ناونیشانی بابەت: ئاڵای #میرنشینی سۆران#؛ هێمایەک بۆ پرسە و مەرگ و دروشمێک بۆ ئاشتی و ئارامی
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
وەک سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، یەکەم ئاڵای فەڕمیی میرنشینی سۆران، لەنێوان ساڵانی (1816- 1835) ڕەنگی ڕەش و سپی بووە، ڕەنگی ڕەش هێمای پرسە و خەمباری و مەرگ، ڕەنگی سپی هێمایەک بۆ ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاگربەست.
یاسین برایم #ڕواندز#ی، نووسەر و لێکۆڵەری مێژوویی، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوەکانم، لە سەردەمی میرنشینی سۆران، بەتایبەتی لە کاتی فەرمانڕەواییکردنی میر محەمەد پاشای گەورەی ڕواندز، ئاڵای تایبەتی بە میرنشینەکەی هەبووە، کە دوو ڕەنگی لەخۆ گرتبووە، ئەویش ڕەش و سپی بووە. ڕەنگدانەوەی ئایینی بەسەر ئاڵاکەوە هەیە، ئەو فەرمانڕەوایە لەسەر دەستی زانای گەورە ئیبنو ئادەم خوێندوویەتی و خۆیشی شارەزاییەکی باشی لە شەریعەت و ئاییندا هەبووە، لە حوکمکردنیشدا زۆربەی بناما شەرعییەکانی ئیسلامی پەیڕەو کردووە، ڕێزی زۆریشی لە زانا و مەلا و پیاوانی ئایینی گرتووە و زۆر جاریش خەڵاتی کردوون.
وتیشی: هەروەک دەبینین لەسەر تۆپەکانی #وەستا ڕەجەب#، ئایەتی قورئان هەیە، ڕەنگە بەکارهێنانی ئەم دوو ڕەنگەی ئاڵای میرنشینی سۆران بنامایەکی ئایینی هەبووبێت، ئەمەش مانای ئاشتی و شەڕ، یان خێر و شەڕ دەگەیەنێت، واتە شەڕکردن لەپێناو دابینکردنی ئاشتی و ئارامی. ئەمە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە، کە بۆچی ئەمە دوو ڕەنگەی بۆ ئاڵای میرنشینەکەی هەڵبژاردووە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەوانەیە لەنێو هۆز و گەل و نەتەوەکان ئەم دوو ڕەنگەی ئاڵای میرنشینی سۆران بە مانا و شێوازی دیکە گوزارشتیان لێ بکرێت.“
ئاماژەی بەوەش کرد: جێگای شانازییە، کە بەر لە زیاتر لە دوو سەدە بۆ بەرگریکردن لە میرنشینەکەی، ئەو مرۆڤە ئاڵای تایبەت بە میرنشینەکەی بەرز کردووەتەوە و لە شەڕەکان بەکاریان هێناوە و تا ئێستاش ناوی بەزیندوویی ماوەتەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، میرنشینی سۆران لە سەرەتاکانی سەدەی پازدەیەمی زایینییەوە لەلایەن میر عیسا کەلۆس، لە ناوچەی ڕواندز دامەزراوە، لەم میرنشینەدا نزیکەی 24 میر فەرمانڕەواییان کردووە، کە لەوانە یەکێکیان ئافرەت بووە، بە ناوی (خانزاد). ئەم میرنشینە بەهۆی بارودۆخی جیاجیا و سەربازییەوە، چەند پایتەختێکی لە کاتی جیاجیادا هەبووە، وەک (#هاودیان#، #دوین#، #هەولێر#، #شەقڵاوە#، #هەریر#، #خەلیفان#، بۆ دوواجار شاری ڕواندز دوا پایتەختی ئەم میرنشینە بووە).
لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی ئەم میرنشینە، میر (محەمەد کوڕی مستەفا بەگ) بووە، کە ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەری هەبووە، بە میری گەورەی ڕواندز، یاخود بە پاشای گەورە، هەروەها بە #پاشای کۆرە# ناسراوە، کە لە ساڵی (1826ز) بووە بە میری میرنشینی سۆران و پایتەختەکەی ڕواندز بووە، کە تا سەردەمی ئەو میرە، پاشای وا بەهێزی بەخۆیەوە نەدیوە.[1]