ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژ نەبووی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 38 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجامدا.
ئەنفال یەکێک بوو لەو زنجیرە پلانە دڕندانانەی دوژمنانی گەلەکەمان بۆ قڕکردنی نەژاد و ناسنامەی بوون و سڕینەوەی مۆرکی نەتەوەیی کورد لەسەر خاک و زێدی ڕەسەنی خۆی.
ڕژێمی #بەعس#ی ڕووخاو کە دارێژەر و جێبەجێکاری بەرنامەی جینۆسایدی دژی گەلی کوردستان بوو، جگە لە وێرانکردنی دێهاتەکان و ئەنفالکردنی خەڵکەکەى و کۆکردنەوەی هاووڵاتیان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا، دەستیشی برد بۆ پاکتاوی جەستەیی گەلەکەمان، کەلتور و زمان و ژینگە و سروشتی کوردستانیشی جینۆسایدکرد، بەو ئامانجەی جارێکیتر خاک ئاو و هەوای کوردستان جێگەیەکی شیاو نەبێت بۆ ژیان.
دوابەدوای ئەو شاڵاوە دڕندانانە و لە ئازاری ساڵی 1991 خەڵکی کوردستان، بەسەرجەم چین و توێژەکانەوە ڕاپەڕین و لە چەند رۆژێکدا تەواوی شارو شارۆچکەکانی کوردستانیان لە بەعس پاککردەوە و بۆ هەتاهەتایە کۆتاییان بە زوڵم و ستەمی چەندین ساڵەی ئەو رژێمە هێنا کە ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید و سەدان تاوانی تری دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدابوو.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وەک ئەرکێکی سەرەکی بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ زیاتر ناساندنی کەیسە جیاوازەکانی ئەنفال وەک جینۆساید، کە دەرهەق بە گەل و خاک و ژینگەی کوردستان ئەنجام دراوە، ئامانجی وەزارەتمان ئەوەیە کە ئەم تاوانانە لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکان زیاتر بناسێنرێت.
هەر بۆیە جارێکی تریش جەخت لەسەر داواکاری ڕەوای خەڵکی کوردستان و کەسوکارى قوربانیان دەکەینەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ئەوەی پرسی قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتوانی دەستی ڕژێمی پێشوو جێ بەجێ بکات و لە چوارچێوەی ماددەی (132)ی دەستووری عێراقدا بە ئەرکی یاسایی و دەستووریەی خۆی هەستێت و لە هەمان کاتدا گەرەنتی ئەوە بدات کە ئەمجۆرە کۆمەڵکۆژیانە لە عێراقی نوێدا هەرگیز دووبارە نەبنەوە.
نەمریی بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
سەربەرزی بۆ خانەوادە کانیان. [1]
#وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان#
#14-04-2026#
=KTML_Bold=⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە وەکوو خۆی ئەرشیڤ کراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=