لە ڕاگەیاندراوەکەی #پەژاک# سەبارەت بە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، هاتووە: ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، خەباتی دیموکراسییان و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان و ئازادییە.
ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سەبارەت بە شەڕی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەدا، پەژاک سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر یەکدەنگی هێزە کوردییەکان و دەرچوون لە دیدگای دەسەڵاتی پارتی بەرەو گەڕانەوە بۆ خەڵک لە ئانووساتێکی وادا ڕایگەیاندووە: ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، خەباتی دیموکراسییان و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان و ئازادییە. بێگومان بۆ بەئەنجام گەیاندنی شۆڕشی دیموکراسی گەلەکەمان، نیاز بە لێکنزیکبوونەوە و هاوکاریی هەموو هێزە ئازادیخوازەکان و دیموکراسییەکان، تێکۆشەرانی گەلان و ژنان و هەموو شوناسەکانە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پەژاک بەم شێوەیەیە:
بۆ ڕای گشتیی
لە دوێنێوە 13ی حوزەیرانی 2025 ئیسرائیل هێرشی قورسی بۆ سەر ناوەندە ئەتۆمی، سەربازی و فەرماندەییەکانی ئێران دەستپێکردووە، بەتایبەتیی بۆ سەر ناوەند و کەسایەتییەکانی سەربە سوپای پاسدارانن. هێرشە پێچەوانەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاستێکدا نییە بتوانێت ڕۆڵی بەربەست لە بەرانبەر گورزە کوشندەکانی ئیسرائیلدا بێت. ئەم شەڕە کۆتا گورزی سیستەمی دەسەڵاتی جیهانییە دژی دەسەڵاتی ئێران و بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بەتەواوی مەترسی و کاریگەرییە ئەگەرییەکانی ڕژێمەکە کۆتایی پێدێت. بێگومان ئەمە پڕۆسەیەکی کورتخایەن نییە و بەشێکی سەرەکییە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، کە دەرئەنجامی سیاسەتەکانی سێدارە، سەرکوتکردن، هەڵاواردن، گەندەڵی و ڕووتاندنەوە، بێهیوایی و ڕق و کینەی کۆمەڵگە و خەڵکی ئێرانە بۆ ئەو سیستمە کە ئەوانی ناچار بە دژایەتیکردنێکی تەواو ڕادیکاڵ و ڕەتکردنەوەی ڕژێمەکە کردووە.
دەربڕینی خۆشحاڵی گەلی ئێران بۆ لاوازبوونی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی ئێرانی هەموو هیواکانیان لەسەر ئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە هەڵچنیوە. ئەم شەڕە شەڕی دەسەڵات و ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانە نەک شەڕی ڕزگاریخوازی بۆ کۆمەڵگە و گەلان. ئەم جەنگە ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندییە ناکۆکەکانی هێزەکانە نەک شەڕی ئازادی کۆمەڵگە و نەتەوەکان. ئەم جەنگە لە ئەنجامی سیاسەتی شەڕانگێزی و فراوانخوازانەی کۆماری ئیسلامی سەریهەڵدا، بەبێ گوێدانە ئازارەکانی گەلی ئێران. باجی شەڕخوازی فەرمانڕەواکانی کۆماری ئیسلامی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە لە قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوورییدا تێوەگلاون ژمارەی زۆری قوربانیانی مەدەنی بەتایبەتیی ژن و منداڵ لە ئێران و ئیسرائیل لەو هێرشانەدا ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ژیانی خەڵک لە ڕوانگەی حکومەتەوە بایەخی پێنادرێت. گەلان و کۆمەڵگەکانی ئێران ناچار نین بە دوو بژاردەی شەڕ و قبووڵکردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆری.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان وێڕای دژایەتی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی ئێراندا، جەخت لەسەر خەباتی دیموکراتیکی ئەو گەلانە دەکاتەوە. ئەوەی ئازادی دەخاتە ئاسۆی داهاتووی گەلی ئێرانەوە، خەباتی دیموکراتیک و شۆڕشی ناوازەی ژن، ژیان، ئازادییە. بێگومان بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی دیموکراسیی گەلەکەمان یەکگرتن و هاوکاری سەرجەم تاکە ئازادیخوازەکان، هێزە دیموکراتییەکان، تێکۆشەرانی گەلان و ژنان و ناسنامەکان پێویستە. زۆر گرنگە هاوکاری حزبە کوردییەکان و گواستنەوە لەچەمکی حوکمڕانی حیزبییەوە بۆ بەڕێوەبردنی جەماوەری کوردستان، بەئەرکێکی مێژوویی دەزانین لەم قۆناغە هەستیار و یەکلاکەرەوەیەدا، ئێمە داوای هاوکاری هەموو هێز و پارت و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکەین بە سەرکردایەتی ژنانی ئێران بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و لەم ڕووەشەوە ئامادەیی خۆمان بۆ ئەم دەستپێکردنە ڕادەگەیەنین.
ئێمە پێمانوایە گواستنەوە بۆ کۆماری دیموکراتی ئێران لە ئەنجامی گۆڕانی تێڕوانین و دوورکەوتنەوە لە دەسەڵاتخوازی و ناسیۆنالیزم و پیاوسالاریی و ناوەندی دەگونجێت و تاکە بژاردەیە بۆ ئاییندەیەکی سەقامگیر و دیموکراسی بۆ وڵاتی ئێران. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە بەرگریکردن لە گەلەکەمان و گەلانی دیکەی ئێران لە بەرانبەر هەر جۆرە سەرکوتکردن و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بە ئەرکی خۆمان دەزانێن و لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا بەرگری لە ماف و بوونی خۆمان دەکەین.
داوا لە سەرجەم گەلانی ئێران و بەتایبەتیی گەلی کوردستان دەکەین کە خۆیان لە شێوەی ڕێکخراوی جەماوەری دیموکراتیکیدا ڕێکبخەن و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی جەنگ لەسەر یەکتر کەم بکەنەوە و هاوپشتی تەواویان هەبێت. پێکهێنانی گرووپی پشتیوانی بۆ قوربانیانی جەنگ، کۆمیتەی خۆجێی بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووان، کۆمیتەی هاوکاری دارایی، هەروەها بە دامەزراندنی ئیدارەی خۆجێی و دوورخستنەوەی بەکرێگیراوانی دەوڵەت لە کاریگەریی لەسەر خەڵک دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی خۆبەڕێوەبردن و دیموکراسی. لەم ڕووەشەوە داوا لە سەرجەم وڵاتپارێزان، ئازادیخوازان و ئەندامانی پارتەکەمان دەکەین هاوکاری بکەن. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=