ڕۆژنیوز، هاوکار مستەفا
هاوشێوەی زۆرێک لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان، شارەدێی #خورماڵ#ی سەربە پارێزگای #هەڵەبجە#ش، خاوەنی #قەڵا#یەکە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کە لە ڕووی ئابووری سیاسییەوە گرنگی خۆی هەبووە لە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا، بەڵام لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە فەرامۆش کراوە.
قەڵای خورماڵ کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شارەدێی خورماڵ مێژووی درووستکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی #ساسانییەکان# و بە پێی ئەوەی لەو سەردەمە کەوتووەتە سەر سنووری #عوسمانییەکان# و #سەفەوییەکان#، ڕۆڵی هەبووە لە یەکلایی کردنەوەی زۆرێک لە شەڕە مێژووییەکانی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەریی بینیوە، بەڵام لە ئێستادا خەریکە بەتەواوەتی بەرەو لەناوچوون دەچێت.
شوان محەمەد، پسپۆڕی بواری شوێنەوارناسیی بە ڕۆژنیوزی وت: بەڵگەی مێژوویی و شوێنەواریی گرنگمان لەبەردەستدا هەن دەیسەلمێنن کە مێژووی قەڵای خورماڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانی ساسانییەکان، هاوکات شێوازی درووستکردنی دیواری قەڵاکەش لەگەڵ ئەو سەردەمەدا زۆر لەیەکەوە نزیکن، بۆیە لە ساڵانی 631 تا 651ی پ. ز ساسانییەکان بە دیارییکراویش لە سەردەمی حوکمڕانی (#یەزەگورد#)ی کۆتا پاشای ساسانییەکان لەم ناوچەیە حوکمڕان بوون و سوودیان لەو قەڵایە وەرگرتووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، قەڵای خورماڵ لە ڕووی مێژوویی و شوێنەواریی و سیاسیی و ئابوورییەوە، لە سەردەمە جیاوازەکانی حوکمڕانی میرنشینە کوردییەکان و سەردەمی عوسمانییەکاندا ڕۆڵێکی زۆر گەورە و گرنگی هەبووە، بەڵام بەداخەوە دەبینین حکومەتی هەرێم هیچ ئاوڕێکی لێ نەداوەتەوە، وەک جێگایەکی شوێنەوارییش تۆمار نەکراوە و تەنانەت هەندێک جاریش هەوڵدراوە کە ئەم شوێنەوارە مێژوییە لەناو ببرێت.
ئەو شوێنەوارناسە ئەوەشی وت: ئەوەی ئەرکی ئێمەیە، کارکردنە لەسەر ڕوونکردنەوەی مێژووی ئەم شوێنە گرنگ و شوێنەوارییانە و پێشکەشکردنی بە لایەنی پەیوەندیدار و جوڵاندنی شەقامە، بۆ ئەوەی لە مەترسی لەناوچون بپارێزرێن، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە لە ڕێگەی دابینکردنی بودجەیەکی زۆر کەمیشەوە بۆ ئەم قەڵایە، دەتوانێت بیکاتە شوێنێکی گەشتیاری لە ڕێگەیەوە داهاتێک دەستبخات و بەو داهاتە کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ بکات، ئەمەش وای کردووە خەریکە قەڵاکە هیچ شوێنەوارێکی مێژوویی و شوێنەواریی تیادا نەمێنێت.
ئیبراهیم حاجی زەڵمی، مێژووناس، بە نیگەرانییەوە باسی لە ڕۆڵی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە چۆن قەڵایەکی گرنگی مێژوویی و شوێنەواریی گرنگ لە ناوچەی #هەورامان# و شارەزوور فەرامۆش دەکات و لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی وت: گومانم لەوەدا نییە کە ئەم قەڵای خورماڵە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە، زۆر گرنگیی پێدەدرا و دەکرایە شوێنێکی مێژوویی و شوێنەواریی و لە سەرجەم وڵاتانی جیهان گەشتیاری بۆ ڕادەکێشرا، بەڵام دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو پاشماوەیەی کە قەڵاکە ماویەتی شپرزە دەکرێت و هاوکات بە هۆی نەبوونی ڕۆشنبیرییەکی شوێنەوارییش لە لایەن هاووڵاتییانی ناوچەکەوە بەتەواوەتی بەرەو لەناوچوون چووە.
ئەوەشی خستە ڕوو: ئەگەر ئەم فەرامۆشکردنە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە چەند ساڵی داهاتوودا لە واقیعدا شتێک نامێنێت بە ناوی شوێنەواری قەڵای خورماڵ، بەڵکوو هەمووی دەڕواتە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژووە و دەبێت هەر بوترێت قەڵایەکی لەو شێوەیە لە خورماڵ هەبوو، لە کاتێکدا دەکرێت ئەم قەڵایە بکرێتە ناسنامەیەک بۆ خورماڵ و ناوچەی هەورامان.
ئەو مێژووناسەی ناوچەی هەورامان ئەوەشی وت: قەڵای خورماڵ لە ڕووی مێژووییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ نەتەوەی کورد، چونکە بەدرێژایی مێژوو یەکێک بووە لەو قەڵایانەی کە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ سەدە بووەتە پاڵپشتییەکی سەرەکی بۆ دامەزرانی میرنشینە کوردییەکان و شۆڕشە جیاوازەکانی گەلەکەمان، بەتایبەت #میرنشینی ئەردەڵان# بۆ درێژەدان بەدەستەڵاتەکەی بەتەواوەتی پشتی بە قەڵای خورماڵ و زەڵم بەستبوو، ئەوە سەرەڕای ئەوەی لە زۆرێک لە پەیماننامەکانی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکاندا ناوی قەڵای خورماڵ هاتووە.[1]