نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجەیە و کوێستان ئەکرەم سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەیە، پ.ی.د.مهاباد کامل وەک سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە.
سەبارەتی بەتواناکانی ژنان و ڕۆڵیان لەراپەراندنی ئەرکەکانیان لەدامەزراوە حکومییەکاندا، نوخشە ناسیح قایمقامی هەڵەبجە وتی: بێگومان ڕابردووی هەڵەبجە و باگراوندی پێشووی دەریدەخات هەر لە کۆنەوە گرنگی بە تواناکانی ژنان و بەشداریکردنیان لەکایەکاندا دراوەو ژنان ڕۆڵی خۆیان بینیوە.
هەروەها هۆکارێکی دیکە کە زۆر گرنگە ئەوەیە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لەوەی، کە ژن بتوانێت ڕۆڵ ببینێت لەکایەکاندا و دەرگای بۆ کردوونەتەوە، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە و هیوادارین پارێزگاکانی دیکەش هاوشێوەی هەڵەبجە زیاتر ژن لەکایەکانی حکومەتدا بەکاربهێنن.
قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانیش ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە کە کارەکانیان بەباشی بەرێدەکەن، بێگومان هەموو پۆستێکیش بەشی خۆی ڕێگری دێتە بەردەمت بەڵام خۆشبەختانە توانیومان تێیبپەڕێنین و بەدەر لەو 3 پۆستە باڵایەش کە هەیە، سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ و دوو دادوەر لەهەڵەبجەدا ژنن.
نوخشە ناسیح وتیشی: پیرۆزبایی لە پ.ی.د.مهاباد کامل دەکەم کە وەک سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و هیوادارم سەرکەوتوو بێت لەکارەکانیدا و من وەک قایمقام هەمیشە پشتگیریم لەژنان کردووە.
هەر سەبارەت بە ڕۆڵی ژنان لەبەڕێوەبردندا کوێستان ئەکرەم وتی: بەخۆشحاڵییەوە لە پارێزگای هەڵەبجە ژنان لەبەڕێوەبردنی کایەکانی حکومەتدا پشکی شێریان بەرکەوتووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ حزبی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لەناوچەکەدا زۆرترین دەنگەکانی بەدەستهێناوەو بەوپێیەش پشکی زۆرتری بۆ پێدانی پۆستەکان بەردەکەوێت.
کوێستان دەڵێت: یەکێتی لەبەرنامە و پەیڕە و پرۆگرامی خۆیدا لەهەموو کاتێکدا هەوڵ و ڕۆڵی ژنی بەپێشەنگ داناوە ئەمەش بەهۆی ڕۆڵ و پێگە و توانای هەڤاڵی کۆچکردوو (مام جەلال)ەوەیە، کە هەموو کاتێک پشتگیری تواناکانمانی کردووە و وتوویەتی ماف دەسێنرێت و نابەخشرێت هەربۆیە ژنانیش هەوڵیانداوە لەهەر بوارێکدا بێت تواناکانی خۆیان بەدەستبهێنن.
کوێستان ئەکرەم ڕایگەیاند: پێویستە نەک هەر یەکێتی، بەڵکو سەرجەم حزبەکان ڕۆڵی ژن بەهەند وەربگرن، ئەگەر ژن نەیەتە کایەکانەوە بۆ کارکردن و بەتەنها بەدروشم پشتگیری بکرێن کەواتە وەلانراون، هەروەها دواتر ڕۆڵی ژنەکە دەیسەلمێنێت کە ئەو ژنە توانای هەیە یاخود، بەبڕوای من شتێک نییە جیاوازی ژن و پیاو دەربخات و هەردوولا مرۆڤن.
وتیشی: لەهەموو کارێکدا ڕووبەروی گرفت و کێشە دەبێتەوە، خۆشبەختانە ئێمە توانیومانە بەئاسانی ئەو گرفتانە تێبپەڕێنین و توانکانی خۆمان بسەلمێنین.
سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، لێرەوە پیرۆزبایی لە پ.ی.د.مهاباد کامل دەکەم هیوادارم سەرکەوتوو بێت و ئێمە وەک ژنان پێویستە پشتگیری یەکتر بکەین و هاوکاری یەکتر بین، داواش لەسەرجەم حزبەکانی تر دەکەم کە هەوڵبدەن زیاتر ژنان بەشداری پێبکەن لەسەرجەم کایەکاندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی هەڵەبجە، دەبینین پێشتریش ژنان حوکمرانییان کردووە و ڕۆڵی کاریگەریان لەناوچەکەدا بینیوە، نمونەش (عادیلە خانم)ە کە حاکمی هەڵەبجە و کەرتی ئیداری ناوچەکە بووە، بەپێی گێڕانەوەکانیش لەهەڵەبجەدا مەجلیس هەبووە و ژنان تێیدا ئەندام بوون و ڕاو بۆچوونی خۆیان هەبووە.
ئەو مێژووەش ڕەنگدانەوەی خۆی لەسەر هەڵەبجە هەیە و تا ئێستاش لە پارێزگاکەدا ژنان توانکانی خۆیان نیشان دەدەن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانییان دەدەن.[1]