شارەدێی قەرەھەنجیر یەکێکە لە حەوت شارەدێیەکەی شارۆچکەی ناوەندی پارێزگای کەرکووک لە باشووری کوردستان.
$ناو$
ناوی ئەم شارەدێیە لە ناوەندەکەیەوە وەرگیراوە کە شارەدێی قەرەھەنجیرە. سەرەتا کە ئەم شارەدێیە درووستکرا ناوی (ناحیة الربیع) بوو.
بەناوبانگە بە باخەکانی کە جوانترین جۆرەکانی ھەنجیر بەرھەم دەھێنن، بەتایبەتیی ھەنجیری ڕەش، قەرە لە زمانی تورکیدا بە واتای ڕەش دێت، وشەی قەرەھەنجیر لێکدراوی دوو وشەی قەرە+ھەنجیر کە یەکیان کوردییە و ئەوی تریان تورکییە.
لە کۆندا پێیان وتووە (خان جاڕ)
$جوگرافیا$
شارەدێی قەرەھەنجیر ھاوسنوورە لەگەڵ؛
لە باکوورەوە شارەدێی #شوان#.
لە باشوورەوە شارەدێی #لەیلان#.
لە ڕۆژھەڵاتەوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #چەمچەماڵ#، شارەدێی شۆڕش و شارەدێی #تەکیەی جەباری#.
لە ڕۆژاواوە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی کەرکووک.
$ڕووبەر$
ڕووبەری ئەم شارەدێیە (752کم2)یە لە (7٫2٪) پارێزگای کەرکووک پێکدەھێنێت و (22٫7٪) شارۆچکەی کەرکووک پێکدەھێنێت.
لە ڕووی ڕووبەرەوە لە ئاستی (یەکەم)ە لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی کەرکووکدا.
$دانیشتووان$
دانیشتووانی ئەم شارەدێیە لە کورد پێکھاتووە، بە پێی پێشبینی دەستەی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی ئێراق بۆ ساڵی 2021 دانیشتووانی ئەم شارەدێیە (13،217)کەسە. لە (0٫7٪)ی دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک و (1٫11٪)ی دانیشتووانی شارۆچکەی کەرکووک پێکدەھێنێت.
لە ڕووی دانیشتووانەوە لەسەر ئاستی (شەشەم)ە لە حەوت شارەدێی شارۆچکەی کەرکووک.
$مێژوو$
مێژووی ئەم شارەدێ زۆر کۆن نییە لە ساڵی 1977دا ھاتووەتە کایەوە، بە ناوی شارەدێی ئەلڕەبیع، بەڵام دوای پڕۆسەی ئازادی ئێراق، ناوی شارەدێکە بووە شارەدێی قەرەھەنجیر. [1]