ڕەفیق محەمەد ساڵح
لە ساڵی (1898ز.) دا لە شاری #کەرکووک# لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کەرکووک و #سلێمانی# و ئامادەیی لە بەغداد و پەیمانگای ئەندازەی لە ئەستەمبوڵ تەواوکردووە و لە ساڵی (1920ز.) دا گەڕاوەتەوە کوردستان و بووەتە مامۆستایەکی پسپۆڕی ئەندازەو بیرکاری، لە ماوەی خوێندنی لە ئەستەمبوڵ فێری زمانی تورکی و فەڕەنسی بووە جگەلە کوردی کە زمانی زگماکی خۆی بووه. کە #شێخ مەحمودی حەفید# بۆ جاری دووەم لە مانگی تشرینی یەکەمی (1922ز.) کابینەیەکی تازەی داناوە، ناوی خۆی نا مەلیکی کوردستان، مامۆستا ڕەفیق حیلمی کردە ڕاوێژکاری ڕامیاری خۆی و ئەم ناودارە گەلێک وتاری ڕامیاری لە رۆژنامەی (#ڕۆژی کوردستان#) زمانی میری مەلیک مەحمود نووسی. کاتێک کە میری کوردستانی باشوور بە پیلانی بەریتانیا و بە زەبری هێزی چەکداری لەناوبرا، مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەو ناوچەیە دوور خرایەوەو کرا بە مامۆستای بیرکاری، بەڵام دەستی لەکوردایەتی هەڵنەگرت و پتر لەسەر گەیشنی کورد بەمافی چارەنووسی خۆی هەوڵیدا بووە یەکێک لەڕێکخەرانی شەڕەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی و لە ساڵی (1930ز.) و ماوەیەک لەسەر ئەم خەباتەی گیرا. کاتێک دەستەیەک لە قوتابییان و لاوانی کوردی #هەولێر#و سلێمانی و کەرکووک و کۆیە و #کفری# ڕێکخراوێکی ڕامیاریان بەناوی کۆمەڵەی (دارکەر) دامەزراند و ئامانجیان ڕزگارکردنی کوردستان بوو، بەڵام نەبووە ئەو پارتە جەماوەرییە تاکوو لە ساڵی (1939ز.) مامۆستا ڕەفیق حیلمی نەکرا بە سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە، ناوەکەشی لەسەر داخوازی ئەو سەرۆکە کرا بە # (پارتی هیوا# ). بە هەوڵ و کۆششی بێوچانی ئەم سەرکردە نەتەوەییە لێهاتووه، زۆر لە ئەفسەری کوردپەروەر و کاسبکار و ڕووناکبیر بوونە ئەندامی کارای ئەم ڕێکخراوە ڕامیارییەی کوردستان تا گەیشتە ڕادەیەکی وا بەهەوڵ و هیمەتی ئەو پارتە (#مەلا مستەفای بارزانی#)ی دەست بەسەر لە سلێمانی، دەرباز کرا بۆ ناو خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لەوەێوەش لە بەرواری (#28-07-1943#ز.) گەیشتەوە خاکی بارزان بۆ خۆکۆکردنەوە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی (1943-1945ز.)ی بارزان. ئەو پارتەی هیوا تا کۆتایی ساڵی (1943ز.) و نیوەی یەکەمی (1944ز.) بەهێزترین کۆمەڵەی ڕامیاری کورد بوو، یارمەتییەکی باشی شۆڕشی ڕزگاریخوازی بارزانی دا، لەجێی پارتی هیوا دوو ڕێکخراوی ڕامیاری کورد درووستبوون و پەرەیان سەند، ئەوانیش (پارتی شۆڕش) و (پارتی ڕزگاری) بوون و لە بەرواری (16-08-1946ز.) لە شوێنی هەردوو ڕێکخراوە ڕامیارییەکە (#پارتی دیموکراتی کوردستان#) درووست بوو، مامۆستا (ڕەفیق حیلمی)ش وەک ناودارێکی ڕامیاریی گەورەی کورد مایەوە تاکوو لە (#04-08-1960#ز.) کۆچی دوایی کرد. مامۆستا ڕەفیق حیلمی لەگەڵ ئەوەی ناودارێکی ڕامیاری گەورە بوو، لە هەمان کاتیشدا شاعیر و مێژوونووس و وەرگێڕ و ڕەخنەگری لێهاتووی وێژەی کوردیش بوو، لە ماوەی ژیانیدا ئەم بەرهەمانەی داناوە و بەچاپی گەیاندوون:
-کورد لە بەرەبەیانی مێژوەوەتا (1920ز.) بە زمانی عەرەبی.
-خولاسەی مەسەلەی کورد (لە فەڕەنسیەوه) کردوویەتی بە کوردی.
-شیعر و ئەدەبیاتی کوردی -بەرگی یەکەم، لە(1941ز.) و بەرگی دووەمیش لە (1956ز.) دا بەچاپ گەیاند.
-یاداشت (باشووری کوردستان و شۆڕشەکانی شێخ مەحمود) شەش بەرگەو هەموویان چاپکراون.
-دیوانێکی هۆنراوەی بەناوی پاش تەمووز.[1]