ناونیشانی بابەت: درامای (باڵەخانه) له مانگی ڕەمەزان دەبێتە میوانی ماڵەکان
ئامادەکردنی: #یادگار چاوشین#
#دڵشاد حوسێن#، هونەرمەندی بواری شانۆ و دراما و دەرهێنەری درامای باڵەخانه، دوایین کارەکان و بەرهەمهێنانی زنجیرەدرامای باڵەخانە لەم دیدارەدا به (باسکورد)ی ڕاگەیاند و گوتی: ”درامای باڵەخانە ئامادەیە بۆ پەخشکردن. “
باسکورد: دەکرێ بزانین ناوەرۆکی ئەم درامایە باس لەچ دەکات؟
دڵشاد حوسێن: ناوەڕۆکی ئەم درامایە باس لە ڕەگی چینایەتی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و یاسایی دەکات، بەتایبەتی لە کێشەی چینایەتی و سەردەمی مۆدێرنی ئەم کۆمەڵگایەی ئێستا.
(باسکورد): بۆچی ناوی باڵەخانەت کردووە بە بەرگی دراماکەوە؟
دڵشاد حوسێن: مەبەست لە هەڵبژاردنی ناوی باڵەخانە بۆ دراماکە ئەوەیە، باس له و باڵەخانە مۆدێرنانەی ئێستا دەکات، کە دروست دەکرێن، لەگەڵ ئه و باڵەخانە کۆنانەی، کە ماون، هەموویان پڕن لە چیرۆکی چینایەتی، بەشەکەی دیکەیش پڕن لە خۆشەویستی.
(باسکورد): لەنێو ئەم کارە هونەرییەدا چەند و کام کارەکتەر ڕۆڵ دەبینن؟
دڵشاد حوسێن: ئه و ئەکتەرانەی له زنجیرەدرامای باڵەخانە ڕۆڵ دەبینن دوو بەشن، بەشێکیان ئەکتەرە بەئەزموون و بەناوبانگەکانی کوردستانن، بەشەکەی دیکەیش چەند ئەکتەرێکی گەنجن، که تازە دەردەکەون.
(باسکورد): دەگوترێت درامای باڵەخانه بە سێ وەرز تەواو دەبێت، بزانین هەر وەرزێکی چەند ئەڵقەیە؟
دڵشاد حوسێن: زۆر ڕاستە، دراماکە بە سێ وەرز کۆتایی دێت، نزیکەی دوازده ئەڵقەیه، بەپێی چیرۆکەکە، ئەڵقەکان لە کوێ دەبنە خاڵی کۆتا وەرز، لە هەمان شوێنەوە وەرزەکانی دیکە دەست پێ دەکەنەوە.
(باسکورد): کێن ئەوانەی لەپشت کامێراوە کار دەکەن؟
دڵشاد حوسێن: ئەوانەی لەپشت کامێراوە کار دەکەن، هەموویان کۆمەڵێ گەنجی بەتوانا و بەئەزموونی #هەرێمی کوردستان#ن، واتە ستافی کارکردن لەم درامایە ئه و لاوانەن، کە ئێمە پشتمان پێ بەستوون و خەڵکی هەرێمەکەی خۆمانن.
(باسکورد): لۆکەیشنی کاری دراماکە کوێیە؟
دڵشاد حوسێن: شوێنی لۆکەیشن هەمووی لە شاری #سلێمانی# و دەوروبەرەکەیەتی.
درامای باڵەخانە لە شەوانی مانگی رەمەزان لەسەر شاشەی (کوردسات) پەخش دەکرێت و دەبێتە میوانی ماڵەکان. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!