لە ساڵی 1911دا لە شاری #ئاکرێ# لە دایکبووه، خوێندنی سەرەتایی لە ئاکرێ و ناوەندیی لە مووسڵ و بەغدا تەواوکردووە و لە ساڵی 1931دا لە خانەی مامۆستایانی سەرەتایی لە بەغدا وەرگیراوە و لە ساڵی 1934دا خوێندنی تەواوکردووە و لە #01-10-1934#ەوە تاکوو 15-09-1935 دا لە کۆلیژی سەربازی لە بەغدا وەرگیراوە و دوای ساڵێک و مانگێک دەرچووە و پلەی مولازمی دووەمی پێ دراوە وبۆ ساڵی 1939 کراوە بە مولازمی یەکەم کاتێک کە #پارتی هیوا# لەسەرهەیکەلی کۆمەڵەی دارکەر لە #27-05-1939# دا بە سەرۆکایەتی مامۆستا ڕەفیق دامەزرا، #میرحاج# بووە ئەندامێکی چالاکی ئەو پارتە نەتەوەییەی کورد و پەیوەندیی بە گەلێک کەسایەتی ڕۆشنبیر و ئەفسەری کوردەوە کردووە هێناوینی بۆ ناوڕیزەکانی پارتی هیواوه.
لە ساڵی 1942دا مۆڵەتی فەرمی وەرگرتووە تاکوو بەنهێنی بچێ بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و تاکوو لەسەر ڕاسپاردەی پارتی هیوا پەیوەندی بە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ.ک واتا ژیانەوەی کورد بکات و وابوو پێش 16-09-1942 گەیشتە #مەهاباد# لەگەڵ دەستەیەک لە تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ڕۆژەدا کۆمەڵە ڕامیارییەنەتەوەییەکەی ژ.کیان دامەزراند.
کاتێک کە شۆڕشی (1943-1945)ی #بارزانی#ی بەسەرکردایەتی بارزانی هەڵیگرسا و میری ئێراق کە زانی شەڕ ئەو شۆڕشەی پێ ناکوژێتەوە لە مانگی کانوونی دووەمی 1944دا ئاگربەستی ڕاگەیاند و لەگەڵ بارزانی کەوتە گفتوگۆ و سەرکردەی شۆڕش پێشنیازی کردە دەستەیەک لە ئەفسەرە کوردە دڵسۆزەکان ببنە ئەفسەری پەیوەندیی لەنێوانی سوپای ئێراق و سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و نەقیب مرحاج کرابە ئەفسەری پەیوەندیی لە ئاکرێ و نەقیب #مستەفا خۆشناو# لە بارزان و #عیزەت عەبدولعەزیز# لە (بلێ) تاکوو لە نزیکەوە چاودێری ئاگربەستەکە بکەن.
کە شەڕ لەنێوان بەغدا و شۆڕشگێرانی دەستی پێ کردەوە لە کۆتایی ساڵی 1944دا میرحاج چووە پاڵ شۆڕشگێڕان.
کاتێکیش کە بارزانیی نەمر لە 15-01-1945 دا بۆ ڕزگارکردنی بارزانی مستەفا بەسەرۆک و میرحاج ئەحمەد و #عیزەت عەبدولعەزیز# و #مستەفا خۆشناو# و #خەیروڵڵا عەبدولکەریم# و #محەمەد قودسی# و ئەمین ڕەواندزی و سەید عەزیز شەمزینی و هیی دیکە بە ئەندام هەڵبژێردران.
ئەو ڕێکخراوە ڕامیارە ڕۆڵێکی باشی بینی لە ناساندنی شۆڕشی کورد بە هەموو لایەکی ئێراق و دەرەوەیدا و هەر لەو ساڵەدا میری ئێراق لەسەرچوونە پاڵ شۆڕشی بارزان فەرمانی لەسێدارەدانی پاشملەی میرحاج و ئەفسەرە هاوڕێکانی دا.
کاتێک کە میری بەغدا بەهێزێکی زۆری سیستەمی و ناسیستەمی هێرشی بردە سەرشۆڕشی کورد، بارزانی سەرکرده، کە بینی ناهاوکوفیەکی زۆر لە هێزی شەڕکەر و چەک لەنێوان شۆڕشگێڕانی کورد و میری بەغدا هەیه، بڕیاریدا لە ڕۆژی 11-10-1945 دا خۆی و چەکدارە پێشمەرگەکان و ئەفسەرە شۆڕشگێڕەکان بەخاووخێزانەوە ئاودیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببن و بچنە پاڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی ڕۆژهەڵات و میرحاج یەکێک بوو لەو ئەفسەرە شۆڕشگێڕانەی گەیشتنە مەهاباد و بەشدارییان لە دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان کرد، کە پێشەوا قازیی محەمەد لە ڕۆژی 22-01-1946 دا لە گۆڕپانی چوارچرا لە ئاهەنگێکی گەورەدا ڕایگەیاند.
کاتێکیش کە بارزانیی نەمر ویستی پارتێکی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان لەسەرشێوەی پارتی دیموکرایەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات دابمەزرێنی، لەگەڵ ئەفسەرەکان: میرحاج ئەحمەد و مستەفا خۆشناو و عیزەت عەبدولعەزیز و خەیروڵڵا عەبدولکەریم و محەمەد قودسی بە ئامادەبوونی پارێزەر هەمزە عەبدوڵڵا کۆبووەوە بڕیاریان دا ئەو پارتە دابمەزرێنن و هەمزە عەبدوڵڵا یان ناردەوە باشووری کوردستان بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوە ڕامیارییەکانی شۆڕش و ڕزگاری تاکوو خۆیان هەڵبوەشێننەوە و لەجێی ئەوان پارتی دیموکراتی کوردستان دابمەزرێ و وابوو لە 16-08-1946 دا ئەم پارتە نەتەوەییە دیموکراتییە دامەزراو بارزانی بەسەرۆک و میرحاج بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژدران.
کاتێک کە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە 17-12-1946 ڕووخێنرا میرحاج چارەنووسی خۆی بە بارزانیی نەمرەوە بەستەوە و لەگەڵیدا چوو بۆ یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە 18-07-1947 ەوە تاکوو 16-10-1958 لەو وڵاتەدا مانەوە و لە ڕۆژی 19-01-1948دا کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کۆنگرەیەکیان بەست تاکوو تەکانێک بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بدەن و لەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی مستەفا بە سەرۆکی سەرکردایەتی ڕامیاری بزووتنەوەی کورد و میرحاج ئەحمەدیش بە ئەندام ئەو سەرکردایەتییە هەڵبژێردران.
لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958ی ئێراق. لە ڕۆژی 21-08-1958 دا بارزانی بەیاوەریی میرحاج و ئەسعەد خۆشەوی چوونە ڕۆمانیا لەو وڵاتەوە برووسکەی پیرۆزباییان بۆ سەرکردایەتی شۆڕشی 14ی تەممووز لێداو ڕێگەدران بێنەوە ئێراق و لە هاتنەوەی بارزانی بۆ کۆماری ئێراق دیسان میرحاج و ئەسعەد خۆشەوی یاوەری بوون لە ڕێگەی گەڕانەوەیان لایاندا لای جەمال عەبدولناسری سەرۆکی میسر و ڕێزێکی زۆریان لێنراو بۆ ڕۆژی 06-10-1958 یاسای لێبوردن میرحاجی گرتەوە و سزای لەسێدارەدانی لەسەر لاچوو و لە ڕۆژی 24-03-1959 دا بە پلەی موقەدەم گەڕێنرایەوە سوپا بەڵام لەپاش کوودەتا شوومەکەی 8ی شوباتی 1963 گیراو خانەنشین کراو لەبەر باری تەندرووستی ناهەمواری پێی نەکرا بچێتە پاڵ شۆڕشی ئەیلوول بەڵام تا دوا هەناسەی ژیانی هەر دڵسۆزی ڕێبازی پارتی و بارزانی بوو تاکوو لە ڕۆژی 09-11-1988 دا لە بەغدا کۆچی دواییکرد و بۆ ڕۆژی 13-11-1988 دا تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ شاری ئاکرێ و لەوێش بەخاک سپێرا.[1]