مامۆستای پەروەردەکار و ئاشقی وشەی کوردی، عومەر ساقی (1913 _ 1973ز.) لە سەرەتای سییەکانی سەدەی ڕابردوودا بووەتە مامۆستایەکی پەروەردەکار لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی #کوردستان# و زۆر بەدڵسۆزییەوە نەوەی نوێی کوردی پێگەیاند و لە پەنجاکانی ئەو سەدەیەش کرابە سەرپەشتیاری پەروەردەیی و زۆری حەزی دەکرد هەموو وشەیەکی عەرەبی بکات بە کوردی و فێری قوتابییەکانی بکات و تەنانەت ناوی خۆیشی کردبووە کوردی و لە جیاتی عومەر ساقی (تەمەنی ئاودێری) بەکاردەهێنا هەرچەندە وەرگێڕانەکە پڕ پێستی واتای عومەر نەبوو، بەڵام هەرشانازی بەم ناوە کوردییەی خۆیەوە دەکرد.
مامۆستا عومەر ساقی، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە دامەزراندنی #یەکێتی نووسەرانی کورد# -لقی #هەولێر# و کاتێک دکتۆر #مارف خەزنەدار# وەک نوێنەری مەڵبەندی گشتی بۆ باسی کردنەوەی لقی هەولێر لە بەغداوە هاتە هەولێر لە ڕێکەوتی (#15-08-1970#ز.) لە پەرتووکخانەی گشتی لەگەڵ پتر لە 15 نووسەری ئەم شارە کۆبوونەوە، کە مامۆستا عومەر ساقی یەکێک بوو لەو ئەدیبانە کە ئەمانە بوون: محەمەد مەولوود مەم و مەلا شەریفی ڕەنگەڕێژانی و کەریم شارەزا و عومەر ساقی و مەدحەت بێخەو و بەدرخان سندی و پیرباڵ مەحمود و عەبدوڵڵا پەشێو و یوسف دەرگەڵەیی و هیی دیکە و لەگەڵ عەبدووڵڵا حەداد و مەحموود زامدار بڕیاردرا داواکارییەک بۆ کردنەوەی لقی یەکێتی نووسەرانی کورد لە هەولێر پێشکەش بکرێت و کە لە (#15-01-1971#ز.)یشدا کۆنفراسی یەکەمی لقەکە بەسترا.
داوا لە مامۆستا عومەر ساقی کرا خۆی بۆ دەستەی بەڕێوبەری لقەکە بپاڵێوێ، کەچی ڕەزامەندی نیشان نەدا و وتی ئەم ئەرکەم پێ هەڵناگیرێ و من لە گۆڕەپان بۆ شاعیر و نووسەرە گەنجەکان چۆڵ دەکەم.
بەڵام بەردەوام لە هەموو کۆڕو سیمینار و کۆنفرانس و کۆنگرەکانی یەکێتی نووسەران بەشداریی دەکرد و پێشنیاری بە کەڵکی پێشکەش دەکرد و هەمێشە پێی لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی و بەرژەوەندی وێژەی کوردی دا دەگرت.
لەبارەی ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکبوونییەوە خۆی دەیوت لە (#22-11-1913#ز.) دا لە دایک بووم، بۆیە لەم مانگەدا یادی لە دایکبوونی دەکەینەوه، کە لە #07-08-1973#ز. دا ئەم مامۆستا و نووسەرە خۆبەختکەرە ڕۆح سووکە کۆچی دوایی کرد، لە گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر بەخاک سپێردار و شاندێکی یەکێتی نووسەرانی کورد لەسەر گۆڕەکەی ئامادەبوون و سەرۆکی لقی هەولێر مامۆستای نەمر عزەدین فەیزی تاجەگوڵینەی نووسەرانی لەسەر گۆڕەکەی دانا و مامۆستا کەریم شارەزای سکرتێری لقی هەولێرەش وتاری یەکێتی نووسەرانی لەسەر گۆڕەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەنرخەکانی کرد.[1]