گوندێکە، دەکەوێتە شارەدێی ناوەندی شارۆچکەی #خورماڵ# لە پارێزگای #هەڵەبجە#، #باشووری کوردستان#. [1]
ئاویی ڕۆستەم بەگ یەکێکە لە گوندەجوان و دڵڕفێنەکانی کوردستان، دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی خورماڵ لە پارێزگای ھەڵەبجە، بەدووری یەک کیلۆمەتر، سنووری جیاکەرەوەی ھەورامان و شارەزوورە.
ئاوایی ڕۆستەم بەگ لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە دا لەلایەن کوڕانی یار ئەحمەد بەگ (عەباس بەگ و ڕۆستەم بەگ)ەوە ئاوەدان کراوەتەوە، بەھۆی دڵاواییانەوە، لەم گوندەدا تەنیا بەگزادەکان خۆیان نەبوون چەندین خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری پەنایان ھێناوەتە ئەم گوندە و تیایدا پێکەوە ژیاون.
ئەم گوندە چەندین جار تووشی سووتاندن وێران بوون ھاتووە لە مێژوودا.
ساڵی 1921 لەیەن ئینگلیزەوە، دەسووتێنرێت لەشەڕێکی نابەرانبەردا ھەر چەندە ھێزەکان ناھاوسەنگ بوون، بەڵام تووانیان یازدە سەربازی ئینگلیز و کاپیتانێک بکوژن بەناوی کاپتن (فیتزگیبۆن). دواتر بە سووپایەکی گە ورەتر و هاوکاری هێزی هەوایی. ئابلوقەی گوندەکە دەدەن و دەیسووتینن بەگزادەکانیش دەکشێنەوە بۆ #زەڵم# و #دەرەشیش#، بەڵام دواتر پاش دانیشتن و ڕێکەوتن لەگەڵ ئینگلیز جارێکی تر گوندەکە ئاوەدان دەکرێتەوە لەلایەن عەباس بەگەوە، بۆیە ئێستا لەتۆماری وێنەی (نفوس)دا بەئاوایی عەباس بەگ دەنووسرێت.
ئەم گوندە بەھۆی بوونی جۆگەی دەڵێنەوە خاوەنی زەوی کشتوکاڵی بەپیتە لە کەرتی بیست و ھەشتی دەڵێن.
گوندی ئاوایی ڕۆستەم بەگ لە ئێستادا ھەشتا و سێ ماڵی تێدایە و دانیشتووانەکەی بەکشتوکاڵ و ئاژەڵداریەوە سەرقاڵن، ئەم گوندە لە دامێنی چیای دەرە سوڵاندایەو لەڕووی جوگرافیەوە بەسنووری جیاکەرەوەی ھەورامان و شارەزوور دادەنرێت.