ئەم نووسەرە، خاوەنی پەرتووکی (من عمان الی عمادیة -لە عەمانەوە بۆ #ئامێدی#)یە. لە ئوردون ژیاوە و هەرلەوێش کۆچی دوایی کردووە.[1]
ساڵی 1908ز. لە عەمان پایتەختی ئوردون لەدایکبووە. باو و باپیرانی لەدەشتی گۆران، لەنێوان ئامەد و ئەرگەنی باکووری کوردستان هاتوون بۆ ئوردون و لەوێ نیشتەجێبوون. باپیری ساڵی 1880ز. هاتووە بۆ ئوردون. ساڵی 1915ز. دەستی کردووە بە خوێندن، لە ساڵی 1920ز. ڕوودەکاتە خوێندنگەیەکی ئینگلیزی لە قودس و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی تەواو دەکات. لەم قۆناغەی ژیانیدا و لە ڕێی مامۆستایەکییەوە (ئارناوتی) هۆشیاردەکرێتەوە، کە دەبێت ئەو گرنگی بە نەتەوەی خۆی بدات کە کوردە!، بەشاری قودسی کۆندا دەیگەڕێنێت و پێی دەڵێت: ببینە باپیرانت چ شوێنەوراێکیان جێهێشتووە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ئەیوبیەکان!.
لەو ڕۆژەوە هەستی نەتەوایەتی و گەڕان بەدوای مێژووی نەتەوەکەیدا گەشە دەکات و لە نووسینەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە.
ساڵی 1928ز. کۆلێژی سیاسە و ئابووری، لە زانکۆی ئەمێرکی لە بەیرووت تەواو دەکات و دەبێت بە یەکەم دەرچووی کۆلێژ لە ئوردوندا.
لە ساڵی 1929ز. تا 1963ز. لە وڵاتی ئوردوندا، کۆمەڵێک کاری هەمەجۆری کردووە و کۆمەڵێک بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆگرتووە، وەک: بەڕێوەبەری خوێندنگە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەرپرسیار لە وەزارەتی دەرەوە و قونسڵ و سەفیر و.....
یەکێک لە پەرتووکە گرنگەکانی، پەرتووکی لە عەمانەوە بۆ ئامێدییە، یاخود گەڕانێک بە باشووری کوردستاندا. لە 1939ز. ئەو پەرتووکە لە قاهیرە چاپکراوە. هەروەها فەرهەنگێکی کوردی-عەرەبی داناوە، کە 25 هەزار وشە لە خۆدەگرێ و لە 1985ز. چاپکراوە.
ساڵی 1992ز. لە شاری عەمان کۆچی دوای دەکات و سامانێک بۆ نەتەوە پەرش و بڵاوەکەی بەجێدەهێڵێ.[2]