شارۆچکەیەکی پارێزگای #سلێمانی#یە لە باشووری کوردستان[1]
شارۆچکەی ماوەت بە گوندەکانییەوە پێشتر شارەدێ بوو سەربە شارۆچکەی #شارباژێڕ#، بەڵام بۆ ئاسانی بەڕێوەبردنی کارگێڕی شارۆچکەی ماوەت بەدابڕانی شارەدێی ماوەت و گوندەکانی درووستکرا، شارۆچکەی ماوەت بەشێکە لە ناوچەی شارباژێڕ (شارباژێڕی سەخت). خەڵکی ئەم شارۆچکەیە بۆ ناساندنی خۆیان بە شێوەیەکی گشتی دەڵێن شارباژێڕین. لە ئێستادا ئەم شارۆچکەیە لە ڕووی دانیشتووانەوە بەرەو کەمبوونەوە دەچێت بەھۆی چۆڵبوونی گوندەکانەوە. لە ئێستادا شارۆچکەی ماوەت پێک ھاتووە لە یەک شارەدێ:
شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی ماوەت (ماوەت)
$ناو$
شارۆچکەی ماوەت ناوەکەی لە شارۆچکەی ماوەتەوە وەرگیراوە کە ناوەندەکەیەتی، بۆچوونی جیاواز ھەیە لەسەر ناوی ماوەت لێرەدا ئەم بۆچوونانە ئەخەینە ڕوو:
گوایە ناوی ماوەت لە (ماوەند)ەوە وەرگیراوە کە میرێکی ناوچەکە ناوی ماوەند بووە.
گوایە لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامدا کوشتارێکی زۆر کراوە لە ماوەتدا، ئیتر لە وتراوە (موت) مردن، بەپێی کات گۆڕاوە بۆ ماوەت.
$جوگرافیا$
شارۆچکەی ماوەت ھاوسنوورە لەگەڵ، لە باکوورەوە شارستانی #سەردەشت# لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، لە باشوورەوە شارۆچکەی شارباژێڕ، لە ڕۆژھەڵاتەوە شارۆچکەی شارباژێڕ، لە ڕۆژاواوە شارۆچکەی #دوکان#.
زۆرینەی پێکھاتەی خاکی شارۆچکەی ماوەت چیا و گردە، کەمێک دەشتی ھەیە لە ڕۆخی چەمەکاندا. بەرزترین لووتکەی چیا لەمشارۆچکەیە لووتکەی گمۆیە کە (2343م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
ڕووبەری شارۆچکەی ماوەت دەکاتە (463کم2)، و دەکاتە لە (1٫29٪) پارێزگای سلێمانی.
ژمارەی دانیشتووانی بریتییە لە 9٬799
$مێژوو$
پێش فتوحاتی ئیسلام ماوەت لەسەر شاری (بانە)ی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە و کەسێک بە ناوی (قەھقۆن) حاکمی بانە بووە، کاتێک فتوحاتی ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکە بە سەرپەرشتی (عەبدوڵڵا کوڕی عومەر) دەستی پێ کردووە قەھقۆن حاکمی بانە لە شەڕی دژی عەرەبەکاندا کوژراوە، بەڵام کوڕێکی قەھقۆن بە پێچەوانەی باوکییەوە یارمەتیی موسڵمانەکانی داوە، بۆیە (عەبدوڵڵا کوڕی عومەر) ناوەکەی گۆڕیووە بۆ (خیارەدین) و لە شوێنی (قەھقۆن) کردویەتی بە حاکمی بانە، لە دوای ئەمەوە حاکمێتی سنووری بانە پشتا و پشت ھاتووە تا سەردەمی (خان ئیسماعیل سوڵتان) فەرمانڕەوای بانە، ئەویش کوڕێکی خۆی بە ناوی (ئەسکەندەر) کردووەتە حاکمی ماوەت، بەڵام ئەسکەندەر حاکمی ماوەت کەسێکی زاڵم بووە لەگەڵ خەڵکدا. ئەسکەندەرخان ئیسماعیل سوڵتان حاکمی ماوەت لە ماوەت مردووە ھەر لەوێش نێژراوە، ئێستا گۆڕەکەی لە ماوەت نزیک کانی بنچنارە، لەسەر بەردی گۆڕەکەی بە فارسی و بە نووسینی بارز نووسراوە ( مزار ئیسماعیل ئەسکەندەر پاشا ماوەت).
$سەردەمی بابانەکان
مەڵبەندی حکوومڕانی بابانەکان لە کوردستاندا:$
لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا، لە #مەریوان# و #سنە# تا ساڵی (1396)ز. لە باشووری کوردستاندا، لە (#مەرگە#) تا ساڵی (1596)، لە (#دارەشمانە#) سەردەمی فەقێ ئەحمەد و سلێمانی کوڕی لە سەردەمی شازدەھەمی زاینیدا، لە (ماوەت) و (قەڵای بەکراوا) لە سەردەمی حوکمداریەتی بەکربەگی باباندا (بەکرە سوور) لە ساڵانی (1619-1627)دا، لە (#قەڵاچوالان#) لە ساڵی (1699-1784)، لە (سلێمانی) لە ساڵانی (1784-1850). لەم مێژووەوە دەردەکەوێت کە بابانەکان حکوومڕانییان کردووە لە شارباژێڕدا لەنێوان ساڵانی (1619 بۆ 1784) لە ماوەت و قەڵای بەکراوا و قەڵاچوالان کە ھەرسێ مەڵبەندەکە دەکەوێتە شارباژێڕەوە.
لەو سەردەمەشدا (فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە) حاکمی میرنشینی بابان لە دارەشمانە کۆچی دوای دەکات و (خان بوداغ)ی کوڕی جێگەی دەگرێتەوە، بەھۆی نزیکی ماوەت لە سنووری میرنشینی بابان و خۆزگەی (خان بوداغ) بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەی، ھۆزەکانی (ئاکۆ ، بڵباس، ئالان و ماوەت بەیعەت دەدەنە میری میرنشینی بابان، بەمە (ماوەت) دەبێتە بەشێک لە سنووری میرنشینی بابان و لە ساڵانی (1608-1619) زاینی، خان بوداغ ماوەتی کردووەتە پایتەختی بەھار و ھاوینەی میرنشینەکەی و پایز و زستانیشی لە دارەشمانە بووە.
سەرچاوە مێژووییەکان باسی دەکەن سەردەمی حوکمی میر (خان بداغ) خەڵکی ئاسوودەبوون و باری گوزەران و کۆمەڵایەتی یان باش بووە. بەھۆکاری ئەو باشیە لە ماوەتەوە توانیویەتی سنووری دەسەڵاتی فراوان بکات و ناوچەی (سیتەک)یش بخاتە سنووری فەرمانڕەوایەتییەوە. دەسەڵاتی (میر خان بداغ) بەردەوام بووە تا کۆچی دوایی و دواتر لە لایەن (میر سلێمانی) کوڕیەوە درێژە بە فەرمانڕەوایەتی بابانەکان دراوە. دوای ماوەت بنکەی سەرەکی میرنشینی بابان ھاتۆتە (قەڵای بەکراوە) و لەوێشەوە بۆ قەڵاچوالان و دواتر درووستکردنی شاری سلێمانی. سنووری ماوەت تا کۆتایی دەسەڵاتی بابانەکان لە 1850 لەسەردەستی عوسمانییەکان، لە سنووری فەرمانڕەوایی بابانەکاندا بووە.
$سەردەمی عوسمانی$
گومانی تێدانییە ھۆکاری سەرەکی ڕووخانی میرنشینی بابان ناکۆکی نێوان میرانی بابان خۆیان بوون. و ئەمەش دواجار وای کرد کە میرنشینەکە لە لایەن لەشکری ڕۆمەوە لە ساڵی 1851ز. بە تەواوەتی کۆتایی پێبھێندرێت و میرنشینەکە بخرێتە سەر ویلایەتی مووسڵ و شارباژێڕیش سەربە سەرنجاقی سلێمانی بێت. لە دوای لەناوبردنی میرنشینی بابان ناوچەی شارباژێڕ چووە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و سیستەمی کارگێڕی دەوڵەتی عوسمانی کە بووە قەزایەکی سەربە سنجاقی سلێمانی سەربە ئەیالەتی #شارەزوور#. لەم سەردەمەدا شارۆچکەی ماوەت بەشێک بوو لە شارباژێڕ.
$لەنێوان ساڵانی (1851-1869)دا:$
سیستەمی کارگێڕی ئەم قۆناغە لەژێر ھەژموونی دابەشبوونی جوگرافیای ھۆزەکاندا بووە. لەم ماوەدا شارباژێڕ لە سێ شارۆچکە پێکھاتووە کە شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و ئەو کات لە ڕووی کارگێڕییەوە یەکەی شارەدێ نەبووە، شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون (شینکی، گەڵاڵە، ماوەت و سیوەیل)، (ئالان، سەراو و میراوا) و (شارباژێڕ، قەڵاچوالان و بەرکێو).
$لەنێوان ساڵانی (1869-1872)دا:$
قۆناغی (مەدحەت پاشا)یە کە بۆ ماوەی سێ ساڵ والی بەغدا بوو، ھەرچەندە تەمەنی ئەم قۆناغە کەم بوو، بەڵام تێیدا گۆڕانکاری جەوھەری ئەنجام درا لەوانە:
ھەڵوەشاندنەوی فرە ناوەندی قەزاکان: بەشێکی زۆری شارۆچکەکان فرە ناوەند بوون و بەشێکی ئەم ناوەندانە بە ناوی ھۆزەکانەوە بوو، لەم قۆناغەدا فرە ناوەندەکان ھەڵوەشێنرانەوە و لە جیاتی ئەوە یەک ناوی بۆ دانرا. لەوانە ناوی شارۆچکەی بازیان لە جیاتی شارۆچکەی (بازیان، #چەمچەماڵ#، نوورە، عەشرەتی ھەمەوەند)، شارۆچکەی گوڵعەنبەر لە جیاتی (گوڵعەنبەر، ھەڵەبجە و وارماوا)، قزڵجە لە جیاتی (قزڵجە، تەڕاتەوەن، چەوتان، #پێنجوێن#)، زەنگەنە لە بری (زەند، زەنگەنە، شێخان داودە)، شارباژێڕ لە بری (شارباژێڕ، قەڵاچوالان، بەرکێو) داندرا.
ڕێکخستنەوەی پێکھاتەی ھەردوو شارۆچکەی (#شینکی#، #گەڵاڵە#، ماوەت و #سیوەیل#) و (#ئالان# و #سەراو# و #میراوا#) لەناو ھەردوو شارۆچکەی ماوەت و سیوەیل (وصال)دا.
دابەشکردنی شارۆچکەکان: بەھۆی فراوانبوونی ڕووبەری شارۆچکەی (#سرۆچک#، #قزڵجە#، #تەڕاتەوەن#، #چەوتان#، #پێنجوێن#) حکومەت ئەم شارۆچکایانەی دابەشکردە سەر ھەردوو شارۆچکەی سرۆچک و قزڵجە.
$لەنێوان ساڵانی (1873-1890)دا:$
لەم قۆناغەدا چەندین گۆڕانکاری سازدرا، لەوانە لیواکانی دەوڵەتی ئێراقی ئێستا کەمکرایەوە بۆ (8)سنجاغ-لیوا، لیواکانی کەش کران بە شارۆچکە و بەشێکی زۆری قەزاکانیش کرانە شارەدێ. یەکە کارگێڕییەکانی باشووری کوردستان دەکەونە سنووری سنجاغەکانی (مووسڵ و شارەزوور و بەغدا). تا پێکھێنانی ویلایەتی مووسڵ لە ساڵی (1296ک-1879ز)دا ھەموو سنجاغەکانی سەرەوە سەربە ویلایەتی بەغدا بوون و دوای ئەو بەروارە ھەردوو لیوای سلێمانی و شارەزوور خرایە سەر ویلایەتی مووسڵ. لەم ماوەیەدا ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ شارەدێی سیتەک بوو.
$لەنێوان ساڵانی (1890-1894)دا:$
شارۆچکەی شارباژێڕ لەم ماوەیەدا شارەدێی ماوەتی تێدا درووستکرا. و ناوەندی قەزاش ھەر شارەدێی سیتەک بوو.
$لەنێوان ساڵانی (1907-1912)دا:$
شارۆچکەی شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە و ناوەندەکەشی شارەدێی سیتەک بوو، ھەر شارەدێی ماوەتی ھەبوو.
$سەردەمی ئینگلیز و پاشایەتی$
لە دوای نەمانی دەسەڵاتی عوسمانییەکان و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، بۆ چەند ساڵێک ئیدارەی لیوای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەژێر ھەژموونی ئینگلیزدا بوو، بە پێچەوانەی لیواکانی تر کە سەربە بەغدا بوون، بەڵام دوای واژۆکردنی پڕۆتۆکۆلێک لەنێوان بەریتانیای مەزن و ئێراقدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێراق لە (11/تەممووزی/1923)دا بڕیاری لکاندنی سلێمانی بە ئێراقەوە درا.[11]
$لەنێوان ساڵانی (1918-1936)دا:$
ھەڵوەشانەوەی شارۆچکەی مەعمورە و لکاندنی ھەردوو شارەدێی (پشدەری 1) و (پشدەری 2) بە شارۆچکەی شارباژێڕەوە.
لکاندنی شارەدێی سرۆچک بە شارۆچکەی شارباژێڕەوە پاش دابڕانی لە شارۆچکەی گوڵعەنبەر.
گواستنەوەی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ لە شارەدێی سیتەکەوە بۆ شارۆچکەی چوارتا.
لەم ماوەیەدا شارۆچکەی شارباژێڕ لە (5) شارەدێی پێکھاتبوو، شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ (چوارتا)، شارەدێی ماوەت (ماوەت)، شارەدێی سرۆچک (گێلدەرە تا 1931-بەرزنجە)، شارەدێی پشدەری 1 (#قەڵادزێ#)، شارەدێی پشدەری 2 (مەرگە).
$لەنێوان ساڵانی (1936-1947)دا:$
حکومەت لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ شارۆچکەی پشدەری ھێنایە کایەوە بە دابڕانی لە شارۆچکەی شارباژێڕ. لە پڕۆسەی سەرژمێری ساڵی 1947دا زانیاری ورد و تایبەت بە ڕەوشی کارگێڕی لیواکانی ئێراق تۆمارکرا، وەکوو یەکە کارگێڕییەکان، ڕووبەر و دانیشتووانەکەی، ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە پێویستی یەکە کارگێڕییەکان لە دوای تەواو بوونی پڕۆسەی یەکلاکردنەوەی مافی زەوییەکانی ھەریەک لە لایەن فەرمانگەکانی تەسوییەوە کێشرا.
$لەنێوان ساڵان (1947-1958)دا:$
ھێنانە کایەی شارەدێی سیوەیل لە سنووری شارۆچکەی شارباژێڕ و ناوەندەکەشی لە گوندی مڕانێ، بەپێی ئیرادەی مەلەکی ژمارە (857) لە 05-10-1955دا.
گواستنەوەی ناوەندی شارەدێی سیوەیل لە گوندی مڕانێوە بۆ گوندی باسنێ بەپێی بڕیاری #وەزارەتی ناوخۆ# لە ساڵی 1956دا.
بەمەش ژمارەی شارەدێکانی شارۆچکەی شارباژێڕ بووە (4) شارەدێ.
$سەردەمی کۆماری$
ئەم سەردەمە بە نەمانی دەسەڵاتی پادشایی و دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێیە، ئەم سەردەمە پڕە لە گۆڕانکاری سیاسی، حکومی عەبدولکەریم قاسم (5) ساڵ، نەتەوە پەرستەکان بە سەرکردایەتی عەبدولسەلام عارف، دواتر براکەی عەبدولڕەحمان عارف (5) ساڵ، دەسەڵاتی #بەعس#ییەکان لە دوو قۆناغدا، ئەحمەد حەسەن بەکر (1968-1979) و سەددام حسێن (1979-2003)، دەسەڵاتی سەددام لەسەر پارێزگای سلێمانی تا ساڵی 1991 بوو. کاریگەریی ئەم فرە دەسەڵاتە و دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لە سیاسەتی ئێراق، لەسەر گۆڕاکارییە کارگێڕییەکان بە زەقی دەردەکەوێت، زۆربەی زۆری ئەو گۆڕانکارییانە سیاسی بوو، ئامانجی لەناوبردنی بزووتنەوەی سیاسی باشووری کوردستان بوو، و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە ستراتیژییەکان بوو.
$لەنێوان ساڵانی (1958-1965)دا:$
دابڕانی (7) کەرت و گوندی شارەدێی سیوەیل و لکاندنی بە ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕەوە بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ لە ساڵی 1960دا.
لەم ماوەیەدا شارۆچکەی شارباژێڕ وەک خۆی مایەوە کە لە (5) شارەدێ پێکھاتبوو.
$لەنێوان ساڵانی (1965-1977)دا$
لەم ماوەیەدا ھیچ گۆڕانکارییەک لە شارۆچکەی شارباژێڕدا نەکرا.
$لەنێوان ساڵانی (1977-1986)دا:$
(أ) گۆڕینی ناوی شارەدێی ماوەت بۆ (شارەدێی کارێزە) و گواستنەوەی ناوەندەکە لە گوندی ماوەتەوە بۆ گوندی کارێزە (موجەمەعی کارێزە) و لکاندنی (6) کەرتی شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ بە (شارەدێی کارێزە)وە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی ژمارە (24335)ی ساڵی 1979.
(ب) گۆڕینی ناوی شارەدێی سیوەیل بۆ (شارەدێی کەناروێ) و گواستنەوەی ناوەندەکەی لە گوندی باسنێوە بۆ گوندی کەناروێ (موجەمەعی کەناروێ) و لکاندنی (12) کەرتی شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ بە شارەدێی کەناروێوە بە بە پێی بڕیاری وەزارەتی حکومی مەحەللی (24396)ی ساڵی 1979.
دابڕانی (14) کەرت لە شارەدێی سرۆچکی سەربە شارۆچکەی شارباژێڕ و لکاندنیان بە شارەدێی ناڵپارێزی سەربە شارۆچکەی پێنجوێنەوە بە پێی فەرمانی کۆماری ژمارە (521) لە 16-10-1979دا.
دابڕانی (2) کەرت لە شارەدێی سرۆچکی سەربە شارۆچکەی شارباژێڕ و لکاندنیان بە شارەدێی شارەزووری سەربە شارۆچکەی ھەڵەبجەوە.
گواستنەوەی ناوەندی (شارەدێی کارێزە) لە جێکەوتی ئێستای بۆ شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ بە پێی فەرمانی وەزارەتی حکومی مەحەلی ژمارە (781) لە ساڵی 1986دا.
شارۆچکەی شارباژێڕ لەم ماوەیەدا بووە (4) شارەدێ، شارەدێی ناوەندی شارۆچکە (چوارتا)، شارەدێی سرۆچک (بەرزنجە)، شارەدێی کەناروێ (کەناروێ)، شارەدێی کارێزە (کارێزە).
$لەنێوان ساڵانی (1988-1990)دا:$
ھەڵوەشاندنەوەی شارۆچکەی شارباژێڕ و بەستنەوەی ھەموو شارەدێ و کەرتەکانی بە شارۆچکەی سلێمانییەوە.
$سەردەمی حکوومەتی ھەرێم
لە ماوەی ساڵانی (1991-1992)دا:$
لەم ماوەیەدا پارێزگای سلێمانی و پارێزگای ھەولێر و پارێزگای دھۆک لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە بە ڕێوەدەبرا، کە لەسەر ھەمان سیستەمی یەکە کارگێڕییەکانی ساڵی 1989 بەڕیوەدەبرا، لەبەر ئەوەی گوندەکان تازە ئاوەدان دەکرانەوە، ھەروەھا لە ڕووی کارگێڕییەوە ھەرێمی کوردستان درووست نەبووبوو تاوەکوو لە ساڵی 1992 پەڕڵەمانی کوردستان پێکھێنرا. ئینجا یەکە کارگێڕییەکان درووستکرانەوە.
$لە ماوەی ساڵانی (1992-2003)دا:$
لە دوای ڕاپەڕینی 1991، ھەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستان بە پێی بڕیاری ژمارە (18) لە (22-09-1992)دا ڕێگەی دا بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەو شارۆچکە و شارەدێیانەی بە مەبەستی سیاسی ھەڵوەشێنراونەتەوە سەرلەنوێ پێکبھێنرێنەوە.
لە ساڵی 1992دا شارۆچکەی شارباژێڕ لە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی شارباژێڕ (چوارتا) و شارەدێی ماوەت (ماوەت) و شارەدێی سرۆچک (بەرزنجە) و شارەدێی سیوەیل (باسنێ) پێکھێنرایەوە.
$لە ماوەی ساڵانی (2003-2019)دا:$
لە ساڵی (2005)دا بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای سلێمانی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەی کارگێڕی لە سنووری شارۆچکەی شارباژێڕدا، (3) شارەدێ درووستکران بە ناوەکانی شارەدێی سیتەک (سیتەک)، شارەدێی زەلان (زەلان) و شارەدێی گاپیڵۆن (گاپیڵۆن). بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (5546) لە (29-12-2004).
دابڕانی شارەدێی سرۆچک بە ھەموو گوندەکانی لە شارۆچکەی شارباژێڕ و لکاندنی بە شارۆچکەی سەید سادقەوە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (3108) لە (02-05-2007).
درووستکردنی شارۆچکەی ماوەت و دابڕانی شارەدێی ماوەت و ھەموو گوندەکانی و خستنە سەر شارۆچکە تازەکە، بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ژمارە (12181) لە (24-11-2008)دا.
$کەڵەشێر$
ماوەت لە ڕووی مێژووی و کلتورییەوە خاوەن مێژوو ناسنامەی تایبەت بەخۆیەتی ئەوەش زۆر تایبەتمەندی پێ بەخشیووە و تا ئێستاش شانازی بە داستان و مێژوو و بەھاو نەریتە باوەکانییەوە دەکات، بەڵگەی مێژووی و نووسراو و شوێنەوارە دێرینەکانی و گۆڕستانە کۆنەکانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ماوەت زۆر کۆنە و بەر لە ئیسلام و زاینیش شوێنێکی ئاوەدان بووە و پێدەچێت (کەڵەشێر) سمبولی ماوەتییەکان بوبێت وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کەئەوەش لە ڕووی زانستی مرۆڤ ناسییەوە (علم الانسان) مێژوویەکی زۆر کۆنی پێدەبەخشێت.
پەیکەری کەڵەشێر لە ماوەت
ماوەت لە ڕووی مێژووی و کلتورییەوە ھەندێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، یەکێک لە نەریتە ناسراو باوەکانی ماوەت پیرۆزی (کەڵەشێر) و نەخواردنی گۆشتەکەیەتی. بەھۆی ئەم پیرۆزییەی کەڵەشێر لە ئێستادا لە ناوەڕاستی شارۆچکەکە وێنەیەکی پەیکەری کەڵەشێر داندراوە وەکوو سیمبولێک بۆ ئەو کەڵەشێرانەی بەشێک لە دانیشتووانی ماوەتیان لە کۆندا ڕزگار کردووە.
بەسەرھاتی کەڵەشێرەکانی ماوەت بە چەندان شێوە دەگێڕدرێتەوە بەڵام کورتەی بەسەرھاتەکە ئەوەیە لە سەردەمی کۆندا سوپایەکی داگیرکەر ھێرش دەکەنە سەر ماوەت، بەڵام پێش ئەوەی سوپاکە بگەن ، کەڵەشێرەکانی ماوەت دەست بە قوقاندن دەکەن، وا پێدەچێت کاتی قوقاندنی کەڵەشێرەکان کاتێکی نالەبار و بە شێوەیەکی نائاسایی بووبێت، بۆیە زۆرێک لە خەڵکی ماوەت دەزانن کە ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوو دەدات، بەم ھۆیە زۆربەی خەڵکی ماوەت ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن و ڕوو لە شاخەکانی نزیک ماوەت، دەڵێن بەھۆی ئەم ڕووداوە و خەڵکێکی زۆر ڕزگاریان بووە ھەر بۆیە گەورە و سەرداری ماوەتییەکان لەو کاتەدا داوا لە خەڵکەکەی دەکات وەک وەفایەک ئیتر ھەرگیز خەڵکی ماوەت کەڵەشێر سەرنەبڕن.
$ڕۆشنبیری$
ماوەت لە ڕابردوودا و لە سەردەمی میرنشینی باباندا مەڵبەندێکی گەورەی خوێندن و خوێندەواری بووە لە ناوچەکەدا و ساڵی (1644-1659)کە شارۆچکەی ماوەت بووەتە مەڵبەندی میرنشینی بابان شارۆچکەکە فێرگەی تێدابووە و فێرگەکە زۆر ئاوەدان بووە و (مەلا موسای ماوەتی) کە نازناوی (علامةالزمان) بووە مودەریسی ئەم فێرگەیە بووە تا ساڵی 1683 فێرگەکە بەردەوام بووە لە خزمەتی بواری خوێندەواری لە ناوچەکەدا.
ھەر لەو سەردەمەدا لە گوندی مەروێ لە ناوچەی ئالانی نزیکی ماوەت فێرگەیەکی ئاوەدانی تر ھەبووە کە کۆمەڵێک مودەریسی بەناوبانگی وەک (مەلا موسای ئالان، مەولانا ئەحمەدی ئالانی و مەلا ئیبراھیمی کوڕی) مامۆستای بوون.
ھەروەک کۆمەڵێک مەدرەسە و فێرگەی تر لە ناوچەکەدا ھەبوون وەک: مەدرەسەی بێتووش، گەناو، بەلاتا، کەناروێ، ڕەشەکانی، شەھابەدین، باڵخ، مۆکەبە، گەڵاڵە، سەرگەڵو، قزلەر، زێوێ، تەڕەماری سەروو، قەرەداغ، تەکییە، خاوێ، بیارە، تەوێڵە و جێشانە.
لە ئێستاشدا ناوچەکە ڕێژەیەکی زۆر خەڵکی خوێندەواری ھەڵکەوتوو خاوەن پلەی زانستی بەرزی تێدایە و زۆربەی ھەرە زۆری گوندەکانی قوتابخانەیان تێدا کراوەتەوە.