەم چایخانەیەدا ئەوەیە کە هەندێک جار ژنانیش ڕوو لە چایخانەکە دەکەن بەڵام بە شێوەیەکی کەم تەنیا ئەوانە نەبێت کە لە ئەوروپاوە دەگەرێنە یان ژنانی بیانی کە سەردانی سلێمانی دەکەن و دێنە چایخانەکە.[1]