ژیاننامە: د. نەزەند بەگیخانی
د.نەزەند بەگیخانی، نووسەر و شاعیر، پرۆفیسۆری میوان و هەڵگری پایەی (Chair) ی ڤینسنت ڕایت (Vincent Wright Chair ) لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس/ فەڕەنسا، پێشتر بۆ ماوەی پانزە ساڵ توێژەری باڵا و بووە لە زانکۆی بریستڵ-ی بەریتانی و ئەندامی شەڕەفی سەنتەری توێژینەوەی جێندەر و توندوتیژییش بووە لەوێ.
د. نەزەند لە شاری کۆیە لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی هەر لەو شارە تەواو کردووە. لە نێوان ساڵانی 1983- 1987لە زانکۆی موسڵ زمان و ئەدەبییاتی ئینگلیزی دەخوێنێ و تێزی لیسانسەکەی تایبەت بووە بە 'پەیوەندیی ژن و پیاو لە ڕۆمانی 'دۆستی لەیدی چاتەرلی' ی دی هەیج لۆرەنس D.H Lawrence
د. نەزەند بەگیخانی لە بنەماڵەیەکی خەباتگێڕ لە دایکبووە و ڕزگاربووی جینۆسایدی ڕژێمی #بەعس#ە. باوکی و سێ برای و چەندین ئەندامی دیکەی خانەوادەکەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی عێراقی چەند ئەندامێکی خێزانەکەی زیندانی دەکرێن و بەر لێشاوی ئەنفال و ڕاگوێزان دەکەون. نەزەند بەگیخانی خۆیشی لە ساڵی 1982 لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری کۆیە دەستگیر دەکرێ و دەخرێتە زیندانەوە و دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازاد دەکرێ. وەک کەسێکی چالاکوان و داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، لەبەر هەڵوێستی سیاسی، لە ساڵی 1987 ناچار بە کۆچ و مەنفا دەبێ و بە پیادەیی سنورەکانی ئێران و تورکیا و بولغاریا دەبڕێ و ڕوودەکاتە دانمارک. نەزەند بەگیخانی لەوکاتەوە لە مەنفا دەژی (دانمارک، فەرەنسا، بەریتانیا).
لە ساڵی 1989 لە ڕێگای ئەنستیوتی کوردی لە پاریس سکۆلەرشیپی حکومەتی فەڕەنسی وەردەگرێ بۆ تەواوکردنی خوێندن لە زانکۆی سۆربۆن. ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆی سۆربۆن لە فەڕەنسا تەواو دەکات. نامەی دکتۆراکەی تایبەت بووە بە ''وێنای ژنی کورد لەناو ئەدەبییاتی ئەوروپی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم'' کە بە پلەی شەڕەفی باڵا لە 1997 پێی بەخشراوە.
د.نەزەند بەگیخانی شاعیرێکی کوردی جیهانییە. جگە لە کوردی بە ئینگلیزی و فەڕەنسیش دەنووسێ و ساڵانە لە فێستیڤال و کۆڕە شیعرییە جیهانییەکان بەشداری دەکات. بە کوردی حەوت دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فەڕەنسی چوار دیوانی هەیە. لە ساڵی 2012 دیوانی 'دوێنێی سبەینێ'' خەڵاتی فێمینی شیعری فەڕەنسی بەناوی سیمۆن لاندری وەرگرتووە.
دیوانە شیعرە چاپکراوەکانی بە کوردی:
دوێنێی سبەینێ، پاریس، کۆمەڵەی هونەرمەندانی کورد لە فەڕەنسا، 1995
ستایش، #هەولێر#، دەزگای ئاراس، 2004
ڕەنگی خۆڵ (بە هاوکاری لەگەڵ دلاوەر قەرەداغی)، هەولێر، دەزگای ئاراس، 2005
دیوانی زەنگوڵی وتن، #سلێمانی#، چاپخانەی ڕەنج، 2007
عەشق غیابێکە ئیلهام ڕایدەژەنێ، سلێمانی، چاپخانەی ڕەنج، 2008
پیاسەیەک لەگەڵ جۆن دۆن، تاران/سلێمانی، غەزەلنووس، 2017
کۆی بەرهەمە شیعرییەکان، چاپخانەی مانگ، تاران، 2018
ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی، نووسیار، دانمارک، 2023
بە ئینگلیزی: Bells of Speech, Ambit, London (2006)
یەکێک لە شیعرەکانی ئەم دیوانەی بۆ خەڵات و کتێبی فۆروۆرد پۆوتری هەڵدەبژێردرێ و وەک یەکێ لە باشترین چل شیعری ساڵ لە سەر ئاستی بەریتانیا دووبارە چاپ و بڵاودەکرێتەوە لە کتێبێ: Forward Book of Poetry (Faber and Faber, 2008).
بە فڕەنسی: Le Lendemain d’Hier, Maison de l’Amandier, 2012 . ئەم دیوانە کە خەڵاتی فێمینی فڕەنسی سیمۆن لاندری وەرگرتووە، لەبەر ئەوەی لە بازاڕ نەما و لەبەر بەهای شیعری و گرنگییەکەی، لە ساڵی 2022 لە لایەن کۆمەڵەی شاعیرانی فڕەنسی دووبارە چاپکراوەتەوە.
Couleur de Sable, L’Harmattan, 2011
Jîna-Bendan , L’Harmattan, 2023
د.نەزەند بەگیخانی لە بواری ڕۆژنامەگەریش ناسراوە و ماوەی پێنج ساڵ لە بی بی سی کاری کردووە. هەروەها وەک یەکەمین سەرنووسەری ژن بۆ ماوەی پێنج ساڵ سەرنووسەری مانگنامەی لومۆند دیپلۆماتیک بووە کە ئێستا لەبەر کێشەی دارایی هەڵپەسێنراوە. هەروەها ئەندامی دەستەی نووسەران و بۆردی ئێدیتۆریالی چەندان گۆڤاری کوردی و نێودەوڵەتی بووە و هەندێکیان ئێستاش بەردەوامن، لەوانە Journal of Kurdish Literature کە زانکۆی کوردستان/#سنە# دەریدەکات لەگەڵ Journal of Gender-based Violence کە زانکۆی بریستڵ دەری دەکات.
لە ساڵی 2017/2018 وەکو سەرنووسەری تایبەت/میوان لە لایەن 'کوردیش ستەدیس جۆرنال'ەوە داوەتکراوە بۆ دەرکردنی ژمارەیەکی تایبەت بە 'ژن و جەنگ' بە هاوکاریی وەندی هەملیت و نێرینا وەیس. ئەم ژمارە تایبەتەی گۆڤارەکەکە لە مانگی حوزەیرانی 2018 لە چاپ کراوە.
جگە لە دواینی شیعری، د. نەزەند بەگیخانی خاوەنی چەندەها وتار و کتێبی ئەکادیمییە و بە زمانانی کوردی و ئینگلیزی و فەڕەنسی، هەروەها لەناو میدیای کوردیدا ڕۆل و پایەکی مەعریفیی تایبەتی هەیە. یەک لە کتێبە ناسراوەکانی بە زمانی ئینگلیزی لە ساڵی 2015 لە لەندەن چاپکراوە و تایبەتە بە توندوتیژیی بە بیانوی شەرەف لە کوردستانی عێراق و لەناو دیاسپۆرای کوردی لە بەریتانیا (لەگەڵ هاوکارانی د. جیل و د. هەیگ، دەزگای ڕاوتلچ: بۆ بینینی کتێبەکە بڕوانە ماڵپەڕی ڕاوتلچ): https://www.routledge.com/Honour-Based-Violence-Experiences-and-Counter-Strategies-in-Iraqi-Kurdistan-and-the-UK-Kurdish-Diaspora/Begikhani-Gill/p/book/9780367599058
چەندەها چاپتەر و وتاری لە ڕۆژنامە و کتێبە نێودەوڵەتییەکان بە کوردی و فەڕەنسی بڵاوکردۆتەوە. تیۆریزەکردنی ژن و جەنگ لە کوردستان: ڕووانینێکی فێمینستی و ڕەخنەگرانە یەکێ لەو وتارە گرنگانەی بەگیخانین کە لەگەڵ هەملیت و وەیس نووسیویەتیی و لە 'کوردیش ستەدیس جۆرنال' بۆتەوە:
'Theorising Women and War in Kurdistan. A feminist and critical perspective'
وەک فێمینیست و پسپۆر لە بواری جێندەر و داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ، د. نەزەند بەگیخانی لە چەندەها کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە وەکو کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یوئێن دەربارەی ژن لە پەکین (1995)، ڕێپێوانی جیهانی ژنان لە واشینتن و بەشداری لە کۆنگرەی یوئێن لە نیۆرک (2000)، کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی لە سوید بۆ بەرەنگاربوونەی تاوان لەسەر بنەمای شەرەف (2004). هەروەها ڕۆڵێکی دیاری هەبووە لە ئاراستەکردنی ستراتیژیی تایبەت بە کوشتن و تاوانەکانی شەرەفپارێزی لەسەر ئاستی ئەوروپا و کوردستان و یوئێن دا.
لە ساڵی 2004 ەوە وەکو پسپۆڕ لەگەڵ هەریەک لە یوئێن ویمێن ویونامی وهەروەها حکومەتی سویدی وسکۆتلەندیاردی بەریتانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری ڕاوێژکاری کردووە و ئێستاش ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی سەرۆکی هەرێمە بۆ خوێندنی باڵا و جێندەر.
د. نەزەند بەگیخانی ڕۆلی هەبووە لە داڕشتنی ستراتیژیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە بیانووی شەرەف و لە چەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداری کردووە کە لەکۆتاییدا بوونەتە ڕێنومایی و کۆدی کارکردن لەسەر ئەم پرسانە، لەوانە: کۆنفرانسی نێودەولەتی UN لەپەکین (1995)، رێپێوانی جیهانیی ژنان لەواشینتون (2000) وهەروەها کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی بۆ بەرەنگاربوونەی تاوان لەسەر بنەمای شەرەف سوید (2004)
لە هەرێمی کوردستان وەکو ڕاوێژکاری نێودەوڵەتیی خوێندنی باڵاو جێندەر هاوکاری سەرۆکی حکومەتی کردووە بۆ بە دامەزراوەییکردنی پرسی جێندەر لە هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕۆلی سەرەکی هەبووە لە بناغەدانان و پێشخستنی پرسی جێندەر لە بواری ئەکادیمی ودامەزراندنی سەنتەرەکانی جێندەر. یەکەم سەنتەری لە زانکۆی سلێمانی لە ساڵی 2010 دامەزراند بەهاوکاریی بریتیش کاونسڵ و #وەزارەتی خوێندنی باڵا#ی حکومەتی هەرێم. لەم بارەیەوە د. نەزەند باوەڕی وایە کە پرسی جێندەر زۆر ئاڵۆز و دژوارە و بە تاکڕەوی ناچێتە پێشەوە، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری و یەکتری قبوڵکردن و کاری پێکەوەیی هەیە. لەم ڕووەوە بە بێ سازشکردن لەسەر پرەنسیپەکان، هەمیشە هاوکار بووە لەگەڵ بڕیاردەران و ڕێکخراو و چالاکوان و ئەکادیمیستان.
وەکو پێزانین و شایان لێنان، د. بەگیخانی چەندین خەڵاتی کوردستانی و نێودەولەتی پێبەخشراوە لەبوارەکانی شیعرو یەکسانی جێندەری وتاوانەکانی شەرەفپارێزی لەوانە:
1. خەڵاتی ئێما هەمفریس بۆ چالاکی وخەباتی دژی تاوان بەبیانوی شەرەف (2000)،
2. خەڵاتی فێمینی شیعری فەڕەنسی بەناوی سیمۆن لاندری (2012)،
3. خەڵاتی یەکسانیی جێندەریی کوردستان (2015)،
4. خەلاتی ناودارانی کورد، زانکۆی کوردستان، سنە (2019).
5. خەڵاتی ڤینسنت ڕایت-ی فەڕەنسی لە شێوەی کورسیی ئەکادیمی لە زانکۆی سیانسپۆ/پاریس (2019/2020).
شایانی باسە، لە ساڵی 2006، دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم دیوانی بە زمانی ئینگلیزی، یەکێ لە شیعرەکانی د. بەگیخانی بە ناوی 'ڕۆژێکی ئاسایی' لە لایەن Forward Poetry یەوە بە یەکێ لە باشترین 40 شیعری ساڵ لە بەریتانیا هەڵبژێردرا. ئەو شیعرە لە توێی کتێبی 'باشترین چل شیعری ساڵ لە بەریتانیا' لە 2007 لە لایەن دەزگای فەیبەر ئاند فەیبەرەوە دووبارە بڵاوکرایەوە.
زمان هەمیشە خەمی گەورەی نەزەند بەگیخانی بووە. لە تەموزی 2019، لەسەر داواتی کۆنگرەی ناودارانی کورد و وەک یەکێ لە ناودارانی کوردستان، دوای ئەوەی ئێران ڤیزەی پێ نەدا، لە ڕێگای ڤیدیۆوە وتارێکی تایبەت بە پرسی ناسنامە و زمان پێشکەش کرد و لەوێدا داوای کرد یاداشتێک پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی تاران بکرێ بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لە ئێران. ئەو وتارە دەنگی دایەوە و وەکو یەکێ لە کاریگەرترین وتاری کۆنگرەکە وەسف کرا. دوای ئەوە یادداشتێک بە پێی پێشنیارەکەی بەگیخانی بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی داڕشترا و کەسایەتییە ناودارەکانی کورد ئیمزایان کرد و پێشکەش بە حکومەتی ئێرانی کرا
د. بەگیخانی سەرپەرشتی چەندان پرۆژەی توێژینەوەی ئەکادیمی کردووە، وەک بۆ نموونە: توندوتیژی بە بیانووی شەرەف (لە نێوان 2008-2010)، دۆخی ژن لەناو ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا (2016-2018). لەم پڕۆژەی دوایدا هونەر و ئەدەبییاتی بەکارهێنا بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە کچ و ژنانی ئاوارە ئەزموونی خۆیان دەربارەی توندوتیژیی جێندەری و جەنگ و ئاوارەبوون دەربڕن. پرۆژەکە لە پێنج کامپی پەنابەر و ئاوارەکان بوو و لە #دهۆک# و هەولێر و سلێمانی. لە دهۆک ژنان و کچانی ئێزیدی لە ڕێگای هونەری وێنەکێشانەوە بەشداریان کرد. دوای چەندەها مانگ کار و گفتوگۆ و خولی ڕاهێنان و دیدار و چاوپێکەوتن، ئەو کچ و ژنە ئێزیدیانە توانیان لە بواری هونەری وێنەکێشاندا زۆر بچنە پێشەوە و ئازارەکانیان تێپەڕێنن و لە قوربانییەوە ببن بە هونەرمەند. هەندێک لەمانە ئەمڕۆ وەکو وێنەکێشی بەتوانا کار لەگەڵ منداڵان دەکەن و چەندەها پێشانگایان بۆ کراوەتەوە و بوونەتە جێگای ڕێز و شایان. سەرەنجامی ئەو توێژینەوانە وەک کتێب و چاپتەر و وتار بڵابوونەتەوە.
ئێستا د. نەزەند بەگیخانی لە زانکۆی سیانسپۆ لە پاریس کۆرس دەڵێتەوە بۆ قوتابیانی ماستەر و لیسانس، دەربارەی مێتۆدۆلۆژیی و پرەنسیپە ئەخلاقییەکانی کاری توێژینەوە لە بواری توندوتیژیی جێندەریدا.
هەروەها وەک خۆبەخش سکرتێری گشتی و ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنستیوتی کوردیی پاریسە.
لە ماوەی ماڵنشینکردن لە سەردەمی کۆڕۆنا، د. بەگیخانی لەگەڵ هونەرمەند ڕێبوار سەعید پڕۆژەیەکی شیعری-هونەرییان خستە سەرپێ بۆ هوشیارکردنەوەی ڕای گشتی دژی توندوتیژیی خێزانی. هەروەها کۆڕۆنانامەیەکیشی بە زمانی کوردی بە چەندەها بەش بلاوکردەوە کە دواتر وەک کتێب چاپ کرا.
دوا بەرهەمی چاپکراوی کتێبێکی هاوبەشە لەگەڵ چوار ئەکادیمیستی کوردی (شێرکۆ کرمانج، ئارام ڕەفعەت، سەردار عەزیز، ئیبراهیم مەلازادە، 2023) بەناوی دوای سەد ساڵ لە سیڤەر: کورد لە کوێوە بۆ کوێ؟ کە باس لە سەد ساڵ مێژووی کورد دەکات دوای پەیماننامەی سیڤەر.
$نموونەی شیعرێک:$
دوعاکانی دایکم
پێشکەشە بە دایکم، ئەو مرۆڤە مەزنەی فێری وانە ئینسانییەکانی کردم و تا ئێستاش گەورەترین مامۆستامه
جگەرەیەک داگیرسێنه
چرایەک هەڵکە
وەرە با پێکەوە گۆرانی بڵێین
ئەی هاوڕێم
وەرە با پێکەوە سەما بکەین
بۆ هێورکردنەوەی دڵی حاجیلەکان
بۆ لاواندنەوەی دوعا تەنهاکانی دایکم
دایکم هەموو بەیانییەک دوعا دەکا
لە جیاتی دوو ڕکات شەش ڕکات نوێژ دەکا
دوعا دەکا بۆ ڕەوینەوەی ڕەشایی باڵی با
سێبەری سواوی سیاسیەکان
هاوڕێم
وەرە با پێکەوە گوێ لە دوعاکانی دایکم بگرین
وەرە سەیر کە چۆن فوو بە دەوری خۆیدا دەکات و
لە فڕین دەپاڕێتەوە
کوڕە بچکۆڵەکەی ئاودیوی سنووران بکا
هانا بۆ نەسیم دەبا
تا کچەکەی هەڵگرێ و
دووری خاتەوە لە چڕنووکی قەڵەڕەش
وەرە ئەی هاوڕێم
وەرە با پێکەوە پێکێ بنۆشین و
بەسەر بانیژە بەرزەکانی وڵاتدا بفڕین
با ئیتر لە بەرزاییەوە فڕین بناسین و
لە نزماییەوە پەیژەی کەوتن هەڵدێرین
دایکم شەش ڕکات نوێژی کرد
شەش جار گریا و شەش جار دوعای کرد
ئاواتەکانی دایکم وەک مرواری سپین
لەژێر سێبەری ئیماندا دەبریسکێنەوە
ئاواتەکانی دایکم پێدەگرن
بەسەر پەیژە باریکەکانی حەوشه
سەردەکەونە سەرکەپرەکان
لەوێوە لە جیاتی شەقەی باڵ
وەک هەڵاڵە هەڵد ەوەرنە ناو حەوزەکان
دایکم هەموو بەیانییەک شەش ڕکات نوێژ دەکا
شەش جار دەگری و
شەش جار فوو بە دەوری خۆیدا دەکا
ئەو لە خودا دەپاڕێتەوە سەلامەت بن باڵندەکان
دوور بن لە بەڵای ناگەهان
لە فیتنەی ئاخری زەمان
دوعاکانی دایکم پیر بوون
پیر بوون ئومێدە ئاڵەکانی دایکم
بۆ فڕین بەناو وەرزەکان و
شۆڕبوونەوە بۆ ناو مێرگی حاجیلە و
گەڕانەوە بۆ ناو کۆشی نیشتمان
وەرە ئەی هاوڕێم
وەرە با پێکەوە سەما بکەین
ئیتر ئێمە دەزانین زەمەنی دوعا بەسەرچوو
فڕین باڵەکانی دڕاو و
با لێوەکانی وشک و
خۆر کەزییەکانی بڕاو و
باران پەنجەکانی سووتاو و
باخچە بیرەوەرییەکانی زەرد بوون
ئیتر من و تۆ دەزانین
زەمە نی دوعا تێپەڕی
هەروا بە سانایی
باڵندەکان دابارین
پەیژەکان لەهۆشخۆ چوون
ئیتر من و تۆ دەزانین
ئەی هاوڕێم
زەمەنی سەرکەوتن ڕما
ئیتر هیچ شتێ داد نادا
مەگەر گۆرانی و شێتبوون و سەما
بەرماڵە کەی دایکم ڕەنگی ئاسمانی گرتووە
دوعاکانی ڕەنگی خەزان
باخچەکەمان ماندوو
پەپوولەکان تا لێهاتوو
ئیتر زەمەنی ڕزگاربوون نەما
زەمە ی دوعا بەسەرچوو
وەرە ئەی هاوڕێم
ئیدی با پێکەوە کەپرێ لە تەنهایی و
سێبەرێ لە ڕووناکی داڕێژین
بەدەم سەمای قەرەجانەوە
شێتبوونی خۆمان ڕەنک کەین و
پەیژەکان بەسەر بانیژەکان هەڵواسینەوە
وەرە ئەی هاوڕێم
وەرە با پێکەوە تۆو لە دوعاکانی دایکم بگرینەوە
وەرە با تۆوی دوعا بنێژین
لەبن بنجی وەنەوشە و مێرگی بە یبوون
بەڵکوو بەیانیان پەپوولەکان پیاسەی پیادا بکەن و
هەنگ نیازیان لەبەر بگرێتەوە
ئەمە زەمەنی غەدر و پێشبینی نەکردنە ئەی هاوڕێم
هیچ شتێ دادی دایکم نادا
تەنها ترووسکەی هیوایەک نەبێ
هیوای هەڵسانەوە لە مردن
ئەو خەون بەوەوە دەبینێ
دواتر لە کۆڵانە بەرینەکانی بەهەشت
چاوی بە کوڕە ناوەنجییەکەی ڕۆشن بێتەوە
دەستی کچە بچکۆڵەکەی بگرێتەوە و
باوەش بە کوڕە هەراشەکەیدا بکاتەوە
کە بۆ گەشتی ئیمان چوو و نەگەڕایەوە
دایکم لەگەڵ مردوواندا دەژی
ئەی هاوڕێم
ئەو هەردەم دوعا دەکا
تا بە بێ ئازار
لە کەناری زیندووییەوە بپەڕێتەوە بۆ ئەوبەری نەمان
ئەو هەموو ڕۆژێ لەسەر گلکۆی کۆرپەکانی
چلدانە دەگرێتەوە
بۆ سەلامەتی ڕۆحی مردووان
وەرە ئەی هاوڕێم
وەرە با پێکەوە سەما بکەین
وەرە با پێکەوە
لەم زەمەنی غەدرەوە
شۆڕبینەوە بۆ ناو نزرگای شێتبوون[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!