بێخودی شاعر؛ ناوی مەحموود کوڕی موفتی حاجی مەلا ئەمینی کوڕی مفتیی گەورە حاجی مەلا ئەحمەدی چاومارە کە ناوبانگی بە (پیرحەسەن) دەرکردووە. ئەمیش کوڕی مەلا مەحمودی دێلێژەیی پیرحەسەنی کوڕی مەلا ئەحمەدی دێلێژەیییە کە لە ساڵی (1792ز.) کۆچی دوایی کردووە. ئەمیش کوڕی مەلا محەمەدی دێلێژەیییە کە بەناوبانگ بووە بە (مەلای گەورە) و لە ساڵی (1760ز.) لە دێلێژە وەفاتی کردووە. ئەم زاتە خوێندنگەیەکی گەورەی هەبووە لە دێلێژە و هاوچەرخی شێخ (ڕەزا)ی دێلێژە بووە.
مەلا (مەحموود) پیر حەسەنیی کوڕەزای مەلا محەمەدی گەورە، لای زانای بەناوبانگ (ابن الحاج)ی جێشانەیی خوێندوویەتی، و پاش ئیجازە وەرگرتنی خوێندنگەیەکی گەورەی کردووەتەوە لە دێلێژە، و پاش درووستکردنی شاری #سلێمانی# لە (1784ز.) دا، چووەتە ئەوێ، و لەگەڵ شێخ معروفی نۆدێییدا پێکەوە لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی دەرسیان وتووەتەوە. وادیارە پێکەوەش فەقێی لای (ابن الحاج) بوون.
ئەم زاتە سێ کوڕی زانای پایە بڵندی بووە: (مەلا حەسەن)، (مەلا حسێن)، (مەلا ئەحمەد). مەلا حەسەنی ناردووەتە (مەرگە)ی پژدەر، و مەلا حسێنی لە دێلێژە بەجێ هێشتووە و مەلا ئەحمەدی لەگەڵ خۆی بردووەتە سلێمانی و بەم جۆرە باڵی زانستی بەسەر ئەو ناوچانەی کوردستاندا کێشاوە. ئەم زاتە لە ساڵی (1824ز.) دا کۆچی دوایی کردووە.
مەلا ئەحمەد کوڕی مەلا مەحمودی پیر حەسەنی، کە بەناوبانگ بووە بە (چاومار)، لای باوکی و لای شێخ معروفی نۆدێ و مەلا عەبدوڵڵای ڕەش خوێندوویەتی کە بەناوبانگ بووە بە (مەلا ڕەش) و (شێخ الاسلام)ی بابانەکان بووە. ئیجازەشی لای شێخ معروفی نۆدێ وەرگرتووە. ئەم زاتە لە مزگەوتی مفتیدا دەرسی وتوەتەوە لە خۆی درووستی کردووە، و دەکەوێتە نزیکی بەردەرکی سەرای ئێستای سلێمانی، و خوێندنگەیەکی گەورەشی بووە. ئێستا جێگای ئەو خوێندنگەیە و ماڵی مەلا ئەحمەد خۆی، ئوتێل و دووکانەکانی (حاجی برایم ئاغایە)، زانایانی بەناوبانگی وەک مەلایی #پێنجوێن#ی و مفتی زەهاوی و شێخ ئەحمەد فائز لای ئەم زاتە خوێندوویانە. لە ساڵی (1839ز.)دا بووە بە (ڕئیس المدرسین)ی سلێمانی، و لە ساڵی (1862ز.) دا پایەی مفتییەتیی دراوەتێ، و لە ڕەجەبی ساڵی (1871ز.) دا لە حیجاز کۆچی دوایی کردووە.
لە پاش وەفاتی (چاومار) حاجی مەلا ئەمینی کوڕی جێگای دەگرێتەوە، و لە (1886ز.)دا بووە بە حاکمی سلێمانی، و لە ساڵی (1890ز.) دا بووە بە مفتی و مەدالیای مەجیدیی دراوەتێ و، کراوە بە وەکیلی دائیرەی مەشیخەتی ئیسلامی لە سلێمانیدا. ئەم زاتە لە (1897ز.) دوایی کردووە. گەلێک نووسراوی بەنرخی هەیە.
پاش حاجی مەلا ئەمین، مەلا عەبدولعەزیزی کوڕە گەورەی دەبێت بە مفتی سلێمانی، کە لەو کاتە دا ئەمەنی 21 ساڵ بوو، بەڵام پایەیەکی زانستیی بەرزی هەبووە. و هەر بەهۆی ئەو پایەی زانستییەوە کراوە بە ئەندامی کۆڕی زانیاری (المجمع العلمی)ی دەوڵەتی عوسمانی، و مەدالیای مەجیدی پێدراوە، و گەلێ ئەرکی گەورەی تری پێ سپێراوە وەک سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی مەعاریفی سلێمانی و، حاکمیەتی و وەکالەتی دائیرەی مەشێخەتی ئیسلامی لە دەوڵەتی عوسمانیدا کە مەرکەزەکەی لە ئەستەمبووڵ بووە، هەروەها بەهۆی پایەی زانستییەوە کاربەدەستانی دائیرەی مەشێخەتی ئیسلامی ویستوویانە لە خۆیانی نزیک خەنەوە، و لە ساڵی (1900ز.)کردوویانە بە مفتی (بۆرسە)، بەڵام نەچووە. و لە ساڵی (1902ز.)دا کردوویانە بە مفتی (ئەدڕنە)، بەڵام ئەوەشی نەویستوە.
کە ئینگلیزەکانیش سلێمانی یان داگیرکرد، مفتی بەربەرەکانێیەکی توندی کردن. لەبەر ئەوە بەتوندی لەگەڵی جووڵانەتەوە و هەموو ئەو فرمانانەیان لێسەندووەتەوە کە پێی سپێرابوو.
پاش دامەزرانی حوکوومەتی خۆماڵیش، مفتی هەر بەردوام بوو لە بەجێهێنانی ئەرکە ئایینییەکانی سەرشانیدا بۆ خزمەتی ئیسلام و موسوڵمانان، و سەردەمێک سەرۆکی لقی کۆمەڵی (الهدایة الاسلامیة) بوو لە سلێمانی.
ئەم زاتە لە (5 ی شوال)ی 1366 کۆچی، ڕێکەوتی (#20-08-1947#ز.) دا ئەم جیهانەی بەجێهێشت.
(بێخود) یش لە ساڵی (1879ز.)دا هاتووەتە دونیاوە (2)، و لای زانایانی ناوداری ئەو سەردەمەی سلێمانی خوێندنی تەواوکردووە. و لە ساڵی (1900ز.) دا کراوە بە حاکمی #هەڵەبجە#، و لەگەڵ مامۆستایان (ڕفیق حلیمی) و (زێوەر) دا خوا لێیان خۆش بێ دا مامۆستایەتیی کردووە، بێ ئەوەی بەرابەر بەوە هیچ مانگانەیەک وەربگرێت.
پێش کۆچی دوایی مفتیی کاکی، چەند ساڵێکی لە هەڵەبجە بەسەربردووە. ئەوجا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، و تا مردنی لە جێگاکەی ئەودا مفتی بووە.
کاتژمێر سێ و چارەکی پاش نیوەڕۆی (#25-08-1955#ز.) بەرانبەر بە (1376ی کۆچی) بۆ یەکجاری ماڵاوایی کرد. بە کۆچی دوای ئەم زاتە سەرچاوەیەکی تری شعیری کلاسیکی کوردی وشک بوو..