کورتەیەک لە ژیانی (عادل شاسواری)
ناوی تەواو: عادل حەمە عارف موئمن
ناسراوە بە: عادل شاسواری
لە ساڵی 1970 لەدایک بووە.
نزیکەی (30) ساڵە لەبوارەکانی (میدیای بینراو و بیستراو و خوێنراو) بابەت و لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەدەبی و فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەنووسیی بڵاودەکاتەوە.
سەرەتا لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی (هاوکاری و ئاسۆ و ڕەنگین) دا شیعر و بابەتی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە، پاش ڕاپەرینیش لە (کوردستانی نوێ و کوردستان ڕاپۆرت، برایەتی و ئاڵای ئازادی و یەکگرتوو، ڕامان و بڕیار و پەیامی ڕاستی و ئاییندە و نمانا و تەوار و کۆچ و....هتد) نزیکەی 300 بابەتی ئەدەبی و فیکریی و ڕۆشنبیریی و ڕۆژنامەنووسیی بڵاوکردووەتەوە.
لەمیدیای بینراو و بیستراویشدا 3700 سێ هەزار و حەوت سەد ئەڵقە بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی ئامادە و پێشکەش کردووە وەک: (پریاسکە و کارێزی پشوو، مێرگی دڵان، لێمان دەپرسن، دنیای هونەر، مایکی ئازاد، پرسی نەوا و...) لەگەڵا چەندین کار و چالاکی و ڕیپۆرتاژ و چاوپێکەوتن و دیمانەی سازکردووە یان لەگەڵیدا سازکراوە، لە کەناڵە جیاوازەکاندا.
لەبواری کتێبیشدا تائێستا (35) کتێبی چاپکراوی هەیە، لە نووسین و ئامادەکردن و وەرگێڕاندا، وەک:
رۆڵی گۆڤاری منداڵان لە پرۆسەی پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیدا،
کاریگەری سەتەلایت لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان،
هونەری کاریکاتێر،
کۆمۆنیکەیشن لەسەر ئاستی دووەم،
سۆمای دیدە،
پلان بۆ 500ساڵی دواتر،
ملیاردێر،
گەنج و خۆشەویستی،
نهێنی خۆشبەختی،
ئەرکەکانی ڕاگەیاندن،
راگەیاندنی تایبەتمەند،
بەکۆمەڵایەتیبوون،
هونەری وتاربێژی،
مافی ژیانی تایبەت لە ئیسلامدا،
بەکارهێنانی پرەنسیپەکانی نەخشەسازی لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا،
بەکارهێنانی بەرنامەی ئەدۆبی ئیندیزاین بۆ نەخشەسازی،
بەکارهێنانی بەرنامەی ئەدۆبی فۆتۆشۆپ لەنەخشەسازیدا،
هەواڵ و سەرچاوەکانی،
دەزگا چاپەمەنیەکانی شاری سلێمانی بە هاوبەشی... هتد)،
هەروەها لەبواری شیعردا (تیرۆز، کوردستان وڵاتی مان و نەمان، دیوانی شاسواری) بڵاوکردووەتەوە.
تائێستا بەشداری کردووە لە زیاتر لە 50 کۆڕ و وۆرکشۆپ و سیمینارو ڤیستیڤاڵدا بەتایبەت لەبوارە پەیوەندیدارەکان بە کێشەکانی گەنج و میدیا وە.
ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و ئەندامی (رۆژنامەنوسانی نێو دەوڵەتی) ە.
تا ئێستا چەند بڕوانامەیەکی بەدەستهێناوە:
دبلۆم لە گەشەپێدانی مرۆیی.
بەکالۆریۆس لە ڕاگەیاندن.
دبلۆمی باڵا لە زمانی کوردی.
ماستەر لە ڕاگەیاندن / ڕۆژنامەدا.
ئێستاش مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی.