ئافرەتی ڕووناکبیری تێکۆشەری کورد خاتوو نەجیبە خانی جەلیزادە لەشەوی 11 لەسەر 12ی مانگی حوزەیرانی 1999دا لە تەمەنی 82 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و زنجیرەیەک پەڕتووکی مێژوویی و فۆلکۆری بە دەسنووسی لەپاش بەجێما.
ئەم ئافرەتە خزمەتگوزارە پێشکەوتنخوازەی کورد لە 1917.09.08دا لە شاری کۆیه، شاری وێژە و هونەر و زانست، لە دایکبووه. کچی مەلای گەورەی زانا و شاعیری شیعری کۆمەڵایەتی بووه. لەو کاتەی، کە خەڵکی شاری کۆیە لە سەرەتاکانی بیستەکانی سەدەی ڕابوردوودا کوڕەکانیان نەدەناردە قوتابخانەی فەڕمیی، باوکی زانا و چاکەخوازی ئەو کچەی خۆی لەگەڵ کوڕان لە ساڵی 1924دا لە قوتابخانەی سەرەتای کۆیە لەبەر خوێندن دانا، تاکوو بووە پۆلی پێنجەم و خاوەن زانیاری ڕۆشنبیرییەکی هۆشیارانه، خەڵکەکە بەگەرمیەوە ڕۆڵەکانی خۆیان لەبەر خوێندن دانا.
ئەو ئافرەتە هۆشیارە زیرەکە لەسەرەتای چلەکانی سەدەی بیستەمەوە تێکەڵ بەخەباتی ڕامیاری میللەتەکەی بووە و بووەتە لایەنگیرێکی دڵسۆتی و چالاکی پارتی هیوا و ئافرەتانی شارەکەی بۆ خەباتکردن لەپێناوی وەدەستهێنانی مافی خۆیان و نەتەوەکەیان هۆشیار کردۆتەوه.
لەگەڵ دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە 1941.08.16دا بووەتە ئەندامێکی دڵسۆزی ئەو پارتە نەتەوەییە دیموکراتییەی کورد و ڕۆڵێکی ڕامیاری باشی لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و هەستی نیشتمانی لەنێو ئافرەتانی شارەکەیدا هەبووه، بەتایبەتی لەسەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر.
لەگەڵ دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە 1953.12.11دا ڕۆڵێکی باشی تێدا گیڕاوە و بەنهێنی بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتان لە کۆیە هەڵبژێردراوە و لەدوای بەرپابوونی شۆڕشی 14ی تەممووزی 1985یشدا بەشێوەیەکی ئاشکرا بەسەرۆکی یەکێتی ئافرەتەکانی کوردستان - لقی کۆیە هەڵبژدراوە و لەئاهەنگ و بۆنە نیشتمانییەکاندا وتاری یەکێتی ئافرەتانی خوێندۆتەوە و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و بزووتنەوەی ئافرەتانی کوردستانی بۆ جەماوەر شیکردۆتەوه.
خاتوو نەجیبە بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردوو و لە دوای نسکۆهێنانی ئەو شۆڕشە مەزنەش بەکاریگەریی پلانە چەپەڵەکەی جەزائیر لە 1975.03.06دا لە ساڵی 1975-1977 لە ئێران ماوەتەوە و ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆری ژیانی دەربەدەری چەشتووه، ئینجا گەڕەواتەوە کۆیە و لەو شارەدا ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتی وەک حەپسەخانی نەقیب لە #سلێمانی#دا بینیووە و هەموو لایەک ڕێزیان لێناوه، چەند ساڵێک پێش کۆچکردنی ڕوو دەکاتە شاری #هەولێر#ی پایتەخت و لە ئەنجامی پیریی تووشی نەخۆشی ئێسکەنەرمەی قاچ هات.
ئەم ئافرەتە ڕووناکبیرە لە ماوەی ژیانیدا سێ بەرگ لە تەفسیری قورئانی لە نووسینی مەلای گەورەی باوکی بە چاپگەیاندووە و لە نووسینەکانی خۆیشی کۆمەڵێک بابەتی بەنرخی بەدەسنووسی لەپاش بەجێماوە و لەوانەش:
1. مێژووی کۆیه
2. مێژووی بنەماڵەی جەلیزاده
3. هەواڵی ڕووداوەکانی کوردستان لەسەردەمی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول لە 1961دا
4. کۆمەڵێک لە چیرۆکی فۆلکلۆری و دیاری کوردەواری [1]